سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانی لێکۆڵینەوەی لە کوژرانی کەسێکی دەستبەسەرکراو دەرکرد، دوای ئەوەی چالاکوانان ڕایانگەیاندبوو کە لەلایەن پۆلیسەوە لە باکووری ئەو وڵاتە ئەشکەنجەدرابوو. ئەمەش دواین حاڵەتی گیانلەدەستدانی خەڵکە لە کاتی دەستبەسەری پۆلیسدا کە سەرنجی هاووڵیانی ڕاکێشا.
ئەم فەرمانە لە لایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ڕیفۆرمستەوە دراوە، کە لە مانگی ڕابردوو لە دەمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا بەڵێنی دابوو ئەو جۆرە مردنانە لە دەستبەسەری پۆلیسدا ڕابگرێت. لە ساڵی 2022دا، گیانلەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە کاتێکدا بەهۆی ئەوەی گوایە سەرپێچی لە یاسای حیجابی زۆرەملێ کردبوو، لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستگیرکربوو، ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بەدوای خۆیدا هێنا.
لە دوایین دۆسیەدا، پێنج ئەفسەری پۆلیس بەشێوەیەکی کاتی لە کارەکانیان ڕاگیراون بەو پێیەی لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
چالاکوانان ناسنامەی کوژراوەکەیان بە ناوی محەممەد میر مووسەوی تەمەن 36 ساڵ ڕاگەیاند و دەڵێن خەڵکی شاری لاهیجانی سەر بە پارێزگای گیلانە. ڕایشیان گەیاندووە ڕۆژی شەممە دوای شەڕ و پێکدادانێک لەسەر شەقامەکان دەستگیرکراوە و ڕۆژی سێشەممە گیانی لەدەستداوە.
پۆلیس و حکومەت وردەکارییەکی کەمیان سەبارەت بەوەی کە بۆچی دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە لە مەرگی مووسەوی دەکەن، ڕاگەیاندووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە مووسەوی لە بنکەیەکی پۆلیسی شاری لەنگەرود ڕاگیرابوو. ڕێکخراوەکە دەڵێت لەوێدا مووسەوی "بە توندی لێی دراوە و تووشی خوێنبەربوون بووە". ڤیدیۆیەکی تەڵخیان بڵاوکردەوە کە بە پشتی موسەوی وەسفیان کردووە دوای مردنی."
هەنگاو دەڵێت " بە وتەی یەکێک لەو کەسانەی کە تەرمی ناوبراویان شۆردووە هێزە ئینتزامییەکان لە کاتی ئەشکەنجەدانی ئەو هاووڵاتییە دوو خاڵیان لەسەر جەستەی لە بەشی پشت و کەمەریدا کوون کردووە."
هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ناو نەبراویشەوە دەڵێت " دوای کوژرانی ناوبراو بەدەستی هێزە حکومەتییەکانەوە، ناوەندە ئەمنییەکان و بەتایبەت داواکاری گشتیی لەنگەروود لە پارێزگای گیلان بنەماڵەی ئەو لاوە قوربانییەیان لەژێر گوشار داناوە و هەڕەشەیان لێکردوون تا زانیارییەک لەسەر کوژرانی ناوبراو و وردەکارییەکانی شێوەی کوژرانی بڵاو نەکەنەوە."
هێنگاو مووسەوی وەک کەسێکی کەمینەی گیلاکی ئێران ناساندووە کە خاوەنی زمانی تایبەت بە خۆیانن و بە شێوەیەکی سەرەکی لە پارێزگاکانی باکوور دەژین. چالاکوانان دەڵێن پێدەچێت مردنی مووسەوی ببێتە هۆی هەڵگیرسانی گرژییەکانی نێوان کۆمەڵگاکان چ لە گیلان و چ لە سەرانسەری وڵاتدا.
مردن لە دەستبەسەری هێزی ئاسایشدا چەندین جار لەلایەن چالاکوانانی مافی مرۆڤەوە بە بەڵگەکراوە، بەتایبەتی دوای ساڵانێک لە خۆپیشاندانی جەماوەری کە تیایدا تەحەدای تیۆکراسی شیعەی وڵاتەکەیان دەکرد.
لە دۆسیەی ژینا ئەمینیدا، لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێرانیان بە بەرپرسیار زانی لە "توندوتیژی جەستەیی" کە بووە هۆی مردنی لە ئەو کچە کوردە لە مانگی 9ی 2022.
سەرچاوە: ئەی پی، هەنگاو