ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، کشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت تەنها دەنگۆیە و هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدراوە، ئەگەر بڕیارێکی لەوشێوەیەش بدرێت دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی حزبەکەیەوە لە مانگی داهاتوودا. سەبارەت بە ڕێکخەری گشتیش دەڵێت، یەکێک لە کاندیدەکان بۆ ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە دانای ئەحمەد مەجیدە.
سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ناوخۆی گۆڕان لە مانگی داهاتوودا کە هەڵبژاردنی خانە و ڕێکخەر بەڕێوەدەچێت و ئەوان بڕیاری لەبارەوە دەدەن، تا ئێستا ئەو بابەتە تەنها دەنگۆیە و قسەی هەندێک خەڵکە، ئێستا کەس ئەو بڕیارەی پێنادرێت تا هەڵبژاردنی ناوخۆیی نەکرێت."
وتیشی،" پێشتر ئەو بابەتە چەند جارێک باسی لێوەکراوە، بەڵام نەگەشتووینەتە، بڕیار."
دوای نۆ ساڵ لە بەشداریەکان لە حکومەت و دامەزراوە فەرمیەکاندا، یەکەمجار نییە دەنگۆی کشانەوەی ئەو بزوتنەوەیە لە حکومەت دەبێتە باس بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا.
لە پێکهێنانی ئەم کابینەیەدا کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ساڵی 2019 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکهێندراوە، بزووتنەوەی گۆڕان چوار وەزارەتی وەرگرتووە, کە پێکهاتوون لە وەزارەتەکانی دارایی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.
لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان نیگەرانی ناوخۆیی بەخۆیەوە بینی و حزبەکە لە ناوخۆ و لە ئاستی حکومەتیش چەندین کادر و بەرپرسی لەدەستدا و وازیان لە بزووتنەوەکە هێنا و دوو مانگ بەر لە ئێستاش وەزیری دارایی کە لە پشکی بزوتنەوەکەیە لە دەنگی ئەمەریکاوە ڕایگەیاند،" داوای دەستلەکارکێشانەوەی لە گۆڕان کردووە."
لە ئێستادا بزوتنەوەکە وێڕای کێشە ناوخۆییەکانی خۆی ئامادە کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمدا، بەرپرسەکەی گۆڕانیش دەڵێت، بەر لەوە هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجام دەدەن وێڕای هەڵبژاردنی ڕێکخەری نوێ، بەشێک لە ناڕازی و دوورخراوەکانی گۆڕان پرس و ڕاوێژیان لەگەڵدا کراوە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو بزووتنەوەکە.
سەفین مەلا قەرە وتی،" یەکێک لە کاندیدەکانمان بۆ ڕێکخەری گشتی دانای ئەحمەد مەجیدە و بە کاندید بوونیشی ناڕەزایەتی نییە لە ناو بزووتنەوەکە، لە ناو گۆڕان دیموکراسی هەیە، هەرکەس ئازادە دەنگی پێدەدات یاخود نا."
وتیشی،" لە ناو بزووتنەوەکە کێشەمان هەیە و ئیشی لە پێشینەمان خۆڕێکخستنەوەیە، قسە لەگەڵ تووڕەبوەکانی گۆڕان کراوە و پرسیان پێکراوە و دەتوانن خۆشیان کاندید بکەن و بەشدار بن لە ڕێکخستنەوەکەی گۆڕان."
دانای ئەحمەد مەجید پارێزگاری پێشووی سلێمانی پێشتر بەتۆمەتی بەهەدەردانی پارەی وشکەساڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی، لەلایەن دادگاوە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادرابوو، ناوبراو لە ساڵی 2014ەوە هەرێمی کوردستانی جێهێشتووە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە، بەڵام ڕۆژی 25ی مانگی حەوت گەڕایەوە شاری سلێمانی و ئەوکات پارێزەرەکەشی ڕایگەیاند،" دۆسیەکەی داخراوە لە دادگا و بەر لێبوردنی گشتی کەوتووە."
Your browser doesn’t support HTML5