فەرماندەیەکی باڵای سەربازی عێراق لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە "تورکی"یەی لە سنووری کەرکوک تێکشێنرا، پێشتر سێ جار ئاگادارکردنەوەی بۆ نێردراوە تا بگەڕێتەوە و ئاسمانی کەرکوک نەبەزێنێت، بەڵام نەگەڕاوەتەوە و دواجار خرایە خوارەوە.
فەرماندە باڵا سەربازییەکەی عێراق لە کەرکوک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕەنگە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە تورکییەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووبێت، چونکە سێ جار لەلایەن هێزی ئاسمانی عێراقەوە ئاگادارکردنەوەی بۆ نێردرا تا بگەڕێتەوە، بەڵام بەردەوام بوو لە سنوور بەزاندنی ئاسمانی کەرکوک."
هەروەها وتیشی،"دواجار رەزامەندی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ خستنە خوارەوەی وەرگیرا، بۆیە لە ناوچەی چیمەنەوە لێیدراو لەناو کەرکوک فڕۆکەکە کەوتە خوارەوە."ه
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29 ی مانگی هەشتی 2024، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە سنوری کەرکوک خرایە خوارەوە، بەشێک لە پارچەکانی فڕۆکەکە لە نزیک کۆرنیش و بەشێکی لە گەڕەکی تسعین کەوتە خوارەوە.
عەمید روکن عەبدولسەلام حەموودی، جێگری فەرماندەی ناوچەی باکوری بەرگری ئاسمانی عێراق، ڕایگەیاند،"تیمەکانی بەرگری ئاسمانی درۆنێکی تورکییان خستەخوارەوە کە لای سنووری سلێمانییەوە بەرەو ئاسمانی کەرکوک هاتبوو."
هەروەها وتیشی،"درۆنە تورکییەکە بەچەک و هەوڵی عێراق و ڕێنمایی فەرماندەی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی عێراق خرایە خوارەوە."
فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە "تورکییەکە" کە لە سنوری کەرکوک تێکشێنرا، ناوی ( Tal Aksungur)ەو دوای تێکشکاندنی، پارچەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڵگیرایەوەو لێکۆڵینەوەش دەستیپێکردووە.
فەرماندە باڵا سەربازییەکەی عێراق لە کەرکوک دەڵێت،"درۆنەکە تورکی بووەو 15 مەتر درێژ بووە، فڕۆکەکە 16 کاتژمێر بە بەرزی دەفڕێت و دەنگیشی نابیسترێت، توانای هەڵگرتنی موشەکی هەیەو زۆر بە وردی وێنەی سەر زەویش تۆمار دەکات. فڕۆکەکە تایەی هەیەو لە شوێنی تایبەتەوە دەفڕێت."
هەروەها وتیشی،"ڕۆژانە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی کەرکوکدا دەفڕێت و ڕادار ئاشکرای ناکات، ڕەنگە درۆنە تورکییەکە بە نزمی فڕی بێت بۆیە رادار ئاشکرای کردو خرایە خوارەوە."
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تورکیا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو درۆنە چاودێرییە نەداوە.
تورکیا لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی دژی پەکەکە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا دەیان بنکەی سەربازی لە باکووری عێراق داناوە.
سەربازەکانی بە شێوەیەکی ڕۆتینی ئۆپەراسیۆنی دژی پەکەکە ئەنجام دەدەن و زۆر جاریش زیانی گیانی و دارایی بە خەڵکی سڤیلی ناوچەکەش گەیەندراوە، بەڵام بە دەگمەن لێدوان لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەدەن.
حکومەتی فیدراڵی عێراق لە مانگی سێدا پەکەکەی وەک "رێکخراوێکی قەدەغەکراو" لە ناساند، سەرەتای ئەم مانگەش ڕێککەوتنی هاوکاری سەربازی لەگەڵ ئانکەرە ئەنجامدا.