ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: حکومەتی هەرێم نایەوێت موچە بکەوێتە سەر سکەی خۆیی و کێشەکان بە کۆتابێن

دوای پەنجا ڕۆژ لە دواکەوتنی موچەی موچەخۆران، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئوباڵی دواکەوتنەکە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی و دەڵێت،" هیچ پاساوێک نەماوە بۆ نەناردنی موچە" و بە پەڵپ لێگرتنێکی سیاسی دیکە ناو دەبات، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆکارەکە بۆ پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم دەگەڕێنێتەوە و ڕایدەگەیەنێت،" هەرێم هیچ هەنگاوێک نانێت و نایەوێت موچە بکەوێتە سەر سکەی خۆیی تا ئەم کێشەیە بەکۆتابێت."

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی مانگی هەشتی 2024، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەڵەبجە ڕایگەیاند،" هیچ موبەڕڕێک نیە بە ئێمە بڵێن ئەمە هەڵەی ئێوەیە لەم پرسەدا کە بووەتە هۆی نەناردنی موچە، نەخێر شتی وانیە، هەموو داواکاریەکانی حکومەتی فیدراڵ لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە جێبەجێکراون، بە هۆکاری نەڕەوا خەڵکی هەرێمی کوردستان گەشتووەتە ئەم دۆخەکە 50 ڕۆژە موچەکەیان بە دیل گیراوە."

دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاستی نایەوێت موچە بکەوێتە سەر سکەی خۆیی و ئەم کێشەیە کۆتایی پێبێت، ئەو پێیوایە دەبێت موچە لە پێش دەستی خۆیدا بێت و کەی ویستی خەرجی بکات و کەی ویستی پاشەکەوتی بکات و کەی ویستی لێبڕین بکات و کەی ویستی خەرجی نەکات."

وتیشی،" گەر موچە تەوتین بکرێت ئەو کاتە موچە لە 100% گەرەنتی دەبێت و مانگانە دەچێتە سەر هەژماری فەرمانبەران، هەرێمیش پێوایە دەبێت موچە لە دەستی خۆیدا بێت و مانگانە وەک خێر و سەدەقە بیدات بەو خەڵکە کە لە پای ئەرک و ماف و شەو نخوونی خۆیان دەبێت وەریبگرن."

ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاوڵاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە. حکومەتی هەرێم لە بەرامبەردا دەڵێت،" دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی دەبێت لە ڕێگەی سیستەمی هەژماری منەوە بێت." بۆیە تا ئێستا پرۆسەی هەژماری من بەردەوامە و هیچ هەنگاوێک نەناراوە بۆ تەوتین کە حکومەتی فیدراڵ داوای دەکات و خاڵێکی گرفتەکانە.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند،" هۆکاری نەناردنی موچەی فەرامانبەرانی هەرێم، ئەوەنیە 30 هەزار کەس لە لیستی موچەدا زیادکردابێت، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە دیسان دەیگەڕێنێنەوە بۆ پەڵپ لێگرتنێکی سیاسی دیکە، ئەمە برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و هیچ موبەڕڕێکی مەعقول بە دەست ئەوانەوە نیە کە موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕیوە و بەداخەوە ئەمە پێچەوانەی دەستوری عێراق و پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵیە."

وتیشی،" ئێوە ئاگادارن دادگای فیدرالی ڕایگەیاند کە لە هیچ دۆخێکدا نابێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی پرسە سیاسیەکان بکرێت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە دیل بگیرێت و خەڵکی برسی بکرێت، ئەمە بیانوو گرتنێکی ناڕەوایە و پێچەوانەی دەستورە و پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤە و هەموو ئەخلاقێکی سیاسی و ڕێکەوتنە سیاسیەکانە."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر کۆی گرفتەکانی نێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی داراییی عێراق پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی هەرێم و نەرمین عوسمان ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند،"کێشەی نەناردنی موچە ئەتوانم بڵێم زۆر ڕوونە ئەویش بە هۆی ئەوەوەیە خۆمان دەزانین، موچە دوو پاڵپشتی بەهێزی هەبوو یەکەمیان مەسەلەی بابەتی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیە و دووەمیان یاسای بودجە کە دەنگی لەسەر دراوە لە ململانێ ڕزگاری بوو، بەڵام کۆمەڵی ڕێکاری کارگێڕی و ئیداری هەیە کە پێویستە بگیرێنە بەر، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ جێبەجێی بکات، کەچی بە داخەوە ئەتوانم بلێم حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جدی کەمتەرخەم بووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەکو پێویست تەفسیری بۆ نەکرد و مامەڵەی لەگەڵ نەکرد."

وتیشی،" لە 21ی 2ی 2024 ەوە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر موچە دەرچووە کەچی ئەمرۆ کە 25ی مانگی هەشتە، تا ئێستا پرۆسەی تەوتین نەکراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاستی ئامادەنەبوو بیکات، بڕگەی دووەم بریتی بوو لە ڕادەستکردنی لیست و داتا و زانیاری ئەویش بەڕاستی وەکو پێویست هەر ئامادەنەبوو و هەرجارە و بەشێوازیک بوو و پڕ لە هەڵە و کەم و کوڕی و هەر جارە و بەشێوازێکی جیاواز، سێیەمیشان وەکو پێویست ئەتوانم بلێم داهاتی ڕادەست نەکردووە."

ئەو ئەندامە کوردە باسی لەوەشکرد ڕاستە بەغدا پابەندکراوە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەڵام کۆمەڵێک ڕێکاری کارگێری و ئیداری و دارایی هەیە پێویستە هەردوولا بیگرنە بەر. دەشڵێت،" من پێم پیوایە پشکی زۆری کەمتەرخەمیەکە لە نەناردنی موچە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە و بێباکانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارە دا دەکات کە بریتیە لە قووتی خەڵک و بژێوی و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال