برایەکی ئەو مامۆستایەی گوایە بەهۆی پەیوەندی بە پەکەکەوە لە هەولێر سزادرا  دەڵێت بڕیاری سزادانەکە 'سیاسیە نەک یاسایی'

مامۆستا لوقمان

کەس و کاری ئەو مامۆستایەی بە تۆمەتی بردنی سێ کارتۆن کێک بۆ پەکەکە سزای بەسەردا سەپێندراوە، ڕەتیدەکەنەوە هاوکاری پەکەکەی کردبێت و دەڵێن کوڕەکەیان دوو جاری تر بە دۆسیەی جیاواز دەستگیرکراوە، بەڵام هیچ کام لە تۆمەتەکانی لەسەر ساغ نەبووەتەوە، بۆیە ئەمجارەش بە "بێ تاوان"ی دەزانن و دەڵێن سزاکە " تەواو سیاسیە نەک یاسایی."

بورهان برادۆستی، برای مامۆستا لوقمان برادۆستی کە ڕۆژی یەکشەممە دوای نۆ مانگ لە دەستگیرکردنی سزای ساڵێک و شەش مانگی بەسەردا سەپێندرا بە تۆمەتی بردنی سێ کارتۆن کێک بۆ پەکەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، براکەی" سەرەڕای کاری مامۆستایەتی کاری جوتیاریشی دەکرد لە کوێستانەکانی ناوچەی برادۆست کە ناوچەی هۆڕنێی پێدەوترێت. ئەو ناوچەیە ساڵانێکی زۆرە لەوەتەی بیرمان بێت لەلایەن پەکەکەوە حوکم دەکرێن، بەو پێیەی ئەوەی ئەو ناوچانە پەکەکەی تێدایە، نەک هەر مامۆستا لوقمان هەموو خەڵکی تێکەڵی لەگەڵ پەکەکە هەیە."

مامۆستا لوقمان نەجم برادۆستی، دانیشتووی گوندی شیوانە و پیشەی مامۆستایە لە دواناوەندی سیدەکانی کوڕان.

بورهانی برای گوتیشی،" دوای نۆ مانگ لە دەستگیرکردنی براکەمان ئێستا کە سزادراوە تاکە بەڵگە ئەوەیە کە سێ کارتۆن کێکی پێبووە و گوایە بردوویەتی بۆ پەکەکە، مامۆستا لوقمان لە دادگایەکەش خۆی وتی، من بە ڕەسمی و بەیاسایی بە زاڵگەکان تێپەریوم و ئەو تۆمەتە هیچ بنەمایەکی نییە، ئێمە وەکو کەسوکاری مامۆستا لوقمان پێمان وایە ئەم سزادانە تەواو سیاسیە."

دوێنێ 25ی مانگی هەشتی 2024، مامۆستا لوقمان برادۆستی، کە یەکێک بووە لە مامۆستا ناڕازیەکان لە دژی دواکەوتنی مووچە لە ڕابردوودا و ماوەیەکیش بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان دەستگیرکراوە سزای ساڵێک و شەش مانگی لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی هەولێرەوە بەسەردا سەپێندرا، بە تۆمەتی بردنی سێ کارتۆن کێک بۆ گەریلاکانی پەکەکە، بە قسەی کەس و کارەکەشی ئەو سێ کارتۆن کێکەی مامۆستا لوقمان پێی بووە بۆ خواردنی خۆیی و هاوکارە جوتیارەکانی بووە لە گوندەکەی خۆیان.

بە قسەی کەس و کارەکەی مامۆستا لوقمان ڕۆژی 21 مانگی 11ی 2003 لە پاش گەڕانەوەی لە گوندەکەیانەوە بۆ ماڵەوە لە نزیک سیدەکان لە کاتژمێر 4ی ئێوارە لەلایەن ئاسایشی سۆرانەوە دەستگیرکراوە و پاش ئەوەی کە گواستراوەتەوە بۆ سۆران، دوای 48 کاتژمێر، براوە بۆ ئاسایشی گشتی لە هەولێر دوای نۆ مانگ لە دەستگیرکردنیشی، ڕۆژی یەک شەممە 25ی مانگی هەشتی 2024، پرۆسەی دادگایکردنەکەی لە هەولێر بەڕێوەچوو، دادگا بڕیاریدا بە زیندانکردنی بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ.

تا ئێستا دەزگا ئەمنیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان نەداوە لە بارەی دۆسیەی دەستگیرکردنی ئەو مامۆستایەوە، بەڵام دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی کرد بە هەریەکە لە وەزارەتی دادی هەرێم، وتەبێژی ئاسایشی گشتی هەولێر و ئاسایشی ناوخۆی هەولێر، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

هاوشێوەی خێزانەکەی پارێزەرەکەشی پێی وایە هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نەبووە بۆ سزادانی مامۆستا لوقمان.

سوڵتان برادۆستی، پارێزەری ڕاسپێردراو لە دۆسیەی مامۆستا لوقمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" مامۆستا لوقمان ماوەی نۆ مانگە لە ئاسایشی هەولێر ڕاگیراوە و و تۆمەتەکەی ئەوەیە کە زەر و زیانی گەیاندووە بە ئەمن و ئاسایش و سیادەی دام و دەزگا شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان، بە پێی مادەی یەک لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2023 ی هەمواری یاسای سزادانی عیراقی کە لە پەرلەمانی هەریمی کوردستان ئەو یاسایە تەعدیل کراوە، گەر باس لە سزاکەی بکەین ئەو مادەی مامۆستا لوقمانی پێ سزا درا، بەندکردنی هەتا هەتایە یان بە بەندکردنی کاتی، لە هەموو بارودۆخێکدا لە سەرووی پێنج ساڵە."

وتیشی،" وەکو پارێزەری کەیسەکە پێمان وایە دادگا لەسەر ئەو خاڵە ڕا نەوەستا و موراعاتی نەکرد کە لە مادەکەدا دەڵێت، پێویستە زەرو زیانەکە بە فیعلی ڕووی دابێت یاخود دروست بووبێت کە ئەو زیانی بە دام و دەزگای گەشتی یان سیادەی دام و دەزگاکان گەیاندبێت، بەڵام لەم کەیسەد ئەوانە بوونی نیە و هیچ بەڵگەیەکی تێدا نیە، تەنها سێ کارتۆن کێکی پێگیراوە و پێشم وانیە هیچ دام و دەزگایەک بە سێ کارتۆن پسکیت زیانی پێبگات."

پێشی وایە،" ئەو بڕیارەی کە دراوە لە بارەی کەیسەکە هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نیە و هیچ شایەتێکیش لەسەر دۆسیەکە نیە."

بە قسەی کەس و کارەکەی ئەو مامۆستایە تا ئێستا سێ جار دەستگیرکراوە، جاری یەکەم لە ساڵی 2017 بەتۆمەتی "پەیوەندی هەبوون بە داعشەوە" شەش مانگ دەستگیرکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ساغ نەبووە ئازادکراوە.

جاری دووەمیش دوای مانگێک لە جاری یەکەم بەهۆی نوسین لە سۆشیال میدیا و ڕەخنە گرتنەوە دەستیگرکراوەتەوە بە تۆمەتی "هاندانی خەڵکی بۆ خۆپیشاندان و ئاژاوەگێری" دواتر بە هۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازاد کراوەتەوە، ئێستاش دوای نۆ مانگ لە دەستگیرکردنی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی "پەکەکە" و مەترسی لەسەر "ئاسایشی نیشتیمانی" سزای بەسەردا سەپێندراوە.

ماددەی یەک لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2023 ی هەمواری یاسای سزادانی عێراقی ئەو ماددەیەی زۆرترین چالاکوان و ڕۆژنامەوانی لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمدا پێ سزادراون و لە ڕابردووشدا چەند کەسێکی تر بەناوی زیندانیانی بادینان بە پێی هەمان ماددە سزادران.

براکەی دەڵێت،" مامۆستا لوقمان یەکێکە لە دەنگە ناڕازیەکان لە ناوچەی برادۆست و ناوچەی سۆران و ڕوویەکی دیاری ڕەخنەگرتن و ڕوویەکی دیاری داکۆکیکردنە لە حەقی خۆی و مامۆستایانی دیکە و خەڵکی بەش خوراو."