سەرچاوەیەک: وەفدێکی عێراق بە بێ ئاگاداری هەرێم هەوڵیداوە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی پەروێزخان بکات

حکومەتی عێراق هەوڵیداوە لێکۆڵینەوە لە کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە دەروازەی نێو دەوڵەتی پەروێزخان بکات، بەڵام ڕێگە بە وەفدەکەی عێراق نەدراوە لێکۆڵینەوە ئەنجام بدات، بەو پێیەی "بە بێ ئاگاداری" حکومەتی هەرێم سەردانی دەروازەکەیان کردووە.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەفدێکی گومرگی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی دەروازەی پەروێزخان سەردانی دەروازەکەی کردووە، بەڵام دەروازەکە نەیانتوانیووە هەماهەنگی لەگەڵ وەفدەکەی عێراق بکەن چونکە وەفدەکەی عێراق بە بێ ئاگاداری هەرێم سەردانی دەروازەکەی کردووە."

هەروەها وتیشی،"وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی دەروازەی پەروێزخان پێکهێناوە."

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ئاگرێکی گەورە لە دەروازەی پەروێزخانی نێوان وڵاتی ئێران و ناوچەی گەرمیان کەوتەوە، بەپێی وتەی بەرپرسانی دەروازەکە، بەهۆی ئاگرەکەوە شۆفێرێک گیانی لە دەستداوەو 17 کەسی تریش برینداربوون.

سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی دەروازەی پەروێزخان، بەرپرسە باڵاکەی هەرێم وتی،"شۆفێرەکان خواردنیان دروستکردووەو ئاگریان کردووەتەوە، ئەمەش وایکرد ئاگر بکەوێتەوەو تانکەرەکان بتەقنەوە."

ئوتۆمبێلە بار هەڵگرەکان لە کاتێکدا گڕیان گرتووە کە لە گۆڕەپانێکی دەروازەی پەروێزخاندا ڕاگیرابوون، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنە ئیداری و کارگێڕییەکان تەواو بکەن و دواتر بەرەو ئێران بڕۆن.

عەباس ئیسماعیل، بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بێ ئاگایی خۆی دەربڕی لە سەردانی وەفدی عێراق بۆ دەروازەکەیان، بەڵام لە بارەی زیانەکانی ئاگرەکەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "16 تانکەری نەوت بە هۆی ئاگرەکەوە بە تەواوەتی سوتاون، هەروەها شۆفێرێک گیانی لە دەستداوەو 17 کەسی تریش برینداربوون."

ئەو تانکەرانەی بە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دەروازەی پەروێزخان گڕیان گرت، سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتی ئێران دەگوێزنەوە، سەرجەم ئۆتۆمبێلە سوتاوەکانیش باری سوتەمەنیان هەڵگرتووەو هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەی 25 تۆن سوتەمەنی تێدا بووە.