ئەنجومەنی باڵای فەتوا: لە باربردنی کۆرپەلە حەرامە، جگە لەو حاڵەتانەی بە ڕاپۆرتی پزیشکی بڕیاری لەسەر دەدرێت

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ڕووی شەرعەوە ڕێگە نادرێت و حەرامە کۆرپەلە لە باربردن، هیچ جیاوازییەکیش لەم حوکمەدا نییە "گەر بە شەرعی دروستبووبێت یان نا،" چونکە کۆرپەلەکە هیچ تاوانێکی نییە و مافی ژیان و ڕێزو بەخێوکردنی هەیە تەنانەت ئەگەر "بە نا شەرعیش لە دایک ببێت".

بە گوتەی پسپۆرانی دەرمانسازیش، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر دەرمان بۆ کۆرپەلە لەباربردن بەکاردەهێنرێت و ئەو دەرمانانەش بە شێوەی قاچاخ دەهێنرێنە کوردستان و عێراق، کە ئەوەش پێچەوانەی یاسایە و مەترسیشە بۆ سەر ژیانەی دایکەکە.

دکتۆر حەسن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند،" ئەگەر پێش تەوابوونی تەمەنی چل شەوی دەرکەوت بە ڕاپۆرتی دروستی پزیشکی کە کۆرپەلەکە دووچاری نەخۆشی سەخت بووەتەوە وەک شەلەل دەماغ یان داون یان شێرپەنجەی خوێن یان هەر نەخۆشییەکی تر کە چارەسەرکردنی لە ڕووی پزیشکییەوە ئاستەم بێت، ئەوا دروستە پاش ڕەزامەندی دایک وباوک کۆرپەلەکە لە بار ببرێت."

وتیشی،" لە حاڵەتێکی دیکەدا گەر کۆرپەلەکە پێش ئەوەی چوار مانگ تەواو بکات بە پێی راپۆرتی دروستی پزیشکی دەرکەوت بوون و مانەوەی لەسکی دایکیدا زیانێکی ڕاستەوخۆیی دڵنییایی دەبێت بۆ سەر ژیانی دایکەکەی، ئەوا لەسەر مەزهەبی پێشەوا ئەبو حنيفە ڕ.خ دروستە لە ناوببرێت، چونکە ژیانی دایکەکە لە پێشترە لە ژیانی ئەو کۆرپەلەی لە سکیدایە کە هێشتا نەهاتووەتە دونیاوە و ئێمەش لە ئەنجومەنی باڵای فەتوا فەتوامان پێداوە."

بابەتی لەباربردنی کۆرپەلە بە شێوەیەکی نایاسایی جارێکی تر بووەوە جێگای مشتومڕ پاش ئەوەی ڕۆژی 23ی مانگی شەشی 2024، عەقیدێکی پۆلیس لە نێو گۆڕستانێکی هەولێر گرتە ڤیدیۆیەکی لە سۆشیال میدیادا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ژمارەیەکی زۆر کۆرپەلەی لەبارچوو ڕۆژانە لە ناو بوتڵی شوشە و لە لایەن کەسێکەوە لە گۆڕستانێکی شاری هەولێر ژێرخاکدەکرێن.

عەقیدی پۆلیس کاروان خۆشناو دوای دوو ڕۆژ لە ڕووداوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای ئاگادارکرامەوە بەبوونی حاڵەتێکی نامۆ لە گۆڕستانی ئیمام محەمەد بەرامبەر منارە، کە چوومە ئەوێ دیمەنەکان تووشی شۆکیان کردم و هەر کە خاکەنازێکت لە ئەرزەکە دەدا، کۆمەڵێک کۆرپەلەی لە بارچوو لەنێو شووشە دەهاتنە دەرەوە، دەستبەجێ پەیوەندیم بە وەزارەتی تەندروستیەوە کرد و پێمگوتن، ئایە لە بارچوونی کۆرپەلە دەکرێت خەڵک بینێژێت؟ ئەوان گوتیان نەخێر لەلایەن پزیشکی دادەوە هەڵدەستن بەو کارە."

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمیش دوو ڕۆژ پاش ئەو قسانەی عەقید کاروان خۆشناو، ڕۆژی 25ی مانگی شەشی 2024 ، ڕاگەیەندراوێکی بە پەلەی بڵاوکردەوە و وتی بەدواداچوون دەکەین لەسەر "ڕاستی و دروستی و هۆکار و ئاستی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی لە دیاردەی لەبارچوونی کۆرپەلە و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پاشماوەی لەبارچوون تایبەت بە هەواڵ و بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیا."

وەزارەتی تەندروستی هەر ئەوکات بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆلینەوەی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بۆ گەیشتن بە دەرەنجام و دەستنیشانکردنی سەرپێچیکاران و وەرگرتنی ڕێککاری یاسایی و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لەدەرئەنجامەکان.

دواتر دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا وتی،" ئیوە یەکەم کەسن پرسیار لەسەر ئەو حاڵەتە دەکەن و بەدواداچوونمان کردووە و دەرئەنجامەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاشکرا دەکەین." بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دەرئەنجامەکان ئاشکرا نەکراون.

دکتۆر یاد حەمید، پزیشکی پسپۆری دەرمانساز بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە شێوەیەکی گشتی لە جیهاندا دوو جۆر دەرمان هەیە زیاتر بۆ لە باربردنی کۆرپەلە بە کاردەهێنرێن ئەویش بریتین لە ( Mifepristone و Misoprostol ) بەڵام داخەوە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق وەک زۆریەک لە دەرمانەکانی دیکە بە قاچاخ ئەو دەرمانانە لە بازاڕ و دەرمانخانەکاندا هەن و بە قاچاخ دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، نەک تەنها لە نۆرینگەکان بەڵکو لە خەڵکی دیکەش دەستیان دەکەوێت."

وتیشی،" بێگومان کە هەر خەڵکیش دەستی گەشت بە دەرمانەکان ئەوەش مەترسی زۆر لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان دروست دەکات، بەو پێیەی زۆریەک لە هاووڵاتیانی ئێمە لە کوردستان موسڵمانن و باوەڕدارن و لە ڕووە شەرعەوە ڕێگە پێنەدراوە کە کۆرپەلە لە بارببرێت لە حاڵەتیکدا گەر لەلایەن لیژنەی تەندورستی و لیژنەی فەتواوە بڕیار بدرێت."

لەسەر لە باربردنی کۆرپەلە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

دکتۆر حەسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای کوردستان ڕاشیگەیاند،" ئەگەر پێش تەمەنی چوار مانگی دەرکەوت بە یەقین کە کۆرپەلەکە دووچاری نەخۆشیە سەختەکان بووەتەوە لە نمونەی ئەوانەی باسمان کردن و چارەسەریشیان نییە پاش لەدایکبونیان ، ئەوا گەر دایک و باوکی سەبریان نەبوو فەتوامان داوە کە دروستە لە باربردنی دیسان بەپێی تەقلیدی مەزهەبی پێشەوا ئەبو حنيفە، چونکە لە مەزهەبی خۆماندا واتە پێشەوا ئیمامی شافیعی ڕ.خ دروست نییە و پێویستە دایک و باوک خۆڕاگربن، چونکە زۆر جار دەرکەوتووە کە پشکنینی سۆنەر هەڵە بووە و منداڵەکە هیچ کێشەی نەبوەو پاشتر بووەتە خەباتێکی یەکجار گەورە بۆ خانەوادەکەیان، ئەم فەتوایەش کە گوتمان بۆ هەموو کەس و هەموو حاڵەتێک نییە."

وتیشی،" پاش تەواوبونی چوار مانگ بە هیچ شێوەیەک دروست نییە لە باربردنی منداڵ، چونکە ڕۆحی مرۆیی دەکرێت بە بەریدا و حوکمی وەک کوشتنی کەسێکی زیندوو وایە،هەروەها حەرامە لە باربردنی کۆرپەلە لەهەر تەمەنێکدا بێت لەسکی دایکیدا بە هۆکاری تر وەک لایەنی ئابوری یان زۆری تاکەکانی خێزان یان عورف و عادەتی ناموسوڵمانان."

لە هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا لەباربردنی کۆرپەلە ڕێگە پێنەدراوە و هیچ پزیشک و پەرستیارێک بۆیان نییە هەستن بە لەباربردنی کۆرپەلەکە، چونکە سزای توندی بۆ دیاریکراوە، بەڵام وەک دەوترێت لێرەو و لەوێ لە ڕێگای دەرمانی قاچاخەوە ئەوانەی کە کۆرپەلەکانیان بەهەر هۆکارێک ناوێت لەباری دەبەن.

هاووڵاتییەکی ئافرەت کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەوەی بەدەنگی ئەمەریکا وت،" زۆرینەی ئەوانەی کە منداڵیان ناوێت یان بە شێوەی ناشەرعی منداڵیان دروستکردووە، پەنا دەبەنە بەر شاری کەرکوک بۆ دەستکەوتنی ئەو جۆرە دەرمانانەی کە بۆ لەباربردن بەکاری دەهینن، چونکە لەوێ زۆر بەئاسانی دەست دەکەوێت."

دکتۆر یاد حەمید، پزیشکی پسپۆری دەرمانساز هۆشداریدەدات بە حکومەتی هەرێم و عێراق و لە مەترسیەکان ئاگاداریان دەکاتەوە و ڕاشیگەیاند،" بەداخەوە لە کوردستاندا ئەو دەرمانەی کە هەیە، تەنانەت گەر هاتوو لە لایەن لیژنەی تەندروستیەوە بڕیاریشدرا بە لابردنی کۆرپەلە پێویستە لە نەخۆشخانە حکومییەکان لە بارببرێت و لەژێر چاودێری پزیشکانی پسپۆری ژنان و لە دایکبوون و لە ژێر چاودێری پزیشکانی دەرمانساز ئەو دوو جۆرە دەرمانانە بەکارهێنرێت بکرێت، تا ژیانی دایکەکە سەلامەت بێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق ڕێکاری توند بگرنە بەر، چونکە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان."

Your browser doesn’t support HTML5

دیار جەمال