"کارمەندێکی خاشاک کۆکردنەوە" ئەو ڤیدیۆیەی دروستکردووە کە کورد لە ژاپۆن بە تیرۆرست وێنا دەکات

دەزگاکانی هەواڵی ژاپۆن دەڵێن بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شەپۆلێکی فراوانی ڕقوکینەی بەرامبەر بە ڕەوەندی کوردی دروستکرد کارمەندێکی کۆکردنەوەی خاشاکە لە تۆکیۆ.

ئەو پیاوە تەمەن 60 ساڵە بە ڕۆژنامەی ئاساهی شیمبوونی گوتووە، "هەرگیز نەمدەزانی ئەو ڤیدیۆیەی کە بڵاومکردەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەبێت هۆی ئەم هەموو مشتومڕە. هەستی تێکەڵاوم هەیە چونکە ڤیدیۆکە بووە هۆی زیادکردنی جیاکاری."

هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی یەک خولەک و 12 چرکەیی دەنگدانەوەی زۆری لەنێو بەکارهێنانی ژاپۆنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵوێستی ڕقوکینە بەرامبەر کورد و بەشێک لە هاووڵاتیانی ژاپۆن داوای "دەستبەجێ سنورداشکردنەوەی" پەنابەرانی کوردیان دەکرد لە وڵاتەکەدا.

دوای ڤیدیۆکە، سەرۆکی شارەوانی کاواگوچی بە تۆمەتی پشتگیری کردنی دانیشتوانی کوردی شارەکە هەڕەشەی کوشتنی لێکرا.

ئەو پیاوە تەمەن 60 ساڵە کە ناوەکەی بڵاونەکراوەتەوە ئەمڕۆ بە ئاساهی شیمبوونی ڕاگەیاند ئەو ڤیدیۆکەی لە ڕاپۆرتێکی هەواڵی وەرگرتووە و لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەرنامەیەکی مۆبایل بە چەند خولەکیکی کەم ڕاپۆرتەکەی دەستکاری کردووە و بڵاویکردووەتەوە.

ڤیدیۆکە لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە 12 ملیۆن بینەری هەبووە، بەڵام دواتر ڕەشکراوەتەوە. کەسەکە تەنها ئەو بەشانەی بەکارهێندراون کە باس لە ناساندنی پەکەکە وەک گروپێکی تیرۆرستی لەلایەن تورکیاوە دەکات و تێیدا بەرپرسانی تورکیا وتویانە گوایە گروپی تیرۆرستی کوردی لە ژاپۆن چالاکی دەکەن.

سەبارەت بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە، پیاوەکە دەڵێت، "بەردەوام کارەکانم بۆ کۆکردنەوەی خاشاک دوادەکەونبەهۆی ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەلایەن کەسانی بیانییەوە کاری تێکدانی خانوبەرە دەکەن ڕێگاکان دەگرن و ئەوکارە دەکەن بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت. هەرچەندە هەرگیز ناسنامەی ئەو شۆفیرانەم نەپرسیوە، بەڵام بەشی زۆری ئۆتۆمبێلەکان ژمارەی کاواگوچییان لەسەرە. دوای لێکۆڵینەوەم لە پێگەی ئێکس و یوتوب ئاشنای پرسی کورد بووم و هەستی نەرێنیم لەسەر کوردەکانی ژاپۆن بۆ دروستبوو."

لە چەند مانگی ڕابردوودا، پۆستەکانی رقوکینە بەرامبەر بە ڕەوەندی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ژاپۆن بەرزبووەتەوە. ئەو هاوڵاتیانەی دژی مانەوەی پەنابەرانن لە ڕابردوودا چەند جارێک خۆپیشاندانیان بۆ دەرکردنی ڕەوەندی کوردی ئەنجامداوە و دەڵێن گوایە کورد تێکەڵاوی کلتوری ژاپۆنی نابێت و خۆڵ و خاشاک لە شوێنەکان فڕێدەدەن.

مانگی ڕابردوو پۆلیس لە ناوچەی سایتاما کەسێکی ڕووبەڕووی دادگاکردەوە بە تۆمەتی ئەوەی هەڕەشەی لە گروپێکی هاوکاری کوردی کردووە وتویەتی "هەموو کوردەکان دەکوژم."

کۆچی یەسودا، ڕۆژنامەوانێکی ژاپۆنی بواری پەنابەران، بە ئاساهی شیمبوونی ڕاگەیاندووە، "جیاکاری ڕەگەزی دژی کورد کەمتر لەساڵێکدا زیادی کردووە لە ژاپۆن. ئینتەرنێت پڕبووە لەو زانیارییانەی کە هانی جیاکاری دژ بە کورد دەدەن."