ئێران دەڵێت بەرپرسێکی سوپای پاسداران لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە سوریا گیانی لەدەستداوە

سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی پاش برینداربوونی لە هێرشێکی ئاسمانیدا گیانی لەدەست داوە کە پێیانوایە هێرشەکە لەلایەن هاوپەیمانی بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە سوریا ئەنجام دراوە.

حوسێن سەلامی، سەرۆکی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن ئاژانسی فەرمی وڵاتەکە ئیرناوە بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە، ئەحمەدرەزا ئەفشاری لە "هێزەکانی ڕاوێژکاری ئاسمانی" لە سوریا "شەهید بووە بەهۆی برینداربوونی لە هێرشێکی ئاسمانیدا".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دوای هێرشە ئاسمانییەکە، کۆڵۆنێڵەکە لە سوریاوە گواسترایەوە بۆ ئێران بۆ چارەسەرکردن، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕووداوەکە دوو بۆ سێ هەفتە لەمەوبەر ڕوویداوە.

لە کۆتایی مانگی حەوتدا، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە ڕێکخراوێکە بۆ چاودێری جەنگ، ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا سێ چەکداری لایەنگری ئێران لە پارێزگای دێرەزووری سوریا کوژران، کە ئێران لەو ناوچەیەدا کاریگەرییەکی زۆری هەیە.

ئەو ناوچەیە بەردەوام لەلایەن ئیسرائیل و هەندێکجاریش لەلایەن ئەمەریکاوە دەکرێتە ئامانج.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

وتەبێژی هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپی جیهادی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پێکهێنرا، لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە "نە هاوپەیمانییەکە و نە هێزەکانی ئەمەریکا لە هێرشێکی نیوەشەویان لە دێرەزوور ئەنجام نەداوە".

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011ەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئەنجامداوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی پێگەکانی سوپا و چەکدارانی سەر بە ئێرانی کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا گرووپی حزبوڵای لوبنان.

ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشە تاکەکان لە سوریا دەدات کە هاوپەیمانێکی سەرەکی کۆماری ئیسلامییە.

ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کە لە ئێستاوە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە زیاتر بوون کە پاش هێرشەکانی حەماس لە 7ی مانگی دەی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد. دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە 31ی حەوت لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، ناوچەکە ئاڵۆزتریش بووە.

ئێران ئیسرائیلی بە کوشتنی هەنیە تۆمەتبار دەکات و بەڵێنی تۆڵە سەندنەوەی کردووە.

سەرچاوە: فرانس پرێس، ڕۆیتەرز