چاودێرانی هەڵبژاردن باس لەوە دەکەن کە" زۆرینەی کاندیدان" پێچەوانەی یاساکانی کۆمسیۆن ماوەیەکی زۆرە بانگەشەیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە و بوونەتە مایەی "بێزارکردنی خەڵکی" کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت،" گەر سکاڵا لەسەر ئەو کاندیدانە هەبێت ئەوە سزای پێبژاردنیان بۆ دەکەین."
دەشتی سدیق، یەکێکە لە چاودێرانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە دڵنیایەوە هێشتا 16ی مانگی نۆی 2024 نەهاتووە تا بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکات، کەچی کاندیدان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن بە زەقی کردووە چ لە شۆسیال میدیا بێت یاخود لە نێو بازار و سەردانکردنی ماڵان بێت، ئەوەش پێچەوانەی ڕێکارەکانی کۆمسیۆنە و پێشێلکاریە."
وتیشی،" کاندیدان لەسەر ئاستی تاک بانگەشە دەکەن، بەڵام بە ئاگاداری حزبەکانیان، چونکە حزبەکانیان ڕێکخستنی هەیە و میدیای هەیە کە وایە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ حزبەکان خۆیان لە پشتگیری پرۆسەکە دەکەن."
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە لە ڕۆژی 16ی مانگی نۆی 2024، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات و ڕۆژی 20ی مانگی دەی هەمان ساڵ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت، تا 48 کاتژمێر پێش وادەی هەڵبژاردن کاندیدان دەتوانن بانگەشە بۆ خۆیان بکەن لە چوار چێوەی ڕینمایەکان، بەڵام هێشتا بانگەشە دەستی پێنکردووە هەڵمەتێکی چڕیان لە سۆشیال میدیا و لەنێو خەڵکەوە دەستپێکردووە.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت کە " هەر کاندیدێک پێچەوانەی ڕێنمایەکان پێشوەختە بانگەشە بکات لەسەر بنەمای سکاڵا سزا دەدرێت بە بڕێک پارە."
مەروان محەمەد، بە دەنگی ئەمەریکا وت،" ئێمە هەر لە خۆمانەوە ناتوانین سزا بدەین و لەسەر بنەمای سکاڵا کە هەبوو و سەلمێنرا کە کاندیدەکە پێش وادەی بانگەشە، بانگەشەی بۆخۆیی کردووە ئەوە سزای پێبژاردنی بۆ دەکەین کە بڕەکەی یەک ملیۆن دینارە، بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیش لیژنەمان پێکهێناوە بۆ چاودێری پرۆسەکە و تۆمارکردنی پێشلکاریەکان."
چاودێرانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێیانوایە، کۆمسیۆن دەتوانێت بە نوسراوی فەرمی تەواوی حزبەکان و کاندیدانی سەربەخۆ ئاگادار بکاتەوە لەوەی بانگەشە بکەن بە" پێشلکاری" ناو زەند دەکرێت و سزا دەدرێن.
بۆ جاری پێنجەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 26ی مانگی شەشی 2024، ڕۆژی 20ی مانگی 10ی ئەمساڵی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم.
لە کۆی 100 کورسیەکەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان 34 کورسی پەرلەمانی بۆ هەولێر دیاریکراوە کە دوانیان بۆ کۆتایە، هەروەها کۆی گشتی کاندیدانی سنورەکە کە خۆیان تۆمارکردووە 395 کاندیدن و دابەشبوونە بەسەر دوو هاوپەیمانی و 13 حزب، ئەمە جگە لەوەی 29 کاندیدی سەربەخۆ کە دەیانەوێت ببنە ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە نێوانیاندا کەسانی تیکتۆکچی و هونەرمەند و نوسەر و چالاکوانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی تێدایە.
دەشتی سدیق چاودێری هەڵبژاردن لە هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بانگەشەی پێشوەختە کاریگەری لەلایەک لەسەر "خەڵکی"دروست دەکات و دەبێتە مایەی بێزارکردنیان، لەلایەکی دیکە" گڕوتین" دەدات بە پرۆسەی هەڵبژاردن و وتیشی،" بۆ ئەم هەڵبژاردنە کێبڕکێکان زۆرن، بۆیە هەریەک لەلای خۆیەوە دەستی بە بانگەشەکردووە."
کاندیدان نەک تەنها خۆیان کە دەچنە نێو خەڵکیەوە و داوا دەکەن دەنگیان پێبدرێت، بەڵکو لەلایەن خزم و کەسوکار و کادیرانی حزبەکانیشانەوە هەڵمەتێکی چڕیان دەستپێکردووە و بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن و ژمارەکانیان بەنێو دەنگدەران بڵاو دەکەنەوە، ئەوەش بەلای کۆمسیۆن تەواو پێچەوانەی یاساکانی کۆمسیۆنە و بە پێشێلکاری هەژمار دەکرێت.
Your browser doesn’t support HTML5