نوێنەرێکی تاقانەکانی ئەنفال لە هەرێم بۆVOA: بندیوارێک لەم هەرێمە ماف و ئیمتیازاتی لە تاقانەیەکی جینۆساید زیاترە

تاقانەکانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران لە هەرێمی کوردستان دروستکردنی ناسنامە بۆیان لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم ڕەتدەکەنەوە و نوێنەرێکی تاقانەکانی ئەنفالیش ڕایدەگەیەنێت،" ئەو ناسنامەیە هیچ سودێک بە تاقانەکان ناگەیەنێت، هەروەها بندیوارێک لەم هەرێمەدا ماف و ئیمتیازاتی لە تاقانەیەکی جینۆساید زۆر زیاترە."

بەختیار مەحمود نوێنەرێکی تاقانەکانی ئەنفال لە هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تاقانەی ڕاستی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران لە هەرێمی کوردستان تەنها 170 تاقانەیە، کەچی بە دەرکردنی یاسایەک لە ساڵی 2015 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، ژمارەی تاقانەکانی گەیاندە چەند هەزار کەسێک."

وتیشی،" ئێمە دوو گرفتمان لەگەڵ یاساکەی پەرلەماندا هەیە، یەکەم شێوازی پیناسەکردنە بۆ تاقانەی جینۆساید، ئێمە بە شێوەیەک داوامانکرد پیناسە بۆ تاقانەی جینۆساید بکرێت کە بووترێت تاقانەی جینۆساید ئەو کەسەیە لە ساتە وەختی هەردوو تاوانی ئەنفال و کیمیاباراندا بە تەنها خۆیی ڕزگاری بووبێت و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی لە دەستدابێت کە بریتی بێت لە دایک و باوک و خوشک و برا، بەڵام لە پەرلەمان ئاماژە بەوە نەکراوە خێزان کێیە، بۆیە تاقانەی خێزانداریشیان زیادکرد بۆنموونە پیاوێک هاوژینەکەی لە دەستدابێت یان منداڵەکانی ئەویش کراوە بە تاقانە، خەڵک هەیە بەس دەستگیرانەکەی لە دەستداوە خاوەن حەوت بۆ هەشت خوشک و برا و دایکە وەکو ئێمە ئەبێتە تاقانە، ئەمەش ناکرێت بۆیە داوای هەمواری یاساکە دەکەین."

لە ڕۆژی 23ی مانگی شەشی ساڵی 2015، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی ژمارەی 17دا پرۆژەی یاسای ژمارە 9 ی یاسای ماف و ئیمتیازاتی تاقانەکانی جینۆسایدی پەسەندکرد. یاساکە لە هەشت ماددە پێکهاتووە و لە مادەی یەکەم تاقانەکانی بەم شێوەیە پێناسە کردووە و دەڵێت،" تاقانەی جینۆساید ئەو کەسەیە لە کاتی ڕوودانی تاوانەکانی جینۆساید دژ بە گەلی کوردستان، پاش شەهیدکردنی سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی بە تەنها ڕزگاربووبێت."

بەڵام بەگوتەی تاقانەکانی ئەنفال و کیمیاباران کە یاداشتێکیان دەرکردووە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە ئەو پێناسایە بە هەڵە وەسف دەکەن و داوا دەکەن لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمدا یاسای جینۆسایدی تاقانەکان هەموار بکرێتەوە و پێناسەکە ڕاست بکرێتەوە و دیاریبکرێت تاقانە کێ دەگرێتەوە نەک بەم شێوەیە بێت و بە هەزارن کەسی دیکە بکرێن بە تاقانە، هەروەها ماف و ئیمتیازاتیان هەبێت.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر بوونی یاساکە و نیگەرانی تاقانەکان، پەیوەندی بە وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

ڕۆژان محەمەد کەریم، ئەندامی خولی پێنجەم لە لیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیان سیاسی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە خولی چوارەم یاساکە دەرچوو، ئێمە وەکو لیژنەکەمان لە خولی پێنجەم لەگەڵ نوێنەرانی تاقانەکان کۆبووینەوە تا بتوانین یاساکە هەموار بکرێتەوە، بەڵام هەندێک گۆڕانکاری هاتە پێش نەتوانرا یاساکە هەموار بکرێتەوە، چونکە تاقانەکانی جینۆساید دەبێت وەکو ڕەمزێک بن و بناسرێن نەک زۆریەکی تر ببن بە تاقانە."

وتیشی،" کێشەکە لە پێناسەی تاقانەی جینۆساید دایە، ئەوەش کێشەی دروستکردووە بۆ زیادبوونی ژمارەی تاقانەکان و حکومەتیش ئەوکات ڕەنگە نەتوانێت ماف و ئیمتیازاتی تەواوی تاقانەکان دابین بکات، هەروەها پێویستە لەگەڵ هەموارکردنەوەی ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە دیاریکراوە لە یاساکە وەک خۆیی جێبەجێبکرێت."

بە پێی ئامارێکی کۆمەڵەی تاقانەکان، لە سەرەتا سەری هەرێمی کوردستان بە جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانەوە تەنها 170 تاقانە لەژیاندان و سەرجەم ئەوانەی دیکە کە کراون بە تاقانە خوشک یان دایک یان باوک و برایان لەژیاندا ماوە، بۆیە داوای ڕێکخستنی دەکەن، هەروەها نیگەرانیشن لەوەی لە یاساکەی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە پێویستە مەدالیا ڕێزلێنان بە تاقانەکان ببەخشرێت، بەڵام بەگوتەی نوێنەرێکی تاقانەکان،" تا ئێستا ئەو مەدالیایە بە تاقانەکانی جینۆساید نەبەخشراوە."

بەختیار مەحمود نوێنەرێکی تاقانەکانی ئەنفالە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی خێزانەکەی کە بریتن لە دایک و باوک و دووبرا بەر جینۆسایدی ئەنفال کەوتوون ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،"هیچ ماف و ئیمتیازاتێک بۆ تاقانەکانی جینۆساید نیە و بندیوارێک بە پێی یاسا لەم هەرێمە زیاتر لە ئێمەی تاقانە سودمەندەترە."

وتیشی،" پێشووتر کە یەکێک لە ئێمە کۆچی دوایی بکردایە هیچ وارسیک نەبوو موچەکەی وەربگرێت و منداڵەکانمان بێبەش دەبوون، بەڵام لە یاساکە دیسانەوە زیانمان پێگەشتووە سەرباری ئەوەی ئێمە خاوەنی زۆرترین قوربانین هاتووە گەر تاقانەیەکی جینۆساید کۆچی دوایی بکات، خودی تاقانەکە بە شەهیدی جینۆساید دادەنرێت، ئەوکات منداڵەکانمان تەنها 450 هەزار دینار وەردەگرن، خۆی دەبوو 900 هەزار وەربگرن، هەروەها لە یاساکەدا باس لە پێدانی مەدالیا دەکات بۆ تاقانەکان کەچی ئەویش نەکراوەن لەگەڵ هەندێک ماف و ئیمتیازی دیکە کە جێی نەکراوەتەوە لە یاساکەدا."

ئەمەش ببینە دیار جەمال