بەهۆی تەقینەوەیەک لە پارێزگای کەرکوک 2 کەس دەکوژرێن

بەرپرسانی پارێزگای کەرکووک ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنجامی بۆمبێکی چێندراودا دوو ئەفسەری سوپای عێراق کوژراون و چوار سەربازیش برینداربوون.

سەرچاوەیەکی سەربازی عێراقی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند "دوو ئەفسەر کە یەکێکیان پلەی عەقیدی هەیە کوژراون و چوار سەربازیش برینداربوون کاتێک ئۆتۆمبێلەکەیان بەسەر بۆمبە چێندراوەکەدا ڕۆشتووە."

بەرپرسێکی پزیشکیش ژمارەی قوربانییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان نەگرتووەتە ئەستۆ کە لە‌ ناوچه‌ی غه‌ڕه‌ له‌ قه‌زای دوبزی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌رکوک ڕوویدا.

تا ئێستاش چەکدارانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی هێرشی پچڕپچڕ لە پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدەن، تەنانەت دوای ئەوەی جیهادیەکان لە ساڵی 2017 لە عێراق و دوو ساڵ دواتر لە سوریا شکستیان ڕاگەیەندرا.

هێزە ئاسایشییەکانی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێستا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعشیان هەیە بەبێ هاوکاری، بەو پێیەی ئەو گرووپە هیچ مەترسییەکی بەرچاوی نییە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت سەرباری لاوازی داعش هەرچەندە لە عێراقدا "چالاکییەکانی تاڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵکراون بەڵام گروپەکە توانای هێرشی وردە وردە و کاریگەرانەی هەیە".

سەرچاوە: فرانس پرێس