فەرماندەیی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا ناسراو بە سێنتکۆم CENTCOM، دەڵێت 2 دەریاوانی سیڤیلی ئێرانییان لە ناو ئاوی نێودەوڵەتی لەلایەن هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕزگارکراون و خۆراک و ئاویان دراوەتێ و هەروەها پێداویستی تەندروستییان بۆ دابین کراوە.
فەرماندەیەتییەکە پاش نیوەڕۆی پێنجشەممە بە کاتی واشنتن هەواڵەکەی ڕاگەیاند و تیایدا دەڵێت هەفتەیەک لەمەوبەر و لە کاتژمێر 7 ی بەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 23 ی مانگی هەشتی 2024 بە کاتی ناوچەکە، تیمێکی لە دەریاوانانی کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا کە یاوەری فڕۆکەهەڵکری ثیۆدۆر ڕۆزفڵت دەکات لە ناوچەکە، بە هانای ئەو دوو دەریاوانە ئێرانییە چوون.
دەڵێت تیمەکەی ئەمەریکا بە بەلەمێکی چووپی هێزی دەریایی و هەلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری فڕۆکە هەڵگرەکە گەیشتوونەتە شوێنی دوو دەریاوانەکە و پاشان بە هەلیکۆپتەرێکی جۆری MH-60S هەڵیانگرتوون و بردوویانن بۆ سەر کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە و لەوێ خزمەتیان کردوون. بەڵام لە ڕاگەیاندنەکە ئەو شوێنەی ئاشکرا نەکرد کە دەریاوانە ئێرانییەکانی لێبووە.
ئەدمیراڵ کرستۆفەر ئەلێکزاندەر ، فەرماندەی Carrier Strike Group 9 کە بەرپرسی مەشق و ڕاهێنانی ئەم هێزە دەریاییەی ئەمەریکایە، لە بارەی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکە وتی دەریاوانەکانی ئەمەریکا و تیمی هەڵیکۆپتەرەکان بە خێرایی و بە شێوەیەکی زۆر شارەزایانە ئەرکەکەیان ئەنجام دا و پیشانیان دا کە لەسەر ئاستێکی زۆر بەرز مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە. وتیشی یارمەتیدانی دەریاوانانی لێقەوماو ئەرکێکی هێزەکەیانە و هەمیشە بۆی ئامادەن، وە هەروەها ئەمە پیشانی دا هێزی دەریایی ئەمەریکا هێزێکی ئامادەیە بۆ هەر ئەرکێک پێی ڕاسپێردرێت.
جێی ئاماژەیە کەشتی فڕۆکەهەڵگری ثیۆدۆر ڕۆزفڵت و کەشتییە یاوەرەکانی لە ناوەڕاستی مانگی حەوتەوە گەیشتوونەتە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێنجی دەریایی ئەمەریکا کە ناوچەکانی کەنداوی فارس و دەریای سوور و کەندوای عومان و بەشێک لە ئۆقیانووسی هیند دەگرێتەوە.