ڕێکخراوێکی بواری تەندروستی: دەستێکی سیاسی و حزبی ڕێگرە لە دروستکردنی بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم 

بەهۆی نەبوونی بیمەی تەندروستی، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە تێچوویەکی زۆر لە نەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرن، گەرچی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان زۆر هەوڵدرا پرۆژە یاسایەک ئامادە بکرێت و بکرێت بە یاسا، بەڵام نەتوانرا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

ڕێکخراوی ئاران کە چاودێری کارەکانی حکومەت دەکات دەڵێت،" بەمەبەستی قازانجکردنی زیاتر دەستێکی سیاسی و حزبی هەیە بۆ ڕێگریکردن لەوەی هەموو تاکێک ببێتە خاوەنی بیمەی تەندروستی."

جەلال محەمەد، ئەندامی تەندروستی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سەبارەت بە پرۆژە یاسایی بیمەی تەندروستی، ئێمە لە لیژنەی تەندروستی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان پرۆژە یاسایەکمان ئامادەکرد بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم و کۆمەڵێک لە کەسانی شارەزا و چەند کۆبوونەوەیەکی لەسەر کرا، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا بکرێت بە یاسا."

وتیشی،"گرفتەکانی پێش پرۆژە یاسایەکە دەتوانم بڵێم زۆربوون، لەوانە ئێمە وەکو لیژنەی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی درەنگ لە ساڵی سێەم کاری لەسەر کرا و دەبوایە ساڵی یەکەم کاری لەسەر بکرایە، هەروەها لە ساڵی سێیەم گرفتی لایەنە سیاسیەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و ئەو گرفتانە وایکرد ماوەیەک پەرلەمان کار نەکات، هەروەها ماوەیەک گرفت لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا هەبوو و دانیشتن نەبوو، ئەمانە هۆکار بوون لەوەی پرۆژە یاسای بیمەی تەندروستی نەبێت بە یاسا."

بیمەی تەندروستی یەکێکە لە خزمەتگوزارییەکانی هەر وڵات و حکومەتێک پێشکەش بە هاووڵاتیانی دەکات و خەرجی پێویست بە تەندروستیان لەسەر سووک دەکات.

هەژار بابان، بەڕێوەبەری پرۆگرامی تەندروستی لە ڕێکخراوی ئاران، کە چاودێری کارەکانی حکومەت دەکات، باس لەوە دەکات کە دەستێکی " حزبی و سیاسی" هەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەبنە خاوەنی بیمەی تەندورستی.

هەژار بابان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پرسی بیمە پرسێکی نیشتمانییە لە هەموو وڵاتانی دونیادا وایە دەبێت دەوڵەت ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەم بابەتە بکات، بەڵام لە ڕێگای کەرتی تایبەتەوە دەکرێت، ئەمەش دەبێت بە یاسا ڕێک بخرێت بۆ ئەوەی نەبێتە قۆرخکاری، لە سەر ئاستی هەریمی کوردستان ئەتوانین بڵێن بیمەی تەندروستی نیە کە بەو مۆدیلەی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا هەیە."

وتیشی،" بیمەی تەندروستی بۆ کۆی هاوڵاتیە و دەبێت ڕەچاوی باری دارایی و داهاتی تاک بکرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی بیمەی تەندروستی بۆ خۆییی بکات، هۆکاری ڕێگری لە نەبوونی یاسایەک بۆ بیمە، زیاتر سیاسی و حزبیە، ئەوەش بۆچی؟ لەبەر ئەوەی زۆردارێکی زۆر گەورەی سیاسی و حزبی لە کەرتی تەندروستیدا هەیە چونکە لە کەرتێکی زۆر پڕ قازانجدا کار دەکەن."

ڕێکخراوی ئاران کە چاودێری کارەکانی حکومەت بە تایبەت کار لەسەر کەرتی تەندروستی دەکات، دەشڵێت،" ئەو پارەیەی ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بە دەرمان دەدرێت، تریلۆنێک و دوو ملیۆن دۆلارە، ئەمە پارەیەکی یەکجار زۆرە کە حزبە دەستڕۆشتووەکانی هەرێمی کوردستان بازرگانی دەرمانیان بۆ خۆیان قۆڕخرکردووە و دوو زۆنی دەرمان دروستبووە لە هەرێمی کوردستاندا."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر هەوڵەکان بۆ دروستکردنی بیمەی تەندروستی بۆ هەموو تاکێکی هەرێی کوردستان، پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە.

هەردی حەسن یەکێکە لەو هاووڵاتیانەی کە نیگەرانە لە کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت،" زۆریەک لە نەشتەرگەریە گەورەکان لە نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت دەکرێت، یاخود هەندێک چارەسەر هەیە لە نەخۆشخانە حکومیەکان ناکرێت و لە کەرتی تایبەت بە پارەیەی زۆر بۆ نەخۆش دەکرێت، ئەمەش بارگرانیەکی زۆری لەسەر نەخۆش دروستکردووە."

وتیشی،" گەر یاسایەک هەبێت بۆ بیمەی تەندروستی ئەوکات تێچووەکان لەسەر هاووڵاتیان کاتێک نەخۆش دەبێت کەمتر دەبێتەوە و نابێتە بارگرانی."

دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری جیاوازیان لەبارەی ژمارەی نەخۆشخانە حکومیەکانی هەرێمەوە هەیە، بە پێی دواین ئاماری دەستەی ئامار لە هەرێمی کوردستان 128 نەخۆخشانەی حکومی هەیە، هەروەها بە پێی ئامارێک کە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوکرایەوە لەسەرانسەری هەرێم 83 نەخۆشخانەی حکومی هەیە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی هیچ ئامارێکی نەخستووەتە ڕوو.

ڕێکخراوی ئاران ئەوەشی خستووەتە ڕوو لە هەرێمی کوردستان، 79 نەخۆشخانەی تایبەت هەیە و هەموو ڕۆژێک 365 نەشتەرگەری لەو نەخۆشخانانە دەکرێت بە پارەیەکی یەکجار زۆر، بە بەراورد لەگەڵ داهاتی خەڵکی هەرێم.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە نزیکەی 5 هەزار کلینکی پزیشکی هەیە، گەر بێت و بیمەی تەندروستی هەبێت هەموو ئەمانە کاریان کەم دەبێتەوە و داهاتیان کەمدەبێتەوە و ئەم سیاسیەتەمە ڕێگری دەکات لە" قۆڕخکاری".