بیست و یەک ساڵ بەسەر هێرشە کوشندەکەی سەر بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا تێپەڕ دەبێت

بەشێک لە بەرپرسانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە بەشدارییان لە یادی 21هەمین ساڵیادی هێرشێکی کوشندە بۆ سەر بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان له بەغدا کرد.

هێرشەکە بە کوشندەترین هێرش هەژمار دەکرێت بۆ سەر کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مێژوودا.

لەم هێرشەدا کە لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق ڕوویدا، 22 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێویاندا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، سێرجیۆ دیمێڵ گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر هۆتێلێک لە بەغدا کە ئەو کات بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.

لە شوێنی هێرشەکەدا مەڕاسیمێکی ڕێزلێنان بۆ گیانی قوربانیانی ڕووداوەکە بەڕێوەچوو، کە لەو کاتەوە کراوەتە ناوەندێکی چاکسازی.

کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و یارمەتیدانی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و سەرۆکی نێردەی یونامی بە وەکالەت، بە یاوەریی حازم عەبدولخالق کە یەکیکە لە ڕزگاربووانی ڕووداوەکە، سەردانی شوێنی تەقینەوەکەیان کرد و سەری ڕێزو نەوازشیان بۆ گیانی 22 کارمەندی یونامی دانەواند کە لە بەغدا و لەو ڕۆژەدا لە پێناو خزمەتکردنی ئاشتی گیانیان سپارد

لە 19ی مانگی هەشتی ساڵی 2003 بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر هۆتێل قەنات لە بەغدا کە ئەو کات بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە عێراق و بووە هۆی کوژرانی 22 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێویاندا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، سێرجیۆ دیمێڵۆ.