زانایان دەڵێن کرۆمۆسۆمی ڕەگەزی نێرینە لە مرۆڤدا بەرەو پوکانەوە دەچێت

زانایانی بواری جینات دەڵێن کرۆمۆسۆمی Y کە ڕەگەزی مرۆڤەکان دیاریدەکات بەرەوە پوکانەوە دەڕوات و لەماوەی 300 ملیۆن ساڵی ڕابردوودا لە کۆی پێکهاتەی 1438 جینی بنەڕەتی 1393 جینەکانی لەدەستداوە.

دیاریکردنی ڕەگەزی نێر و مێ لە مرۆڤدا بەستراوەتەوە بە پێکهاتەی کرۆمۆسۆمەکان: ئەگەر هاتوو هێلکە پیتێنراوەکە پێکهاتبوو لە (XX) ئەوا دەوترێت کەسەکە ڕەگەزی مێیە، بەڵام ئەگەر هێلکە پیتێنراوەکە (XY) بێت ئەوکات دەوترێت ڕەگەزی نێرە.

زانایان دەڵێن کرۆمۆسۆمی Y، کە لە باوان و بەڕێگەی پشتاوپشت دەگوازرێتەوە، سەرەتا خەسڵەتەکانی دەرناکەون. بۆیەش ئاوڵەمەی نێر لە مرۆڤ و بەشێکی زۆری گیاندارە مەمکدارەکانی تر هەتا نزیکەی هەفتەی حەوتەم هیچ خەسڵەتێکی نێرینەی تێدا دەرناکەوێت، بەڵکو خەسڵەتەکانی مێینەی تێدا زاڵە، بۆ نمونە دەرکەوتنی گۆی مەمک. واتا لە هەفتەی حەوتەم، دوای چالاکبوونی کرۆمۆسۆمی Y ئینجا خەسڵەتەکانی نێرینە لە کۆرپەلە دەردەکەون.

جێنی گرەیڤس، پرۆفیسۆری جینات لە خانکۆی لاترۆب، دەڵێت، "کرۆمۆسۆمی X نزیکەی 1600 جیناتی هەیە کە کاری جیاواز دەکەن. بەڵام کرۆمۆسۆمی Y جینی زۆر کەمە؛ ڕەنگە تەنها 50 جینی هەبێت و لەو ژمارەیەش تەنها 27 جینیان تایبەتن بە خەسڵەتەکانی نێر. زۆرێک لەو جینانەی Y دووبارەن و بەشی زۆریان ناچالاکن لە دی ئێن ئەیدا. واتا بەشێکی زۆری کرۆمۆسۆمی Y لە 'پاشەڕۆی دی ئێن ئەی' دووبارە پێکهاتووە. بۆیەش کرۆمۆسۆمی Y مرۆڤ هەموو نیشانەکانی پوکانەوەی لە کۆتایی تەمەنیدا تێدا دەردەکەوێت."

جێنی گرەیڤس دەڵێت کرۆمۆسۆمی Y مرۆڤ لە هەر ملیۆن ساڵێکدا نزیکەی 10 جینی لەدەستداوە. ئەگەر پووکانەوەی جینەکان بەم ئاستە بەردەوامبێت، ئەوا لە ماوەی 4.5 ملیۆن ساڵ کرۆمۆسۆمەکە بەتەواوەتی لەناودەچێت.

بەڵام دەڵێت لەناوچوونی ئەم کرۆمۆسۆمە بەواتای لەناوچوونی مرۆڤ نایەت، بەڵکو شیانی هەیە وەکو هەندێک لە گیانلەبەرانی تر، بۆ نمونە هەندێک جۆری خورۆکەکان، جینی تری ڕەگەزیی بەدەر لە Y لە مرۆڤدا پەرەبسەنێت.

بەگوێرەی لێکۆڵەران، ئەو گۆڕانکارییە لە پێکهاتەی جیناتی جرجی ئۆکیناوا لە ژاپۆن تۆمارکراوە، کە تێیدا کرۆمۆسۆمی Y جینەکانی نێرینەی بە تەواوی لەدەستداوە و خەسڵەتەکان گواستراونەتەوە بۆ کرۆمۆسۆمی X.

جێنی گرەیڤس پێیوایە بەهەمان شێوە ئەگەری هەیە پەرەسەندنی مرۆڤ لە چەند ملیۆن ساڵی داهاتوودا هەمان ئاراستە وەربگرێت و سیستەمی بایەلۆجیمان جیناتی نوێ بۆ دیاریکردنی ڕەگەز دەستەبەر بکات.

بەڵام ئەو پرۆسەکە بەبێ مەترسی نابێت و دەڵێت، "شەڕی جیناتە ڕەگەزییەکان دەکرێت ببێتە هۆی جیابوونەوەی چەشنی نوێ لە مرۆڤدا وەک ئەوەی لە ناو هەندێک جۆری مشک و جرجدا ڕۆیداوە. بۆیە، ئەگەر کەسێک دوای 11 ملیۆن ساڵ سەردانی زەوی بکات، ڕەگە هیچ مرۆڤێک لەسەر ڕووی زەوی نەدۆزێتەوە، بەڵکو چەند چەشنێکی جیاوازی مرۆڤ بدۆزێتەوە کە بەهۆی سیستەمی دیاریکردنی ڕەگەز لەیەکتر جیابوونەتەوە."