لە هێرشێکی درۆنیدا و لە نزیک گوندی تەپەڕەش لە سەر ڕێگای سەرەکی هەڵەبجە – سەیدسادق دوو ئۆتۆمبێل کرانە ئامانج و بەهۆیەوە 2 کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 23ی هەشتی 2024، بەهۆی هێرشێکی درۆن کە دەگوترێت تورکی بووە، دوو ئۆتۆمبێل کرانە ئامانج و بەهۆیەوە 2 کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکە بە برینداری گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە قەزای سەیدسادق. بەگوێرەی زانیاریە سەرەتاییەکان ئەو دوو کەسە کە گیانیان لەدەستداوە ڕۆژنامەوان بوون .
دژەتیرۆری کوردستان بنکە لە هەولێر Kurdistan CTD ، بەیاننامەیەکی لەسەر هێرشە درۆنیەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت،" چەکدارانی پەکەکە لە گوندی تەپەڕەش کراونەتە ئامانج."
لە بەیاننامەکەی دژەتیرۆری کوردستان هاتووە،" فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی تەپەڕەشی قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی یاوەری کوژران."
بەڵام دژە تیرۆری کوردستان بنکە لە سلێمانی CTG Kurdistan، هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچی لە بارەی هێرشەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکە، کەمال حەمەڕەزا، بەڕێوبەری کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕەتیکردەوە کوژراوەکان چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان بن و وتی هەردوو ئەو کەسەی کوژراون لەگەڵ ئەوەشی برینداربووە کارمەندی کۆمپانیای چەترن.
کاروان ئەنوەر،سکرتێری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان - لقی سلێمانی، لە هەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و وتی بەردەوام ئەوان وەک سەندیکای ڕۆژنامەنووسان داوایان کردووە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران بخرێنە دەرەوەی شەڕ و ململانێکان، وە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویداوە خاڵێکی وەرچەرخانە بە دیوە خراپەکەیدا ئەویش ڕۆژنامەوانانیش دەستپارێزییان لێنەکرێت.
کەناڵی ستێرکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان وێنەی کوژراوەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت هێرۆ بەهادین کە کاری مۆنتێری بۆ کۆمبانیای چەتر دەکرد لەگەڵ ڕۆژنامەوانێکی دیکە بە ناوی گوڵستان تارا لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئۆتۆمبێلێکی دیکە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلە بووە کە کراوەتە ئامانج و 3 کەسی دیکەی تێدابووە و سەلامەت بوون. بە وتەی خۆیان ئەوانیش ڕۆژنامەوان بوون.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە لایەنە ئەمنیەکانی قەزای سەیدسادقەوە، بەڵام هیچ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیان لە بارەی هێرشەکە نەدا.