ژنانی ئەفغانی گرتە ڤیدیۆی گۆرانی وتنیان بڵاو دەکەنەوە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە یاسای قەدەغەکردنی بەرزکردنەوەی دەنگیان

ژنێکی ئەفغانی کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بەشێک لە دەموچاوی دەرکەوتووە گۆرانی دەڵێت، یەکێکە لەو دەیان ژنەی کە بەشداری لە ناڕەزایەتییەکی ئۆنلاین دەکەن دژی یاسای قەدەغەکردنی دەنگ بەرزکردنەوەی ژنان لەبەردەم خەڵکدا.

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان هەفتەی ڕابردوو ئەو یاسایەیان ڕاگەیاند، کە بریتییە لەو خاڵانەی پێویستە دەموچاو و جەستە و دەنگی ژنان لە دەرەوەی ماڵ "داپۆشرێن"، لەگەڵ 35 خاڵی تری کە بڕیار لەسەر ڕەفتار و شێوازی ژیان دەدەن.

لە بەرامبەردا ژنانی ئەفغانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات گرتەیەکی ڤیدیۆیییان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردووەتەوە کە گۆرانی دەڵێن، لەگەڵ هاشتاگی وەک "دەنگم قەدەغە نییە" و "نا بۆ تاڵیبان".

لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە دەوترێت لەناو ئەفغانستاندا گیراوە، ژنێک دەردەکەوێت کە گۆرانی دەڵێت لەکاتێکدا سەر تا پێی جلێکی ڕەشی لەبەردایە و دەموچاوی داپۆشیوە.

ئەو دەڵێت "دەنگمتان بێدەنگ کردووە بۆ داهاتوویەکی نزیک... منتان لە ماڵەکەمدا زیندانی کردووە لەسەر تاوانی ژنبوون".

کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوان گرتە ڤیدیۆییەکانیان بڵاوکردەوە کە مشتیان بەرزکردووەتەوە یان وێنەی هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری باڵای تاڵیبان دەدڕێنن.

گروپێکی چالاکوان لە گرتەیەکی دیکەدا دروشمی "دەنگی ژن دەنگی دادپەروەرییە" دەڵێنەوە.

لە یەکێکی تردا، تەیبە سولەیمانی بەکارهێنەری ئێکس گۆرانی دەڵێت، کاتێک لە بەردەم ئاوینە پەچەکەی خۆی ڕێکدەخات.

ئەو دەڵێت "دەنگی ژن ناسنامەی خۆیەتی، نەک شتێک کە پێویستە بشاردرێتەوە".

یاسای ئاکار کە بە "بەرەوپێشبردنی ئەخڵاق و ڕێگریکردن لە خراپەکاری" ناسراوە، زۆرێک لە ڕێساکان بە فەرمی دەکات، کە لەو کاتەوەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرتەوە هاتوونەتە ئاراوە.

دەڵێت نابێت ژنان لەبەردەم خەڵکدا گۆرانی بڵێن یان بە دەنگی بەرز بخوێننەوە یان دەنگیان لە دیواری ماڵەکانیان دەربچێتە دەرەوە.

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا هاتووە "کاتێک ژنێکی پێگەیشتوو لەبەر پێویستی ماڵەکەی بەجێبهێڵێت، پێویستە دەموچاو و جەستە و دەنگی داپۆشێت".

کاتێک دەسەڵاتدارانی تاڵیبان دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت، لێکدانەوەیەکی توندیان بۆ یاسای ئیسلامی جێبەجێکرد.

زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان ڕەخنەگرتنی لەو یاسایە بە "خۆبەزلزانین" و تێنەگەیشتن یان بێڕێزیکردن بە شەریعەت ناودێرکرد.

نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکانی دیکەش ئیدانەی ئەو یاسایە نوێیەیان کردووە و دەڵێن ئەو یاسایە زیاتر ژیان دەچەوسێنێتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکەی کرد و بە "تەواوی بەرگە نەگیراو" ناوی برد.

ڕەڤینا شامداسانی وتەبێژی رێکخراوەکە وتی یاساکە "ئەو سیاسەتانە دەچەسپێنێت کە بە تەواوی بوونی ژنان لەبەردەم خەڵکدا دەسڕنەوە -- دەنگەکانیان بێدەنگ دەکات، و سەربەخۆیی تاکەکەسییان لێ زەوت دەکات، بە شێوەیەکی کاریگەر هەوڵدەدات بیانکاتە سێبەری بێ ڕووخسار و بێ دەنگ".

سەرچاوە: فرانس پریس