ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، لایەنە کوردییەکان بەشێک لە لایەنگرانیان لە کەمپی زڕگوێزەوە بۆ ناوچەی سورداش گواستووەتەوە، بەڵام ژیان لە سورداش بۆ ئەوان قورسە و هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە.
نەوید میهراوەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەر سێ لایەنە کوردییەکەی کامپی زڕگوێز ڕەزامەندییان دەربڕیووە بۆ جێهێشتنی زڕگوێز و ڕۆیشتن بەرەو سورداش، بەڵام دۆخەکە لە سورداش بۆ ئێمە قورسە."
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ئێران و کۆمەڵەی حزبی کۆمۆنیست، ئەو سێ لایەنە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەی ئێرانن کە فشار خراوەتە سەریان بۆ جێهێشتنی ناوچەی زڕگوێزو ڕۆیشتن بەرەو ناوچەی سورداش.
نەوید میهراوەر دەڵێت،"هەر سێ لایەنەکە بەشێک لە لایەنگرانمان بۆ ناوچەی سورداش گواستەوە، ڕەزامەندیشمان دەربڕیووە لە داهاتوودا زڕگوێز چۆڵ بکەین."
دوێنێ چوارشەممە، 4 ی مانگی نۆی 2024، هێزێکی ئەمنی چوونە ناوچەی زڕگوێز و داوای چۆڵکردنی کەمپەکانی زڕگوێزیان لە هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و ڕۆیشتن بەرەو ناوچەی سورداش لێکردن.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە دۆسیەی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشتر بەرپرسێکی باڵای کورد لەگەڵ حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کۆبووەتەوە، پێیڕاگەیاندوون فشاریان لەسەرەو داوای لێکردوون ناوچەی زڕگوێز چۆڵ بکەن."
سەرچاوەکە وتیشی،"بەرپرسە باڵا کوردەکە بە حزبە کوردییەکانی وتووە، فشاری ئێران و عێراقمان لەسەرەو خۆشمان لە دۆخەکە نیگەرانین، بەڵام ناچارین داواتان لێ بکەین بۆ چۆڵکردنی زڕگوێز."
فشارخستنە سەر حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بۆ چۆڵکردنی ناوچەی زڕگوێز لە کاتێکدایە، ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئێرانەوە چەندین جار هێرش بۆ سەر بنکەو بارەگاکانیان لە ناوچەکانی کۆیەو زڕگوێز و پردێ ئەنجامدرا، بەهۆی ئەو هێرشانەوە چەندین کەسیان کوژران و برینداربوون.
فشارەکانی ئێران بە بۆمبارانکردنی بنکەو بارەگای هێزە کوردییەکانەوە نەوەستا، بەڵکو لە ڕێگەی دروستکردنی فشار لەسەر حکومەتی هەرێم ئەو لایەنە کوردییانەی ناچار کرد هێزەکانیان لە ناوچە سنورییەکان بکێشنەوە.
سەبارەت بەوەی ناوچەی زڕگوێز و سورداش چی جیاوازییەکی هەیەو بۆچی ئێران دەیەوێت ئەو هێزانە لە زرگوێز نەمێنن، سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکە وتی،"ڕەنگە ئێران گومانی هەبێت لە هەبوونی چەک و ژێر زەمین لە زڕگوێز، پاشان فشارەکانی ئێران پەیامن بۆ ئەو لایەنانە بەوەی چی بوێت دەیکات."
پێشتر ئێران داوای ڕادەستکردنی نزیکەی 22 کەسی لەسەرکردەو فەرماندەی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی کردبوو، بەشێک لەو سەرکردانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و بەشەکەی تریان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمن.
بەڕای چاودێران، ئێران دەست بەرداری فشارەکانی نابێت و لە حاڵەتی چۆڵکردنی ناوچەی زڕگوێزیشدا، فشاری دیکە تر بە شێوەی جۆراو جۆر لەسەر ئەو حزبانە دەست پێدەکاتەوە.
نەوید میهراوەر دەڵێت،"دۆخی سورداش بۆ ئێمە قورسە، چونکە لە زڕگوێز ماڵ و حاڵمان بونیاتناوە، لە کاتێکدا ئەو شوێنانەی لە سورداش ئامادەکراون خزمەتگوزارییان تێدا نییەو دەبێت بچینە نێو کابینە."
پێشتر لە ژێر فشاری ئێران دا و دوای چەندین جار بۆردومانکردنی بنکەو بارەگاکانیان، چەند بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەی کۆیە بە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چۆڵکران.