لە کۆتایی ساڵی 2022، دەزگای واڵایی سەربەخۆی حکومەتی ئەمەریکا وەک یەکەم تاقیکردنەوەی بۆ بەرگریکردن لە زەوی، کەشتییەکی ئاسمانی کێشا بە گەڕەستێرۆچکەیەکی "دووانە" کە نزیکەی 11 ملیۆن کیلۆمەتر لە هەسارەی زەویەوە دووربوو.
لێکۆڵەرەوانی ناسا لەوکاتەوە چاودێری نزیکەی 3 ملیۆن پاشماوەی تەنەکە دەکەن و دەڵێن ئەگەری هەیە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بەشێوەی بەردی ئاسمانی و شەبەنگ بگەن بە بەرگەهەوای زەوی.
گەڕەستێرۆچکەکە (Asteroid) بە دیدیمۆوز ناسراوە و تیرەکەی 780 مەترە و مانگێک بە تیرەی 160 مەتر بەدەوریدا دەخولێتەوە.
ناسا دەڵێت گەڕەستێرۆچکەکە مەترسی بۆ سەر زەوی نەبوو. هەروەها پاشماوەی بەردەکانیشی لە داهاتوودا هیچ مەترسییەک دروستناکەن.
لە تاقیکردنەوەیەکدا، کە مانگی یازدەی ساڵی 2022 بەڕێوەچوو، ناسا کەشتییەکی ئاسمانی بچوکتر لە دوو مەتر سێجا و کێشی 610 کیلۆگرامی کێشا بە مانگی گەڕەستێرۆچکەکە بۆ ئەوەی ئاراستەکەیان بگۆڕێت.
تەواوی گەشتی کەشتییەکەی ناسا بەر لە گەیشتنی بە ئامانجەکە نۆ مانگی خایاند. لە ئەنجامدا، خولگەی مانگەکە گۆڕنکاری بەسەرداهات و خێرایی خولانەوەکەی بە بڕی 22 خولەک کەمبووەوە. هەروەها وێنەکانی دوای ڕووداوەکە پاشماوەی بەرد و گۆڕانی قەبارەی مانگەکە دەسەلمێنن.
ئیلۆی پێنا-ئەسێنسیۆ، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوە لە پاشماوەکانی گەڕەستێرۆچکەکە، دەڵێت، "خێرایی و بچووکی بەردەکان وادەکات لە بەرگەهەوای زەوی بسوتێن و شەبەنگی سەرنجڕاکێش لە ئاسماندا دروستبکەن."
تێچووی تاقیکردنەوەکە زیاتر لە 324 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بوو، وە زانایان دەڵێن سەرکەوتنی هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ پاراستنی هەسارەکەمان لە کلکدار و گەڕەستێرۆچکەی وێرانکەر.
زانایان دەڵێن نزیکی 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر گەڕەستێرۆچکە یان کلکدارێکی گەورە خۆی کێشا بە زەویدا کە بووە هۆی لەناوبردنی دایناسۆرەکان پاش نزیکەی 180 ملیۆن ساڵی ژیانیان لەسەر هەسارەکەمان