دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری بە گرێبەستبوونی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نوێنەری بەشێک لە مامۆستایانی گرێبەست، ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە بڕیارەکە ڕادەگەیەنێت و پێی وایە ئەو بڕیارەی دراوە بڕیارێکی هەڵەیە و لە بەرژەوەندی وانەبێژاندا نییە، چونکە ئەوان داوای دامەزراندنیان کردووە بە هەمیشەیی نەک گرێبەست. دەشڵێت،" بەم بریارەی حکومەت ئەو قوڕەی چەندین ساڵە تێیدا دەتلێینەوە، جارێکی تر بۆیان خەستتر کردینەوە."
کارزان فیزیک یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بڕیارێکی هەڵەدرا بەنسبەت مامۆستایانی وانەبێژەوە کە بڕیاری بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژە، چونکە ئەوە داواکاری ئێمە نەبوو، بەڵکو داواکاریمان دامەزراندن بووە بە هەمیشەیی. مامۆستای وانەبێژ هەیە 15 ساڵە وانەبێژە، پرسیارەکە ئەوەیە ئەم مامۆستایە چەند ساڵی دیکە گرێبەست دەبێت؟ گرێبەستی هەمیشەیی واتە بۆ هەمیشە بە گرێبەستی دەمێننەوە."
وتیشی،" ، خێرە بەرپرسانی هەرێم بە درێژایی 5 ساڵی کابینەی نۆ ئەم بڕیارەیان جێبەجێ نەکرد لە کۆتایی ئەم کابینەیەدا لە سەر وەختی هەڵبژاردن ئەم بڕیارە دەدەن کە خەریکە خوێندن دەستپێدەکاتەوە، لە کاتێکدا پێشتر چەند جارێک داوامان کردووە سەرۆکی حکومەت ببینین رازی نەبوو تەنانەت لەگەڵماندا دابنیشیت،خێرە لە کۆتایی کابینەکە لە کاتی هەڵبژاردن قبوڵی دەکەن."
ئەمڕۆ 25ی مانگی هەشت ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە گرێبەستکردنی 38000 وانەبێژ لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا، بڕیارەکە لە کاتێکدابوو ئەمڕۆ ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا کۆبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد.
وێرای ڕەخنەکانی نوێنەرەکەی مامۆستایانی گرێبەست، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵەی حکومەت بڕیارەکە بە دروست و لە بەرژەوەندی وانەبێژان دەزانێت.
سەرچاوە باڵاکەی حکومەت کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە رووی مەعنەویەوە بڕیارەکە گرنگە و مامۆستایان لە بەگرێبەستکردنیاندا کۆمەڵیک ئیمتیاز و مافیان دەبێت کە پێشتر نەیان بووە."
بڕیارەکەی حکومەت تەنها نارەزایەتی خوودی مامۆستایانی لێنەکەوتۆتەوە، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بە گرنگ بینینی بڕیارەکە، ڕەخنە لە سەرۆکی حکومەت دەگرێت لە کەمتەرخەمبوونی لە جیبەجێکردنی ئەو بڕیارە.
دکتۆرە ڕێواس فایەق سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا لە نوسێنێکدا وێرای پیرۆزبایی لە مامۆستایان دەڵێت،" ئێستا، هیوادارم ئەو ڕاستیە ڕوونبووبێتەوە کە مامۆستایانی وانەبێژ بۆ دامەزراندیان تەنها پێویستیان بە واژۆیەکی سەرۆکی حکومەت هەبوو کە لە پێنج ساڵی ڕابردوو ئامادە نەبوو بیکات - ئێستاش ئەگەرچی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنیش بێت- گرنگ ئەوەیە کە کراوە و مامۆستایان لە دڵەڕاوکێ و نادیاری چارەنووسیان ڕزگاریان دەبێت."
دەشڵێت،" ئەوکات؛ کە بۆ بەلاڕێدابردنی دۆسیەکەیان و پاراستنی حکومەت و چەواشەکردنی نوێنەرانی مامۆستایان و ڕای گشتی، بەرەو پەرلەمان ئاراستە دەکران، ئێمە لە دانیشتنی فەرمی پەرلەمان ڕامانگەیاند:- ( دامەزراندن لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەتە و دەبێت ئەوان بڕیاری لەبارەوە بدەن و لەبەرئەوەی یاسای بودجەی گشتی نەهاتووەتە پەرلەمان ئەگەر هەر 111 پەرلەمانتارەکەش دەنگ بدات بە دامەزراندنیان تەنانەت یەک کەسیش دانامەزرێت."
بە هۆی قەیرانی داراییەوە نزیکەی 11 ساڵە دامەزراندن لە هەرێمی کوردستاندا وەستاوە، لە نیوانیشیاندا 38000 مامۆستای وانەبێژ هەیە کە بەهۆی دانەمەزرادنیانەوە ساڵانە ناڕەزایەتی بەردەوام دەردەبڕن و خۆپیشاندان دەکەن، ئەمڕۆش بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری بە گرێبەستبوونیان درا و بەشێک لەو مامۆستایانەش لە بڕیارەکە ناڕازین بەو پێیەی بڕیارەکە بۆ بە گرێبەستبوونیانە نەک دامەزراندن.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 50 ڕۆژە فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، بەهۆکاری هەبوونی کێشە لە لیستی مووچەی مووچە خۆراندا و بە قسەی نوێنەرانی کوردیش یەکێک لە کێشە سەرەکیەکان "زیادکردنی ناوی نوێیە بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و زیادبوونی بەشە بودجەی هەرێمە لە مانگەکانی ڕابردوو، بەڵام وەزیری پەروەردی هەرێم ڕایگەیاند،" مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە داهاتی ناوخۆ دابەشدەکرێت، نەک پشکی نێردراو لە بەغدادەوە."
بە گرێبەستکردنی 38000 مامۆستا پێویستی بە نزیکەی 18 ملیار دینار هەیە و بە هەمیشەیی کردنیشیان 25 ملیاری پێویستە، داهاتی ناوخۆش مانگانە نزیکەی 300 ملیارە و لەو ژمارەیەش 80 ملیاری دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد وەک داهاتی ئیتیحادی، جگە لە مامۆستایانی گرێبەستیش ژمارەیەکی تر لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکومەت مووچە لا داهاتی ناوخۆ وەردەگرن.
مامۆستا ڕێکەوت عومەر، یەکێکی دیکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بڕیارەکە بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشیە جا هەر لایەنێک بێت، جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێویستی بە پارەیەکی زۆر نییە بۆیە حەقی خۆمانە و دەمانزانی حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە داهاتی ناوخۆ دابینی بکات، هەرچەندە ساڵانێکی زۆرە دەرگای دامەزراندنمان لێداخرابوو، بەڵام چاوەڕیی ئەمڕۆژەمان دەکرد کە دڵخۆشمان بکەن."
وتیشی،" هەرچەندە هەندێکمان دەڵێن کە موزایەدەی هەڵبژاردنە، بەڵام هیچ گرنگ نییە بۆ ئێمە، ئەوەی گرنگە بڕیارەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و چارەنووسمان دیاری بکرێت و لەقەلەقی چەند ساڵە ڕزگارمان بکەن. هیوادارین بەس گوفتار نەبێت و کرداری لەگەڵدابێت هەرچی زووە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."