لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا سوپای تورکیا 24 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کردووە

تەنها لە شەوی 2 لەسەر 3ی مانگی نۆی 2024، سوپای تورکیا لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە 24 جار بۆردومانی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە بە بیانووی بوونی بنکە و بارەگای پەکەکە کە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی.

کامەران عوسمان بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" شەوی ڕابردوو واتا 2ی مانگی نۆی 2024، سوپای تورکیا بە شێوەی زنجیرەی و لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە، 24 جار هێرشیکردووەتە سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادی بە هاوڵاتیانی مەدەنی نەگەیاندووە."

بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای وتیشی،" ئەو 24 جار بۆردومانە بەم شێوەیە بوو، سەرەتا دامێنی گرێ بەهار و پشتی گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێد گرتەوە و دواتر، چیای حەوت تەبەق و گوندەکانی کەفنە مژێ و سپیندارێ و گیرگاشێ لە بەری گارێ لە قەزای ئامێدی، پاشان بۆردومانەکان شۆڕبوونەوە بۆ چیای کتکین و خواکوڕک لە قەزای سیدەکان و چیای کۆخە و شاخی تاڵە لە سنوری قەزای چۆمان و بۆردومانکردنی گوندی قەڵاتوکان لە سنوری قەزای پشدەر و هەواری ڕەوەندەکانی گوندی کوێرەکانی و چیای ئاسۆس لە سنوری قەزای ماوەت و زیانەکان تەنها سوتاندنی پوش و پەڵاش بووە."

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێ شەممە 3ی مانگی نۆی 2024، تورکیا ڕایگەیاند، کە چەند هێرشێکی نوێی کردووەتە سەر پەکەکە لە باکوری عێراق.

وەزارەتی بەرگری تورکیاش دەڵێت،" 20 شوێن لە چیای ئاسۆس و گارا و خواکوڕک و مەتینا و قەندیل و زاپ لە هێرشەکە کراونەتە ئامانج."

لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەوەش هاتووە کە گوایە ئەو بنکە و بارەگایانە کراونەتە ئامانج" پەکەکەی" تێدابووە.

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای لە ماوەی ئەمساڵی 2024، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان نۆ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و دوو هاوڵاتی دیکەش برینداربوونە.

لە 1ی مانگی شەشی 2024، سوپای تورکیا هەنگاوەکانی بۆ نێوخاکی هەرێمی کوردستان زیاتر چڕکردووەتەوە، بیانووکەشی پاراستنی وڵاتەکەی و سنورەکانێتی لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی لێیان دەڕوانێ.

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، لەسەرەتای لەشکرکێشیەکەوە سوپای تورکیا ئاگری لە چەندین دارستان و ڕەز و باخ بەرداوە لە ناوچە سنوریەکانی قەزای ئامێدی بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی هێزەکانیان.

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە کە لە سەر ئاستی عێراق کار لەسەر ژینگەدا دەکات بەوردی چاودێری ژینگەی کوردستان دەکات و لە مانگی حەوتی ئەمساڵ ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێدا ئاماژە بۆ ئەوەکردبوو کە لە ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو هەرێمی کوردستان خاوەن پێنج ملیۆن دۆنم دارستان و پاوە بووە، بەڵام ساڵی دوو هەزار ڕێژەکە کەمبووەتەوە بۆ دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆنم پاوەن و دارستان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوکەیاندا هاتبوو، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردووشدا لە 50% ی دارستان و پاوەنی هەرێم ڕووبەڕووی سوتان و لەناوچوون بوونەتەوە کە 97% ی دارستانەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستاندایە و نزیکەی 87% ی سەوزایەکان داری خۆڕسکن و دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆک، چونکە دهۆک یەکەمە لە دارستانەکانەکان و هۆکاری سەرەکی نەمان و فەوتانی دارستانەکان باشوری کوردستان 100% بە دەستی مرۆڤ کراو، بەتایبەت هێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیا و ئێران لە ناوچە سنوریەکان.

.