زانیاری لەبارەی ئەو بیرە نەوتییانەی سنوری ناحیەی قەرەتەپە کە حەشدی شەعبی دەیەوێت کۆنتڕۆڵیان بکات

بیری نەوتی جالاوخالد

هێزێکی گەورەی حەشدی شەعبی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتی چاڵاوخالدی لە سنوری ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیاندا، ئەو بیرە نەوتییە نزیکە لەو بیرە نەوتییانەی حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆمی ئیماراتییەوە وەبەرهێنانی تێدا بکات بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25 ی مانگی هەشتی 2024، هێزێکی گەورەی حەشدی شەعبی بە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەک و تەقەمەنییەوە سنورەکانی پێشمەرگەی بەزاند و هەوڵیدا لە نزیک بیرە نەوتی چاڵاوخالد خاڵی سەربازی لێبدات.

دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە لەناوچەکە خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو گفتووگۆ لە نێوان هەرێم و بەغدا دروستبوو، هێزەکەی حەشدی لە ناوچەکە کشایەوە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی پێیانوایە کشانەوەکە کاتییە.

عەقید بەختیار بێسەری، فەرماندەی باڵای پێشمەرگە لە کوڵەجۆی سنوری گەرمیان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کاتێک هێزی حەشد جوڵەیان بەرەو سنورەکە کرد، وەزارەتی پێشمەرگە پێیانڕاگەیاندین ئارامی بپارێزین و گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا کراوە بۆ کشانەوەی هێزەکەی حەشد."

هێزەکەی حەشدی شەعبی لە کاتژمێر چواری بەیانی بەرەو بیرە نەوتی چاڵاو خالد جوڵەی پێکراو هەوڵیدا لە ناوچەکە جێگیر ببێت، بەڵام دوای گفتووگۆی نێوان هەرێم و بەغدا هێزەکە کشایەوە.

لەبارەی جوڵەی هێزەکانیان لەسنوری ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان و بەزاندنی سنورەکانی پێشمەرگە، حەشدی شەعبی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاویان ئەنجامداو ئۆپەراسیۆنەکە بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگیرییە وردەکان و چاودێریکردن لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرا، کە شوێنپێی تیرۆرستەکانیان لە چیای قەمەر لە باکوری ڕۆژئاوای ناحیەی قەرەتەپە هەڵگرت."

حەشدی شەعبی دەڵێت،"ئۆپەراسیۆنەکە بە ئەنجامێکی ئەرێنی سەرکەوتووانە کۆتایی هات."

هەرچەندە بیانووی حەشدی شەعبی بۆ بەزاندنی سنورەکانی هێزی پێشمەرگە بوونی چەکدارانی داعشە لەو سنورە، بەڵام فەرماندەکانی پێشمەرگە ئەم پاساوە ڕەتدەکەنەوەو پێیانوایە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتی چاڵاوخالد بووە.

سەرچاوەیەکی حکومی لە سنوری گەرمیان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حەشدی شەعبی بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتی چاڵاوخالد هێزی جوڵاند، چونکە داعش هێندە چەکداری لەو ناوچەیە نییە ئەو هێزە زۆرەی بۆ بجوڵێنرێت."

سەرچاوەکە دەڵێت،"ماوەیەکە مشت و مڕ لە نێوان هەرێم و هێزە عێراقییەکان لەو سنورە لەسەر ئەو بیرە نەوتییانە هەیە."

دوای سنوربەزاندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و جوڵاندنی هێز بۆ سنورەکانی پێشمەرگە، پێگەی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتییەوە بڵاویکردەوە،"هاتنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ سنوری گەرمیان و کێڵگەی چاڵاوخالید، بەبێ ئاگاداری هێزە فەرمییەکانی ناوچەکە بووە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئەو هێزە لەو ناوچەیە بمێنێتەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە بەرپرسێکی باڵای ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە سەرپەرشتی جوڵەی هێزەکەی کردبوو، ئاماژەی بەوەکردبوو بە هەماهەنگی و دوای گفتووگۆ لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێزیان بۆ سنورەکە جوڵاندووە.

رائید رێبوار محەمەد، پلەداری هێزی پێشمەرگە لە ناحیەی کوڵەجۆ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"چەند جارێکە هێزەکەی حەشدی شەعبی دەیانەوێت بێنە ناوچەکە، بەڵام ڕێگریمان لێکردوون."

جوڵەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ بیرە نەوتییەکانی چاڵاوخالید لەکاتێکدایە، لە مانگی هەشتی ساڵی 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق بێ راوێژکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆمی ئیماراتی ئەنجامدا بۆ وەبەرهێنان لە بیرە نەوتییەکانی سنوری ناحیەی قەرەتەپە.

محەمەد حسێن، شارەزای بواری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کێڵگەی چاڵاوخالید کێڵگەیەکی نەوتی کۆنی سەردەمی رژێمی بەعسە، بەڵام پەرە بە نەوتەکەی نەدراوەو حکومەتی عێراق دەیەوێت وەبەرهێنان لە نەوتی ئەو ناوچەیەدا بکات."

ئەو وتیشی،"کێڵگە نەوتییەکانی سنوری قەرەتەپە بەشێکیان لەژێر کۆنترۆڵی عێراقدان و بەشەکەی تریش لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدان، کۆمپانیا ئیماراتییەکەش ئامادەیە بۆ وەبەرهێنان لەو بیرانە، بۆیە ڕوون نییە جوڵەی هێزەکەی حەشد پەیوەندی بەمەوە هەیە یان نە."

جگە لە بیرە نەوتی چاڵاوخالیدی سنوری ناحیەی کوڵەجۆو نزیک لە ناحیەی قەرەتەپە، گومان دەکرێت چەند ناوچەیەکی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپە ناوچەی نەوتی گرنگ بن، بەتایبەت سنوری گوندەکانی شۆکە، ئەبوعلج، خزێفەو گڵابات.

لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو، نوێنەری کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆمی ئیماراتی سەردانی ناوچەکەی کردبوو، وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لە گەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق.

پێشتر وەسفی عەلوان، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو،"قەرەتەپە لە مێژە ژمارەیەکی زۆر بیرە نەوتی تێدایە. وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت وەبەرهێنان لەو بیرە نەوتییانەدا بکات."

بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە کە تورکمانێکی شیعە مەزهەبە وتیشی،"هاتنی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ سنورەکە سودی زۆرە، پاڵاوگە دادەنێن، هەلی کاردەڕەخسێنن و ناوچەکە لەپارەی پترۆ دۆلار سودمەند دەبێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر/ نەوت