وتەبێژی حکومەتی هەرێم وەڵامی سەرۆکی یەکێتی دەداتەوە

پێشەوا هەورامانی

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند،"بەبێ ئۆکەی یەکێتی، مەسرور بارزانی نابێت بە مودیر عامێکیش." ئەم قسانەی بافڵ تاڵەبانی توڕەیی لای ئەندام و لایەنگرانی پارتی دروستکرد و پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری نافەرمی فەیسبووکی خۆیدا بە دوو دێڕ وەڵامی سەرۆکی یەکێتی دایەوە و نوسیوێتی،"دەست بە پۆستی جێگرییەوە بگرن و دوای هەڵبژاردن لە کاک مەسرور بپاڕێنەوە تا پێتانی بداتەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە 3ی مانگی نۆی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەسرور بارزانی لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند،" من پرسیارم هەیە چۆن دەبێتەوە بە سەرۆکی حکومەت؟ پەنجا زاید یەک نەما و یانزە بە هیچ نەما ئەتوانێ؟، بۆیە بەبێ ئۆکەی یەکێتی کاک مەسرور نابێت بە مودیر عامێکیش."

دوا بەدوای کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکە دوای نیوەرۆی ئەمرۆ سێشەممە، پێشەوا هەورامانی لە وەڵامی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فیس بوک نوسیوێتی،" وەک وتەبێژ نا! تەنها کۆمێنتێکی دوای دەوام، لە پۆستی کاک مەسرور گەڕێن، دەست بە پۆستی جێگرییەوە بگرن و دوای هەڵبژاردن لە کاک مەسرور بپاڕێنەوە تا پێتانی بداتەوە، جێگر هیچ سودی نەبێت و هەر هیچی پێ نەکرێت!، دەستی تۆی پێدەگیرێت لە دوو مناسەبە بتباتە ژورەوە، بۆ ئەوەی ڕەسم لەگەڵ خەڵک بگری."

دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی کرد بە ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، ئەو ئامادە نەبوو لەم بارەیەوە هیچ لێدوانێک بدات و گوتی "کاک پێشەوا وەڵامی داوەتەوە."

ماوەیەکی زۆرە پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی گەشتووەتە ئاستێکی خراپ و بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، هیچ پەیوەندیەک لە نێوان هەردوولادا نەماوە تەنانەت کار گەشتووەتە تۆمەت دروستکردن بۆ ئەندام و لایەنگرانی یەکتر و کەوتوونەتە شەڕێکی قوڵی میدیایەوە.

دوێنی دووشەممە 2ی مانگی نۆی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە و لە دوای کۆبوونەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئەوە خرایە ڕوو کە،" یەکێتی جەخت لەسەر گوتاری سەنگین و ڕاشکاوی دەکاتەوە سەبارەت بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە کوردستان."

بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، ئەم جۆرە لێدوانە توندانەی نێوان هەردولا خزمەت بە پرۆسەی سیاسی ناگەیەنێت و جۆرێک لە "پشێوی و نائارامی" لە نێو خەڵکی دروستکردووە، چاودێرانی هەڵبژاردنیش ئەم جۆرە لێدوانانە بە" بانگەشەی هەڵبژاردن" و ڕاکیشانی سەرنجی خەڵکی ناودەبەن.