فەرماندەیەکی باڵای هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، دوای بەزاندنی سنورەکانی هێزی پێشمەرگە لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، هێزێکی زۆری پێشمەرگە و کۆماندۆ لە گەرمیان جێگیرکراون و ئەو ناوچانە بە خاڵی سەربازی پڕ دەکەنەوە کە حەشد لێوەی دزەیکردووەتە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە.
فەرماندە باڵاکەی پێشمەرگە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حەشدی شەعبی لە نزیک گوندی سەید مدرییەوە دزەیکردبوویە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ڕەنگە لەو جێگەیە هێزی پێشمەرگەی کەم تێدابووبێت، بۆیە پێنج خاڵی سەربازی نوێ لە نزیک ئەو گوندە دادەنرێت و هەموو ئەو شوێنانەش بە هێز پڕ دەکرێنەوە کە پێویستن."
ڕۆژی یەکشەممە، 25 ی مانگی هەشتی 2024، هێزێکی گەورەی حەشدی شەعبی کە لە چوار لیوا پێکهاتبوون، بە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەک و تەقەمەنییەوە سنورەکانی پێشمەرگەی بەزاند و گوایە هەوڵیداوە لە نزیک بیرە نەوتی چاڵاوخالد، خاڵی سەربازی لێبدات.
دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و گفتووگۆ لە نێوان هەرێم و بەغدا دروستبوو، هێزەکەی حەشد لە ناوچەکە کشایەوە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی پێیانوایە کشانەوەکە کاتییە و پێشبینی دووبارە بوونەوەی ڕووداوەکە دەکەن.
فەرماندە باڵاکەی پێشمەرگە دەڵێت،"هێزەکەی حەشد ناوچەکەیان بە شۆفڵ و گرێدەر هەڵکەندبوو بە ئامانجی لێدانی رەبیەو خاڵی سەربازی و جێگیربوون لەو ناوچەیە، بۆیە هێزی پێشمەرگەو کۆماندۆ ڕەوانەی ناوچەکە کران. هێزی پێشمەرگە فەرمانی شەڕی پێنەبوو، بەڵام ڕێنمایی کران بچنە ناوچەکەو لە پێگەکانیان جێگیربن."
هەروەها وتیشی،"سوپای عێراق بێ لایەن بوون و بێ ئاگایی خۆیان لە سنور بەزاندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەربڕی."
هەر ڕۆژی یەکشەممە،25 ی مانگی هەشتی 2024، حەشدی شەعبی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو هۆکاری بەزاندنی سنورەکانی پێشمەرگەی بۆ ئۆپەراسیۆنێک لە دژی داعش گێڕایەوە. بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی عێراق لە زاری بەرپرسانی حەشدی شەعبییەوە هۆکاری ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ ئەوە گێڕایەوە، گوایە لەو ناوچەیە بیری نەوت هەیەو نەوت لەو بیرانە بە قاچاخ دەبرێن.
ئەو ناوچەیەی حەشدی شەعبی هەوڵیدا کۆنترۆڵی بکات و هێزی تێدا جێگیربکات، کێڵگەیەکی نەوتی بە ناوی کێڵگەی چاڵاوخالید تێدایە، کێڵگەکە کێڵگەیەکی کۆن و لەکارکەوتووی سەردەمی رژێمی بەعسە و حکومەتی عێراق دەیەوێت جارێکی تر وەبەرهێنانی تێدا بکات.
فەرماندە باڵاکەی پێشمەرگە وتی،"ئەو هێزەی حەشد لەگەڵ کۆمپانیایەک ڕێککەوتوون گوایە دەست بە وەبەرهێنان لەو بیرە نەوتییەدا بکات و ئەوانیش ئەمنییەتی بپارێزن."
هێزەکەی حەشدی شەعبی کە سنورەکانی پێشمەرگەی بەزاند لە چوار لیوا پێکهاتبوو، زۆربەی هێزەکە سەر بە ڕێکخراوی بەدر بوون و فەرماندەی ئەو لیوایەش کە پێشتر پێشڕەوی کردووە بۆ سنورەکانی پێشمەرگە خەڵکی بەسرەی خوارووی عێراقە.
بیرە نەوتی چاڵاوخالیدیش لە سنوری ناحیەی کوڵەجۆ کە حەشدی شەعبی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دا، لەلایەن پۆلیسی پاراستنی نەوت و گازی گەرمیانەوە پارێزگاری لێدەکرێت، بەڵام نەوتی لێ بەرهەم ناهێنرێت.
فارس گڵاڵی، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوت و گازی گەرمیان، تەنها ئەوەندی بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند،"ناوچەکە ئارامەو هیچ کێشەیەکی تێدا نەماوە."
جگە لە بیرە نەوتی چاڵاوخالیدی سنوری ناحیەی کوڵەجۆو نزیک لە ناحیەی قەرەتەپە کە حەشدی شەعبی هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدا، گومان دەکرێت چەند ناوچەیەکی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپە ناوچەی نەوتی گرنگ بن، بەتایبەت سنوری گوندەکانی شۆکە، ئەبوعلج، خزێفەو گڵابات.
لە مانگی هەشتی ساڵی 2023، حکومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆمی ئیماراتی کرد بەمەبەستی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی سنوری ناحیەی قەرەتەپە.
Your browser doesn’t support HTML5