دوای نزیکەی هەشت مانگ، دواجار حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکوک پێکهێنرا بە دانانی پارێزگار کە گرێ کوێرەی پێکهێنانی ئەو حکومەتە بوو. بەڵام ئێستا دەنگی ناڕازی بەشێک لە لایەنەکان دەبیسترێت و تەنانەت ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ئەم مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەو شاری کەرکوک ئەنجامدرا لە بەرامبەر هەڵبژاردنی پارێزگار. بەرەی تورکمانیش دوێنێ چوارشەممە سکاڵای لە دادگای فیدراڵی دژ بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ ئەنجام دا، ئەمە سەرەڕای ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی نێو پێکهاتەکان، لەوانە ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی کە نیگەرانی هەیە لەوەی دۆخی پارێزگاکە بەرەو ئاڵۆزی بەرێت و چارەنووسی کەرکوک بەرەو ئایندەیەکی نادیار ببات.
دەپرسین:
بۆچی لایەنەکانی کەرکوک و پێکهاتەکان نەیانتوانی دوای هەشت مانگ پێکەوە بگەنە ڕێککەوتن کە هەموویان لەسەری کۆک بن؟
ئەم ناکۆکی و گرفتانە چارەنوس و ئایندەی شارەکە بەرەو کوێ دەبات؟
کێشە و گرفتەکان چین و چۆن چارەسەر دەکرێن؟
خەڵکی کەرکوک لەکوێی ئەم دووبەرە دابەشبونەی پارێزگاکەن؟
ئەگەر پارێزگار هەڵنەبژێردرایە لە کۆتا ڕۆژی وادەی یاسایی کە 10 ی ئەم مانگە بوو، ئەی چارەسەری بەدیل چی دەبوو بۆ شارەکە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
نەجات حسین، کەسایەتی سەربەخۆی تورکمان.
محەمەد نەسرەدین، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە کەرکوک.
Your browser doesn’t support HTML5
نەجات حسێن:
هەژدە پۆست لە کەرکوک هی تورکمانە لەوانە جێگری پارێزگار و یاریدەدەری پارێزگار و ڕواێژکاری پارێزگار و کۆمەڵێک پۆستی تریان هەیە بەڵام نکۆڵی دەکەن و دەیانەوێت لەگەڵ خەمیس خەنجەر و ڕاکان سەعید بن، ئێمەی میللەتی تورکمان بەرژەوەندیمان لەوەدا نییە خەمیس خەنجەر ببێت بە پارێزگار یان نا، بەڵکو بەرژەوەندیمان لەوەدایە ئەو بەپێی شایستەی هەڵبژاردنی خۆمان ئەو پۆستانە وەربگرین پارتی مافی خۆیەتی بڵێت پەراوێز خراوین بەڵام تورکمان بۆچی دەبێت ناڕەزایەتی دەرببڕێت !
تورکمان هاوپەیمان بوون وەکو هاوپەیمانی سیانی ڕاکان سعید و جەبهە-بەرەی تورکمان و پارتی کە داوایانکردووە خۆیان حکومەتی خۆجێی پێکبهێنن من قەناعەتم بە کێشە هەیە لە کەرکوک، بەڵام با تورکمان لایەن نەبێت لەو کێشەیە، ئەگەر ئێمە پۆستەکانیش خۆمان وەربگرین ئینجا برا عەرەبەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن با بچن لای وەصفی عاصی کە سەرۆک کوتلەیە کێشەی نێوان هەردوولا چارەسەر بکەن ئێمەی تورکمان بەرژەوەندیمان نییە دەستێوەردان بکەین حەوت مانگ پێشتر برادەرانی یەکێتی وتیان وەرن لەگەڵمان بن ئەو کاتە پارتی لەگەڵ یەکێتی بوو پێیان وتین سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ تورکمان بێت بەڵام گروپی جەبهە-بەرەی تورکمانی رەتیان کردەوە و قبوڵیان نەکرد لەبەرئەوەی خەمیس خەنجەر لە دوای هەڵبژاردنەکان چوو بۆ تورکیا و تەنانەت لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان کۆبوونەوەی کرد، وتیان خەمیس خەنجەر چی دەکات ئێوە لەگەڵی بن واتە بەرژەوەندی تورکمان بەستراوە بە گروپی خەمیس خەنجەر کە ئەمەش هەڵەیە لە سیاسەتدا
پێداگری تورکمان ئەوەیە کە کێشەی پۆستەکانی نییە بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەبێت خەمیس خەنجەر و پارتی بێنە ناو حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەڵام من دەڵێم تورکمان یەکەمە ئەگەر من کاربەدەست بوومایە حەوت مانگ پێش ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکم وەردەگرت بۆ تورکمان کە شایستەیەتی پانزە ساڵ لەمەوپێش برا عەرەبەکان و برا کوردەکان وتیان وەرن جێگری پارێزگار بۆ ئێوە دەبێت بەڵام ئێمە ئەو کات بایکۆتمان کرد هەمان بەرە وتیان ناڕۆین مەگەر لەگەڵ عەرەب نەبێت کە بەرژەوەندی تورکمان بوو بەقوربانی بۆ برا عەرەبەکان ئێمەی تورکمان کێشەمان نییە ئەگەر پارێزگار عەرەب بێت یان کورد بێت گرنگ ئەوەیە جێگری پارێزگار و چەندین پۆستمان هەبێت و دوای بەرژەوەندی خۆمان دەکەوین.
یانزەی مانگ دوا وادە بوو پێیان وتین سەرۆک وەزیران بۆخۆی پارێزگار دادەنێت لە دەرەوەی کەرکوک دواتر کەی ڕێککەوتن کرا لەسەر پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا ئەوکات وەرنەوە پۆستەکان وەربگرنەوە ناکۆکی سیاسی با لە ناو قاعەی ئەنجوومەن بێت نەک ناکۆکیەکان بخەنە ناو میللەت، خەڵکی کەرکوک بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە خزمەتگوزاریی دەوێت لە کارەبا و تەندروستی و ڕێگەوبان بەڵام کێ جێبەجێی دەکات ئەوە بەندە بە شایستەی هەڵبژاردنەوە من وەکو نەتەوەی تورکمان شایستەی هەڵبژاردنم هەیە بۆیە پێویستە مامەڵەی ئیجابی بکەم لەگەڵ حکومەتی خۆجێی کەرکوک، پێویستە پەیوەندی سیاسیەکان بەهێزبێت ئیتر کێشە نییە حزبە سیاسیەکان ناکۆکیان هەیە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نوێنەرایەتی هەموو میللەت دەکات بەڵام یەکەمجار میللەتی خۆی ئەویش بەرژەوەندییەکانی خۆی بە پەیوەندی باش لەگەڵ پارێزگار و جێگری پارێزگار بەدەست دەهێنێت بەداخەوە سیاسیەکانی تورکمان ئەوە ماوەی بیست ساڵە هەر لەپۆستی خۆیانن، پارێزەرەکانمان فاشلن لە بەرگری کردن لە دۆزی ڕەوای میللەتی تورکمان تورکمان پێویستە بەشدار نەبێت لە ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی بەڵکو پێویستە تەنها بەرژەوەندی خۆی لەبەرچاو بگرێت من سیانزە ساڵ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بووم و نوێنەری میللەتی تورکمان بووم، بۆچونم وایە برادەرانی بەرەی تورکمانی سیاسەتیان تەواو نییە چونکە بەرژەوەندی تورکمان بەدەست ناهێنن، میللەتی تورکمانی شیعە 80% قەناعەتیان نییە بە بەرەی تورکمانی چونکە دەڵێن بەرەی تورکمانی هی تورکیایە میللەتی تورکمانی شیعە پێویستە یەک بەرەی تایبەت بە خۆیان پێکبهێنن ئینجا دوای هەڵبژاردن بەیەکەوە دەچن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا بەڵام با یەک لیستس شیعەمان هەبێت و حزبە ئیسلامیەکانیش بێنە ناو ئەو بەرەیە هەتا دەنگەکانمان لەملاولا ون نەبن، ئەم ناڕەزایی و خۆپیشاندان و شتەی هەیە وەک گەردەلولێک وایە چەند ڕۆژێکە تێدەپەڕێت و نامێنێت.
ئەحمەد عەسکەری:
بە گشتی خەڵکی کەرکوک زۆر دەمێکە چاوەڕێی ڕۆژێکی وا دەکات و خۆشحاڵن کە ئیدارەیەک پێکبهێنرێت چونکە پارێزگار و جێگری پارێزگار حەوت ساڵە بە نایاسایی بەڕیوە دەبرێت کە کەرکوک لە زۆر خزمەتگوزاریی بێ بەش بووە.
ئەوانەی ناڕەزایەتیان دەکرد لە کەرکوک نەیاندەویست بەرژەوەندی کەرکوک بچێتە پێشەوە دیار بوو جۆرێک لە (ئەجیندا) ی چەند وڵاتێک هەبوو کە نەیاندەویست لە کەرکوک ئەو ئیدارەیە سەربگرێت بەداخەوە لایەنی کوردیش بەشدار بوو لەوەدا لەگەڵ لایەنی تورکمان و هەندێک لایەنی عەرەبی ئەو ناڕەزایەتی و بایکۆتانەی کە لە کەرکوک ناو بەناو بوونی هەبووە لە پێشووتردا هەموو جارێک هەم بە زیان بۆ کەرکوک گەڕاوەتەوە و هەم بۆ ئەو لایەنەی بایکۆتی کردووە لە بیست ساڵی ڕابردوو لە کەرکوک زۆرترین چارەسەری کێشەکان کراوە لە ڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە ، تێگەیشتن هەبووە لەڕێگەی ئیدارەکانیەوە چارەسەر دەکرا بەڵام بەداخەوە ئەو ئەجێندا دەرەکیانەی هەیە ناهێڵێت خەڵکی کەرکوک بحەسێتەوە، هەرکەسێک بەپێی شایستەی هەڵبژاردنی خۆی وەریدەگرێت بەڵام گوێ گرتن لە ئەجێندا دەرکیەکان بارودۆخەکان دەشوێنێت.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوای لەهەموو لایەنەکان کردووە کە بێن لە یەک بەرەدا کۆببنەوە پێموایە ئەوکاتە کورسیەکی زیادەش دەهات بەڵام بەداخەوە گوێیان ڕانەگرت و یەکگرتنیان لەگەڵ لایەنەکانی تردا پێ باشتر بوو لەو یاسایانەی کە هەیە زۆرینەی پێکهاتە بۆی هەیە یەکەم پۆست ببات دووەمیش دەتوانێت دووەم پۆست ببات و سێیەمیش بۆ سێیەم پۆست ئینجا دواتر پۆستەکانی تر هەر لایەن بەپێی ژمارەی کورسیەکانی خۆی بەڵام بەداخەوە پارتی دیسانەوە ئەو هەلەی لە کیسی کوردا ناچار بەوشێوەیە دروستبووە کە ئێستا هەیە.
محەمەد نەسرەدین:
ئەمڕۆ کەرکوک پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ سیمای ئەو قۆناغەش ئەوەیە کە ئێمە بۆ یەکەمجار دەبینە خاوەنی حکومەتێکی خۆجێی کە هیچ پێکهاتەیەک ناتوانێت پێکهاتەکانی تر پەراوێز بخات سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک بەشداری دەسەڵاتن و سەرجەمیان دڵخۆشن بەوەی کە کەرکوک بوو بە خاوەن ئەنجوومەنێک و خاوەن پارێزگارێک کە (پارێزگار) ی هەموو کەرکوکیەکانە نەک پارێزگاری حزبێک بێت ئەوەی کە هەیە ناکۆکی پێکهاتەیی و ناکۆکی نەتەوەیی نییە بەڵکو ناکۆکی سیاسیە، ئێمە وەکو نەتەوەی کورد بەشدارین لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەڵام ئەوە حزبی سیاسی کوردی یە بەشدار نییە
عەرەبیش وەکو نەتەوە بەشدارە کەواتە سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک بەشدارن لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک، پارێزگار و حکومەتی خۆجێی بەرهەمی پرۆسەیەکی دیموکراسی دەنگدان بووە هیچ لایەنێک لەم حکومەتە نوێیەدا ناتوانێت لایەنەکانی تر پشت گوێ بخات و تاکڕەویش لە حوکمڕانی کەرکوک دا کۆتایی پێهاتووە هەم وەکو بزوتنەوەی گۆڕان و هەم وەکو تاکێکی کورد دڵمان خۆشە بەم دەستپێک و سەرەتایە و هۆکاریش بین بۆ سەرخستنی ئەو حکومەتە خۆجێیە ئەوەی خۆپیشاندانی کردووە لە کەرکوک لایەنی سیاسی بووە نەک هەموو پێکهاتەکە بۆنموونە ئێستا لەناو کوردا پارتی ڕازی نییە بەو حکومەتە بەڵام یەکێتی ڕازییە بەو حکومەتە و لەناو عەرەبیش نیوەی لایەنە عەرەبیەکان بەشدارن، ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن لە کەرکوک نوێنەرایەتی پێکهاتەکان ناکەن بەڵکو نوێنەرایەتی لایەنی سیاسی دەکەن لەناو پێکهاتەکانی کەرکوک، ئەوانەی ناڕازین لەم حکومەتە خۆجێیە پێیان وایە بەرژەوەندیان لەم حکومەتەدا نییە بەڵام ئەگەر پارتی و هاوپەیمانەکانیان هەوڵی دروستکردنی ئەم حکومەتەیان بدایە و سەرکەوتوو بوونایە ئێستا بە شان و باڵای ئەم حکومەتەیان دەدا تورکمانی شیعە لەگەڵ ئەم حکومەتە خۆجێیەن و نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری تورکمانی شارەکە دەکەن بۆیە زۆر ئاساییە کە لایەنێکی سیاسی هەبێت ئەم پرۆسە سیاسیەی پێ هەزم مەکرێت بەشێک لەو ناکۆکیە سیاسیانەی کە هەیە لە کەرکوک زۆر پەیوەست نەبووە بە کەرکوکەوە بەڵام گواستراوەتەوە بۆ کەرکوک ئێمەی کەرکوکیەکان باجی ناکۆکییەکانی دەرەوەی کەرکوکمان داوە، ئەو ناکۆکیانەی پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر کەرکوک هەروەها عەرەبەکانیش لە ناکۆکی قوڵی پۆستی یەکلاکردنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا ، تورکمانی شیعە و تورکمانی سونەش ئەوانیش ناکۆکی سیاسیان هەیە
خەڵکی کەرکوک مافی خۆیەتی نیگەران بێت لەململانێی یەکێتی و پارتی چونکە بوونی ناکۆکی لەسەر کەرکوک کە پرسێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیە زیان دەگەیەنێت بە کەرکوک ئەگەر یەک لیستی هەڵبژاردنمان دروست بکردایە ڕەنگە بمانتوانیایە کورسی زیاترمان بهێنایە ئێمە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوە بووین یەک لیست هەبێت کاتێک سەیرمان کرد ناکۆکی سیاسی بەتایبەتی لەنێوان یەکێتی و پارتی ناهێڵێت هەموو کورد ببێتە بە یەک لیست بۆیە پێمان باشتر بوو بەشدار نەبین وەکو لیست بۆئەوەی چەند هەزار دەنگێکی کورد نەڕوات کە ناگاتە ئاستی کورسی ئێمە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان لە کەرکوک لیستمان نەبووە بۆئەوەی لە دەنگی کورد کەم نەکەینەوە.
هەر تاکێکی کورد ئەوەی بە دڵ نەبێت کە کورد سەری لوتکەی دەسەڵات لە شاری کەرکوکدا وەربگرێتەوە من گومانم هەیە لە نیشتیمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ شاری کەرکوک چونکە جارێکی تر ئەستەمە کورد بتوانێت لە ڕێگەی سەربازییەوە دەست بەسەر کەرکوکدا بگرێت ئێستا لە ڕێگەی دەنگدان و دیموکراسیەوە کورد دوبارە بۆتەوە بە پارێزگار بۆیە من پێم سەیرە لایەنی سیاسی کوردی هەبێت دژی ئەمە بێت.