کچێکی تەمەن 17 ساڵ بە پاساوی شەرەف لە دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام دەکوژرێت

کچێکی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی مۆبینا زەینی‌وەند خەڵکی گوندی گورزلەنگەری سەر بە شارۆچکەی ماژینی دەڕەشاری پارێزگای ئیلام، بە بیانوی شەرەف لە لایەن باوکییەوە بە فیشەک کوژرا.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە تاوانبارەکە کە باوکی مۆبینا زەینی‌وەندە و تەمەن 56 ساڵە، کچەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا بە فیشەک کوشتووە.

ماڵپەڕی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، مۆبینا زەینی‌وەندی بە پاساوی پاراستنی شەرەف کوژراوە، بەهۆی ئەوەی " پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێکی نەوجەواندا هەبووە."

هەنگاو ئاماژەی بەوەش کردووە کە باوکی مۆبینا بەهۆی ناکۆکی خێزانی لە نێوان خۆیان و بنەماڵەی خۆشەویستەکەی کچەکەیدا، ویستوویەتی کۆتایی بە پەیوەندییەکەیان بهێنێت و لە ئاکامدا کچەکەی کوشتووە.

ئەمە جاری یەکەم نییە لە شارەکانی کوردستانی ئێران کچان بەهۆی پەیوەندی خۆشەویستی و بە پاساوی شەرەف لە لایەن خێزان و کەسوکارە نزیکەکانیانەوە دەکوژرێن. لە چەند ساڵی ڕابردووشدا چەندین حاڵەتی لەم شێوەیە ڕوویانداوە.