سەرۆکی میسر بە سەردانێکی فەڕمی دەگاتە تورکیا

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر ڕۆژی چوارشەممە بە سەردانێکی فەڕمی گەیشتە تورکیا، ئەمەش یەکەم سەردانیەتی لە دوای کۆتاییهێنان بە چەندین ساڵ گرژیی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

بڕیارە سیسی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و شەڕی غەززە و پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ بکەن.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە دەیان ڕێککەوتنی هاوکاری واژۆ بکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان، لەوانەش لە بوارەکانی وزە و بەرگری و گەشتیاریدا.

لە مانگی دووی ئەمساڵ ئەردۆغان دوای زیاتر لە دە ساڵ یەکەم سەردانی بۆ میسر ئەنجامدا، دوای ئەوەی هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر باشترکردنی پەیوەندییەکان و دووبارە دەستنیشانکردنی باڵیۆزەکانیان.

ئەردۆغان ڕایگەیاند، هەردوو وڵات دەیانەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوولایەنە لە 10 ملیار دۆلارەوە بۆ 15 ملیار دۆلار زیادبکەن.

لە ساڵانی ڕابردوودا ئەنکەرە ڕەخنەکانی لە حکومەتی سیسی ڕاگرتووە، بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەگەڵ میسر و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، لە کاتێکدا لە سەروبەندی دابەزینی ئابووری وڵاتەکەیدا بە دوای وەبەرهێناندا دەگەڕێت.

لە مانگی یازدەی ساڵی 2022دا، ئەردۆغان و سیسی لە مۆندیالی قەتەردا چاویان بە یەکترکەوت.

سەرچاوە: AP