ئەو دوو ڕۆژنامەوانەی لە هێرشێکی درۆنی لە ڕۆژی هەینی لە نزیک سەیدسادق گیانیان لەدەستدا، ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە، بەو پێـیەی وەک باس دەکرێت هیچ پەیوەندییان بە کاری چەکدارییەوە نەبووە و ناسرابوون بەوەی کاری ڕۆژنامەوانی دەکەن. ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە ئەو گرفتە دەخاتەوە بەرچاو کە ڕۆژنامەوانان و میدیاکاران لە شەڕ و ململانێکاندا دەکرێنە ئامانج.
دەپرسین:
کێ بوون ئەو کەسانەی لەو ئۆتۆمبیلەدا بوون کە ڕۆژی هەینی لە نزیک سەیدسادق کرایە ئامانج؟
بۆچی دوو هەڵوێست و وتاری جیاواز لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕووداوەکە هەبوون؟
هەتا چەند ئەو قسانە ڕاستن کە دەڵێن بە ئامانجکردنی ڕۆژنامەوانان هەوڵێکی بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان؟
چی بکرێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەوانان و میدکاران نەکرێنە ئامانج؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
کەمال حەمە ڕەزا، خاوەنی ئیمتیاز و بەڕێوەبەری گشتی دەزگای ڕاگەیاندنی چەتر.
ئاسۆ حاجی، ڕۆژنامەوانان.
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان.
Your browser doesn’t support HTML5
کەمال حەمە ڕەزا:
ڕۆژی هەینی ڕۆژێکی ڕەش بوو بۆ سەرجەم گەلی کوردستان بە تایبەتی شاری سلێمانی و قەزای سەید سادق، ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا بوون سێ کارمەندی کۆمپانیای (چەتر) بوون دوو خاتوون بە ناوەکانی (هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا) شەهید بوون و بریندارەکەش بەناوی (ڕێبین بەکر)ە کە ئێستا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە، ئەم سێ کارمەندە لە نا ڕاگەیاندنی کۆمپانیای چەتر بوون بە مەبەستی کاری پیشەیی و کاری ڕۆژنامەوانی خۆیان بۆ بەرنامەی دۆکیومێنتاری چوون لە دەڤەری شارەزوور.
ئەو پرۆژەیەی کە ئەوان بۆی چوون نە پەیوەست بووە بە سیاسیەوە نە پەیوەست بووە بە سەربازییەوه، بەڵکو پەیوەست بووە بە ژینگە و کۆمەڵایەتیەوە.
پرەنسیپی بەرنامەکانی کۆمپانیای چەتر لەسەر بنەمای نەتەوەیی و نیشتیمانی کاردەکەین بۆیە هەمیشە دوژمن لە دەنگی ئازاد و دلێر دەترسێت، لەڕاستیدا ئێمە هەمیشە تورکیامان بە دوژمنی گەلی کورد بینیووە و هەمیشە سەرکۆنەی پێشێلکاری و داگیرکاری تورکیامان کردووە لە باشوری کوردستان.
بە هیچ شێوەیەک کەسێکی سەربە (پەکەکە) نەهاتووەتە لای ئێمە بەڵام خەڵک بۆخۆی ئازادە سەر بەهەر ئایدیۆلۆجیایەک بێت
کۆمپانیا چەتر مۆڵەتی فەرمی حکومەتی هەرێمی هەیە، ئەگەر مۆڵەتی فەرمیمان نەبێت چۆن دەتوانین کاراو چالاک بین!
گومانی تێدایە ئەو ڕووداوەی سەید سادق درۆنی تورکیا بووە، ئێمە دڵنیایین پێش ئەوەی ڕووداوەکە ڕووبدات ڕاپۆرتەکەی دژە تیرۆر ئامادە کرابوو بۆ بڵاوکردنەوە چونکە پەیوەندیەک هەیە لەنێوان دوژمن و خۆبەدەستەوەدەر، دژەتیرۆری پارتی چ پەیوەندیەکی بە دەڤەری سەوزەوە هەیە کە دەبووایە دژەتیرۆری یەکێتی ئەو بەیاننامەیەی دەربکردایە.
دوای تەواو بوونی پرسەی ڕۆژنامەنوسەکانمان بەنیازین سکاڵا تۆمار بکەین لەسەر تورکیا لە نەتەوە یەگرتووەکان یان لە سەندیکای ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی یان بتوانین دادگای لاهای لێ ئاگاداربکەینەوە لەوانەیە ڕاپۆرت بنوسین بۆ دە بۆ پانزە ناوەندی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم پێشێلکاریانە، ڕێکخراوی سی پی جی هاتنە لام و قسەم بۆ کردن.
ئاسۆ حاجی:
تیرۆرکردنی خاتوو (گوڵستان تارا) ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ باشوری کوردستان کە دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ هێرشەکان زیاد دەبن جددیتر و مەترسیدار تر دەبن، ئەوەی ئێمە داوای دەکەین هەموو لایەنە جیاوازەکان کۆببنەوە و بتوانن گفتوگۆیەکی کوردانە و کوردەواریانە بکەن و هەماهەنگ بن بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەی کە هەم لەسەر گیانی ڕۆژنامەنووسان هەیە و هەم لەسەر گیانی خەڵکانی دیکەش هەیە.
دەبێت یەکەمجار بارودۆخەکە لەبەرچاو بگرین و خوێندنەوەیەکی وردی ڕووداوەکان بکەین و فاکتەرەکانی پشت ڕووداوەکانیش دەستنیشان بکەین ئەوکات دەتوانین هەڵسەنگاندنێک بۆ هەڵوێستی حکومەت بکەین.
هەڵوێستی حکومەتی هەرێم هاندانی هەردوولایە بۆئەوەی لە ڕێگەی ئاشتیەوە ئەو پرسە چارەسەر بکەن، ئەگەر پەکەکە نوێنەرایەتی پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەکات لە باکوری کوردستان دەکرێت خەبات و تێکۆشانی خۆی چڕ بکاتەوە لەڕێگەی ئاشتیەوە هەوڵبدات.
کوشتنی ڕۆژنامەوان و چالاکوانی سیاسی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، بەڵام کاتێک دەچنەپاڵ لایەنێکی بە شەڕهاتوو و ڕایدەگەیەنیت هەموو ئیشەکانیان دەبێتە بەشێک لەو لایەنەی بەشدارن لە شەڕەکە بۆیە لەوانەیە پەرچەکردارەکان ئەوانیش بگرێتەوە، زۆرجار ئەو ڕووداوە نەخوازراوانە هەبووە هەم دەوڵەتی تورکیا پێشێلی ماف و گیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردووە هەم پەکەکەش کردوویەتی لەڕێی گوندنشینەکانەوە تی ئێن تی تەقێنراوەتەوە و خەڵکی بەدبەخت و سیڤیل و گوندنشین پێوەبووە پەکەکە بەشێکە لە ئەجێندای ئێرانی و حەشدی شەعبی و میلیشیا دەزگا میدیاییەکان درێژکراوەی گوتاری سیاسی حزبەکانن کەواتە بەشێکن لە ململانێ نەک چارەسەر بۆیە بێگومان پێشێلکاری و بێڕێزیان بەرامبەر دەکرێت.
دەبێت سەندیکای ڕۆژنامەنووسان پیشەیی بێت نەک سەندیکایەک بێت نوێنەری حزبی تێدا بێت ئەوانەی ئێستا لە سەندیکای ڕۆژنامەنوسانن نوێنەری حزبەکانن، ئەو ناوەندانەی چاودێری کاری ئازادی ڕۆژنامەوانی دەکەن ئەوان پارەورگری حزبەکانیانن بۆیە ناتوانرێت هەڵوێستەکان لە یەکتری جیابکرێنەوە لەسەر ئاستی دەرەوە ئەو ناوەندە نێودەوڵەتیانە هەیە کە ڕۆژنامەنوسان دەتوانن دەنگی خۆان بگەیەنن.
کاروان ئەنوەر:
دەزگای چەتر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەی پێداوە کە ئەو کەناڵانە لەناو دەزگای چەتر کاربکەن، بەشێوەیەکی گشتی کەشوهەوای ڕۆژنامەنووسی پەیوەست نییە بەوەی کە بەدوای بیانوو بگەڕێین، تاکی کورد زۆر زیرەکە کە هەر لەمناڵیەوە خەریکی سیاسەت و میدیایە، بزانین خەڵکی کوردستان چۆن سەیری بابەتەکان دەکەن.
لە سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ئەندامی ئەمەریکی و ئەندامی ڕووسیی و کازاخستانی و هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکیایمان هەیە، واتە هەر ڕۆژنامەنووسێک لەناو سنوری هەرێمی کوردستان کاربکات بۆی هەیە ببێت بە ئەندام لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە ئەندام نەبوون بەڵام ڕەفتار کردن لەگەڵ هەر کەناڵێک وەکو هەر کەناڵێکی دیکەیە کەسمان جیانەکردۆتەوە بۆچی لە سلێمانی کەناڵێکی کوردی و نەتەوەیی کوردی نەبێت !
بەیاننامەکەی دژە تیرۆر زۆر خێرا بوو کە بۆخۆی جێگەی پرسیارە چۆن تەرمەکان ناسێنرانەوە بەو خێراییە چونکە ئەوەندە سووتابوون کە کەسوکاری خۆشیان نەیاندەناسینەوە.
(واشنتۆن پۆست) دەڵێت دوو ڕۆژنامەنووسن شەهیدبوون بە درۆنی تورکی هەموو ڕاپۆرتەکانی تریش پشتڕاستی ئەوەیان کردووەتەوە ئەوانەی لەو ڕووداوەدا بوون ڕۆژنامەنووس بوون و چەکدارنەبوون.
لەبەرئەوەی ڕۆژنامەنووسەکان لە سنوری سلێمانی کاریان کردووە بۆیە ئێمە بەیاننامەمان دەرکردووە، ئەگەر ئەنجوومەنی سەندیکا هەڵوێستی ئێمەیان بەفەرمی وەرنەگرتایە ئەوکات دەیانتوانی بڵێن بۆچوونی ئەوان نییە.
ئێمە لە سنوری سلێمانی لەمپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست پەیوەندی باشمان هەیە بەدەنگ هەمووشیانەوە دەچین بەبێ جیاوازی حزبی ئاینی و سیاسی و جیاوازی جوگرافی
میدیا بە ئایدیۆلۆجیا کراوە، ئەوەندەی پارە و سامانی میللەت لە میدیادا خەرج دەکرێت دەبووایە تاکی ئێمە ئەوەندە ڕۆشنبیر بووایە لەڕێگەی میدیاوە هەموو شتێکی بزانیایە بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا هەندێک کەناڵ هەن دەرنەچوون لە تاقیکردنەوەی میللەتدا.
لە هەرێمی کوردستان پێنج کەیسی تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنوسانمان هەیە هەتا ئێستا بکوژی ڕاستەوخۆی یەکێکیان دەستگیر کراوە و حکوم دراوە، وە چوار کەیسی داخراوی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس هەیە کەواتە ڕۆژنامەنووس دەکرێتە ئامانج
لەڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکی ساڵی 2022 ئەڵێت ژینگەی هەرێمی کوردستان ئارام و لەبار نییە بۆ ڕۆژنامەنووسان
من لەو بڕوایەم وەزارەتی بەرگری تورکیا نکۆڵی ئەو ڕووداوە دەکات چونکە لەناوبردنی ڕۆژنامەنووس دەبێت بە تاوانێکی نێودەوڵەتی، لە هەموو دنیا ئاسانترین شت لەناوبردنی ڕۆژنامەنووسە چونکە ڕۆژنامەنووس چەکی بەدەست نییە کەس نییە پارێزگاری لێبکات خۆیی کیبۆردەکەیەتی.
دەبێت لۆبییەکی ڕۆژنامەنوسان بۆخۆمان دروست بکەین بەدەر لە هەموو حاڵەتە سیاسی و سەربازییەکان وەکو ڕۆژنامەنووس بین هەروەها دەبێت حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو سەروەری پێکەوە نوسراوی فەرمی بگەیەننە نەتەوەیەگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر تیرۆرکردنی ئەو دوو خانمە ڕۆژنامەنوسە.
کاری ئێمە بەرگریکردنە لە سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لە هەموو چین و توێژەکان، ئێمە لە چوارچێوەی شەرەفی ڕۆژنامەنووسیدا کاردەکەین.
بۆ بەرگریکردن لەخۆمان بێدەنگ نابین کە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمە ئەوەیە پێویستە هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیمان هەبێت، بێگومان ئێمە ڕاپۆرتمان نوسیووە و بەرزی دەکەینەوە لەگەڵ ڕێکخراوەکان و لەگەڵ کونسوڵگەرییەکان و سەرجەم نێردە نێودەوڵەتیەکاندا.