گەنجێکی هەولێر بە گرتنی وێنە نایابەکانی مانگ سەرنجی جیهانی بەدەستدەهێنێت

خوێندکاری هیچ کۆلێژێکی فەلەکناسی نییە، بەڵکو فەرمانبەرێکی کارگێڕی پارکێکی هەولێرە، کەچی بە وێنە سەرنجڕاکێشەکانی مانگ و واڵایی بینەرێکی زۆری نێودەوڵەتی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

دەریا کاوە میرزای تەمەن 31 ساڵ ڕۆژی 9ی مانگی ڕابردوو وێنەیەکی نایابی نزیککراوەی مانگی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستەگرام بڵاوکردەوە بە ناونیشانی '"پێشکەوتوترین وێنەی مانگ هەتا ئێستا گیرابێت." وێنەکە بە وردەکاری زۆرەوە ڕووی مانگ دەردەخات و بینەر ڕادەکێشێت بۆ سەرنجدانی بەرزایی و چاڵوچۆڵیەکانی مانگ کە بەهۆی گڕکان و نەیزەکەکان دروستبوون.

لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دەریا کاوە میرزا ڕایگەیاند، "بەڕاستی دڵخۆشییم بۆ شێوازی کاردانەوەکان پێناسە ناکرێت، چونکە ماندووبوونەکەم بەرهەمی هەبووە. بەڕاستی زۆر زۆر ماندوو دەبم؛ بە کاتژمێر لە سەربان دەمێنمەوە هەتا وێنەیەک دەگرم و چەند ڕۆژێکی تر سەرقاڵی ئامادەکردنی دەبم."

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، یەکێک لە وێنەکانی مانگ لە ئینستەگرامەکەی زیاتر لە 685 هەزار کاردانەوەی هەبووە و نزیکی 3 هەزار کۆمێنتی بە چەندین زمانی جیاواز لێکەوتووەتەوە. لە پێگەی کۆمەڵایەتی ئەمەریکی ناسراو بە ڕێدێت، وێنەیەکی لە 5 ڕۆژی ڕابردوودا 74 هەزار کاردانەوەی دروستکردووە و زیاتر لە هەزار و 500 سەرنجی لەسەر نوسراوە لە وڵاتانی جیاوازەوە.

یەکێک لە وێنەکانی ڕووی مانگ لەلایەن دەریا کاوە میرزاوە کە بە فراوانی بڵاوبووەتەوە. دەڵێت تەواوی کارەکە چوار ڕۆژی خایاندووە.

یەکێک لە بەشداربووانی ڕێدێت نە زمانی ئینگلیزی نوسیویەتی، "هەرگیز پێشتر وێنەیەکی وەهای مانگم نەبینیوە کە هێندە ڕەنگاوڕەنگ بێت." یەکێکی تر نوسیویەتی، "شوێنی چونە سەرمانگی ئاپۆلۆ 15 لە بەشی چەپی سەرەوەی وێنەکەدا دیارە!" بەشداربووێکی تری ئینستەگرام بە ئینگلیزی نوسیویەتی، "برام ناسا دەبێت ئەو وێنەیە ببینێت."

دەزگای واڵایی ئەمەریکا "ناسا" ئاگاداری کارەکانی دەریا کاوە میرزایە و تەنانەت ساڵی ڕابردوو یەکێک لە کارەکانیشی وەکو وێنەی ڕۆژ بڵاوکردووەتەوە.

هەروەها دەزگای هەواڵی نیوس ویکی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا یەکێک لە وێنەکانی مانگی ئەم کوڕە کوردە بە "هەناسەبڕ" ناودەبات، ئەمە جگە لەوەی چوارەم بەربڵاوترین ڕۆژنامەی هیندستان نوسیویەتی، "دیمەنێکی هەرگیز نەبیندراوی مانگ لەلایەن وێنەگرێکی واڵایی کوردەوە تۆمارکراوە."

دەریا کاوە میرزا تەمەنی 31 ساڵە و لە ڕێگەی وێنەی نایابی مانگ و واڵایی سەرنجێکی زۆری بۆ کارەکانی دروستکردووە.

دەریا کاوە میرزا کارمەندی شارەوانی هەولێرە و لە بەشی کارگێڕی پارکی سامی عەبدولرەحمان بە کاروباری کۆمپیوتەر سەرقاڵە. ئەو دەرچووی زانکۆی سەڵاحەدینە لە کۆلێژی کشتوکاڵ بەشی خاک و ئاو.

دەڵێت چیرۆکی سەرکەوتنی لەم بوارەدا کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017 بە بەکارهێنانی تێلسکۆپێکی "منداڵان" دەستیپێکرد.

بە دەنگی ئەمەریکای وت، "من پێشتر خولیای وێنەگرتنی سروشت و خەڵکم هەبوو. ڕۆژێک لە گرووپەکان بینیم کەسێک وێنەی گەردوون و ئاسمانی گرتبوو، منیش لام سەیر بوو، پرسیم، 'چۆن ئەو شتانە دەگیرێن؟' ئیتر ئەوکات لەسەر تێلسکۆب زانیاریم وەرگرت و کەوتە مێشکمەوە. گەڕام و خۆشبەختانە تێلسکۆپێکم پەیداکرد. هەرچەندە هی منداڵ بوو بەڵام توانیم لەگەڵی بەردەوام ببم."

ڕایگەیاند دوای بڵاوکردنەوەی وێنەکان و بەرفراوانی کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەندین لێکۆلەر لە دەزگا نێودەوڵەتییەکان پەیوەندییان پێوکردووە، لە نیوانیان توێژەران لە ناشناڵ جیۆگرافیک.

دەریا کاوە میرزا بە زمانێکی سادە بەڵام بە دەنگێکی پڕ لە هیواوە دەڵێت، "بەڕاسی شانازی دەکەم، چونکە خۆشم چاوەڕێم نەدەکرد بگەم بەم ئاستە. سوپاس بۆ خوا."

لەم وێنەیەدا کاوە میرزا توانیویەتی بە وردەکاری زۆرەوە چاڵەکانی سەر مانگ دەربخات کە لە ئەنجامی نەیزەکەکان و بەردی ئاسمانی دروستبوون.

دەریا دوای ئەوەی کاری ڕۆژانەی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان تەواودەبێت و دەگەڕێتە ماڵەوە لە گەڕەکی ئازادی شاری هەولێر، سەرنجی لەسەر ئەوەیە دوای ئێوارە لە سەربانی ماڵەکەیان کام وێنەی جوانی ئاسمان و گەردوون بگرێت و بە خەڵکی ئاشنا بکات. دەڵێت خێزانەکەی ئاگاداری گرنگی ئەوکارەن بۆی و "هیچ دەنگە دەنگێک ناکەن و تەنانەت دەرگای سەربانیش ناکەنەوە بۆ ئەوەی ڕووناکی جیاواز وێنەی تێلسکۆپەکە نەشێوێنێت."

هەر وێنەیەک پێویستی بە چەندین کاتژمێر وردبوونەوە و کاری بەردەوامی چەند ڕۆژ هەیە. دوایین وێنەکەی مانگی کە زۆترین کاردانەوەی لیکەوتەوە، پێویستی بە 4 ڕۆژ کارکردن هەبووە.

ڕایگەیاند، "بۆ وێنەی مانگەکە بەختم هەبوو، چونکە پاڵاوگەکان و تۆزوخۆڵ و بۆنی سوتانی پوشوپەڵاش گەلێک زۆرن لە هەولێر و هەراسانمان دەکەن. بەڵام ئەو ڕۆژە بەختم هەبوو. هەرچەندە پلەی گەرمی کامێراکانم گەیشتبوو بە 51 پلە، بەڵام هەر توانیم ئەو وێنەیە بچرکێنم."