بۆچی تورکە نەتەوەپەرستەکان ناوی سلێمانی دەهێنن لەکاتی هێرش بۆ سەر 2 سەربازی ئەمەریکایی؟

لە کاتی هێرشی تورکە نەتەوەپەرستەکان بۆ سەر دوو سەربازی ئەمەریکایی لە شاری ئزمیر، یەکێک لە هێرشکاران بە دەنگی بەرز هوتاف لێدەدات و ناوی شاری سلێمانی دەهێنێت.

ناوهێنانەکە هەڵدانەوەی ڕووداوێکی هێرشی ئەمەریکایە لە سالێ 2003 بۆ سەر مۆڵگەیەکی سەربازانی تورک لە سلێمانی بە تۆمەتی پلاندانان بۆ کوشتنی پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک. ڕووداوەکە ئەوکاتە بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان ئەمەریکا و تورکیا، ەو هەتا ئیستا لە زهنی تورکە تەوەپەرستەکان وەک سوکایەتی بە سەربازانی تورکی ماوەتەوە.

هێرشەکە بۆ سەر دوو سەربازی ئەمەریکی لە شاری ئزیمر دوێنێ دووشەمە لە لایەن 15 تورکی ڕەگەزپەرستەوە ئەنجامدرا کە ئەندامن لە ڕێکخراوی یەکێتی لاوانی تورکیا.

تورەکە خستنەسەری سەربازان

لە پاش ڕووداوەکە، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا وتی ڕووداوەکە جێگەی نیگەرانییانە. هەروەها، پارێزگاری ئزمیر ڕایگەیاند هێرشکاران دەستگیرکراون.

ڤیدیۆی ڕووداوەکە بە فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتۆتەوە. ئەندامانی گرووپەکە هۆکاری هێرشەکەیان گێڕاوەتەوە بۆ ئەوەی گوایە سەربازانی ئەمەریکا لە ڕژانی خوێنی سەربازانی تورک و کوشتنی فەڵەستینییەکان بەرپرسیارن.

دیمەنەکانی ناو ڤیدیۆکە ئەوە نیشاندەدەن کە دوو سەربازە ئەمەریکییەکە بەجلی مەدەنییەوە لە یەکێک لە بازاڕەکانی ئزیمیرن کاتێک 15 تورکە نەتەوەپەرستەکان هێرشیان بۆ دەبەن. هێرشکاران لە دوو سەربازەکە دەدەن و تورەکە دەخەنە سەر سەری یەکێک لە سەربازەکان.

یەکێک لە هیرشکارەکان هوتاف لێدەدات و وەک ئاماژەی تۆڵەکردنەوە هاواردەکات، "ئێمە گەنجانی تورکین. ئێمە ڕێکخراوی یەکێتی لاوانی تورکیاین... ] ئێوە تورەکەتان] خستە سەر سەربازانمان لە سلێمانی."

هێرشکارەکە ئاماژە بە ڕووداوێکی ڕۆژی 4ی حەوتی 2003 دەکات کە تێیدا هێزەکانی ئەمەریکا چەندین سەربازی تورکتان دەستگیرکرد بەگومانی پلانگێران بۆ کوشتنی پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک.

ئۆپەراسیۆنی داقوق و سلێمانی

بەر لە ڕووداوەکەی سلێمانی، هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی 24ی چواری 2003 لە شارۆچکەی داقوق نزیکەی 12 ئەندامی هێزی تایبەتی تورکیایان دەستگیرکرد کە بە جلی مەدەنییەوە هاتبوونە ناو هەرێمی کوردستان و عێراق.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تایمی ئەمەریکی، هێزە تورکییەکە لەژێر بیانوی دابینکردنی هاوکاری مرۆیی هاتبوونە ناوچەکە "بۆ دامەزراندنی ناوچەی دەستەڵاتیان لە شوێنە کوردییەکانی عێراق."

کۆلۆنێل وڵییەم مەیڤێل، فەرماندەی هێزی ئاسمانی 173د ئەمەریکا، بە ڕۆژنامەکەی وتووە، "هێزەکەی تورکیا بە دڵێکی پاکەوە نەهاتوون بۆ ئێرە. ئامانجیان بریتییە لە دروستکردنی ژینگەیەک بۆ ئەوەی تورکیا هێزێکی زۆری ئاشتی پارێز بنێرێت بۆ ناو کەرکوک."

دوای ڕووداوەکەی داقوق، هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی 4ی حەوتی 2003 ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتییان ئەنجامدا بۆ سەر خانووێک لە شاری سلێمانی و تێیدا چەند ئەندامێکی بەرەی تورکمانی و 11 ئەندامی هێزی تایبەتی تورکیایان دەستگیرکرد.

‌بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، هێزەکانی ئەمەریکا هێرشەکەیان بە پشبەستن بە زانیارییەکی هەواڵگری ئەنجامداوە؛ گوایە هێزە تایبەتییەکەی تورکیا پلانی کوشتنی پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوکی داڕشتووە. بەڵام بەرپرسانی تورکیا ئەو تۆمەتەیان بە توندی ڕەتکردووەتەوە.

هاوکات هێزەکانی ئەمەریکا لە خانووەکەدا دەستیانگرتووە بە 15 کیلۆگرام ماددەی تەقینەوە و چەند چەکێک و ڕومانە و چەند نەخشەیەکی شاری کەرکوک کە تێیاندا باڵەخانەی پارێزگا دەستنیشانکرابوو.

رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو ڕاستەوخۆ نیگەرانییەکانی گەیاندە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دیک چینی، بە هۆیەوە هێزە تایبەتەکەی تورکیا دوای 6 کاتژمێر دەستبەسەرکردن ئازادکران.

ڕووداوەکە دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هینا و حکومەتی تورکیا هەڕەشەی داخستنی سنورەکانی وڵاتەکەی کرد بەڕووی سەربازانی ئەمەریکا.

بڵاوبوونەوەی وردەکارییەکانی دەستگیرکردنەکە، لەنێوانیان چۆنیەتی داپۆشینی سەری سەربازانی تورک، وەک سوکایەتی لە میدیای تورکیا وێنا کرا و بەردەوام باسی دەکرێت.