تورکیا و پێشێلکردنی سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق

لەوەتای تورکیا بۆردومان و هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، زۆربەی هەرە زۆری قوربانییەکان خەڵکی سیڤیلن.

عماد ئەلموسافر، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لەوبڕوایەدایە هەموو ئەو کارانەی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەیانکات بریتین لە پێشێلکاری و دەڵێت "پێشێلکردنەکانی سەروەریی عێراق لەلایەن تورکیاوە، نە یەکەم جارە و نە کۆتا جاریشە ڕووبدەن لە سایەی ئەو ڕووداوانەدا و لە سایەی ئەو جۆرە ڕێککەوتنانەدا کە بە ڕێککەوتنی بەهێز دانانرێن. ڕاستە ئەو هێرشانەی تورکیا بە ئامانجی لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکرێت لە کاتێکدا پەکەکە لەناو خەڵکی ئاساییدا جموجۆڵی هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە قوربانییەکان لەناو خەڵکی سیڤیلدا دەبن. کاردانەوەکانی عێراقیش هەرگیز لەگەڵ ناوی سەروەریدا یەک ناگرێتەوە، چونکە کاتێک دەوڵەت داوای سەروەریی دەکات ئەوا دەبێت ئەو سەروەرییە هەموو خاکی عێراق بگرێتەوە."

تورکیا بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەوەی هێرشە ئاسمانی و کردە لەشکرییەکانیشی دژ بە بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە (پەکەکە)، بەڵام لەو هێرشانەدا ئەوانەی زیاتر پێوە دەبن خەڵکی سیڤیلن.
لە ئاکامی هێرشێکی درۆنی، دوو خانمە ڕۆژنامەوان دەکوژرێن لە نزیک شارۆچکەی سەید سادقەوە و ڕۆژی 4ی مانگی 9ش لە ئاکامی هێرشی درۆنێکەوە باوکێک و دوو کوڕی کە تەمەنیان 15 و 13 ساڵ بووە کوژراون و هەر یەک ڕۆژ دواتریش لە شارباژێر، بەهەمان شێوە 3 هاوڵاتی تری سیڤیل کوژراون.

غەیث ئەلتەمیمی، نوسەر و لێکۆڵەرێکی عێراقییە و دەڵێت "لە ڕووی پرەنسیپەوە و وەک بارێکی باویش، هەمیشە هاووڵاتیان و خەڵکی سیڤیل و خەڵکی بێتاوان باجی شەڕ و ململانێکان دەدەن و ئەمەش شتێکی نوێ نییە نە بۆ عێراق و نە بۆ هەرێمی کوردستانیش خەڵک باجی ئەو سیاسەتانە بدەن کە هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت."

هاوکاتی کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەی فوئاد حوسەین، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا باس لە تێگەیشتنێکی ئاسایشی کرا لە نێوان بەغدا و ئانکەرەدا و ڕێککەوتنیشی لەسەر کراوە.

عماد ئەلموسافر دەڵێت "ناکرێت ئەوە بە ڕێککەوتن ناودێر بکرێت چونکە ئاوەها ڕێککەوتنێک پێویستە لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگی لەسەر بدرێت هەتا ڕەوایی هەبێت. ئەگەر پێداچوونەوەیەکیش بە بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنەدا بکرێت ئەوا دەزانرێت کە هیچ بەرابەرییەکی تیادا نییە لەو ڕوانگەیەوەی ڕێگەی داوە بە هێزەکانی تورکیا لەناو عیراقدا شەڕی پەکە بکەن بەڵام هیچ ڕێگەپێدانێکی تیادا نییە هێزە عێراقییەکان کارێکی هاوشێوە بکەن لەناو خاکی تورکیادا."

غەیث ئەلتەمیمی دەڵێت "کاتێک حکومەتی عێراق باس لەو جۆرە دۆسێیانە دەکات و ئەو جۆرە ڕێککەوتنانە دەکات لەگەڵ تورکەکاندا، ئەوا ناچارە بیانکات، لێرەدا بابەتە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا ئێمە وەک هاووڵاتی عێراقیی و بەتایبەتیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و بە دیاریکراویش بەڕێوبەرایەتی لە سلێمانی، چۆن دەتوانین بەرەنگاری ئەو هەوڵە گێرەشێوێنانە ببینەوە هەتا بتوانین ژیانی هاووڵاتیانی خۆمان بپارێزین."

ئەم لێدوانەی غەیث ئەلتەمیمی لە کاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە ناوچەکانی برادۆست و بادینان و هەولێریش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە کوژران و بریندار بوون.
تورکیا دەیان بنکەی سەربازیی لەناوچەکانی باکوری خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا داناوە و بە هۆیەوە دەیان گوندی ئەو ناوچانە چۆڵکراون و سەربازەکانی لەشکری تورکیا ڕێگە نادەن خەڵکەکەی بگەڕێنەوە بۆ گوندە چۆڵکراوەکان.

لە چەند مانگی ڕابردووشدا بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی سەربازەکانی لەو بنکانەدا زیاتر کرد، ئەمە بێ لەوەی کەرەستە و ئامێر و زرێپۆشی زیاتریشی ناردۆتە ئەو ناوچانە.

زیادکردنە لەشکرییەکەی تورکیا بە ئەندازەیەک بووە، نیگەرانی نوێی هێناوەتە ئاراوە وەک ئاماژەی پێدەکرا دەشێت ئانکەرە مەبەستی تری هەبێت لە عێراقدا بەو ئامانجەی کۆنترۆڵی دەڤەری موسڵ بکات لە باکوری وڵاتەکەدا.

بەڕێز ئەلتەمیمی دەڵێت "ئەم قەیرانە قەیرانێکی ئاڵۆزە و پیویستی بە لێکتێگەیشتنێکی فراوانی جەند لایەنە هەیە کورد و کورد، عەرەبی و کوردی و هەروەهاش پێویستی بە لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و تورکیاش هەیە و هەروەهاش عێراق و ئێرانیش، بەڵام هەموو توخمەکانی ئەو لێکتێگەیشتنانە غایبن و هەوڵەکانی ئەمەریکا و هەوڵە نێونەتەوەییەکانیش بەو ئامانجەن سەقامگیریی لەو ناوچانەدا هەبن."

زۆرێک لە چالاکوانان و تەنانەت بەشێکیش لە سیاسەتمەدارانی عێراق پێیان وایە نەبوونی کاردانەوەیەکی ڕژد لەلایەن هەردوو حکومەتی نێوەندی و هەرێمی کوردستانیش، گومان و پرسیارێکی زۆری خستۆتە سەر دۆسێی سەروەریی لە عێراقدا و دەپرسن "چ مانایەک بۆ سەروەریی وڵات دەمێنێتەوە، کاتێک وڵاتێکی تر بە هەر بیانوویەک بێت، هاووڵاتیانی سیڤیل بکوژێت."

بەڕێز ئەلموسافر دەڵێت، نەبوونی کاردانەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەشێت بگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە وەک دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە زۆر ڕووداودا وتوویەتی، ئەرکی هێزی پێشمەرگە نییە داکۆکی لە سنورەکانی دەرەوەی هەرێم بکات و ئەوە ئەرکی حکومەتی نێوەندییە و خاوەنی لەشکرێکی نیشتمانییە بۆ ئەو ئەرکە. ئەوەش کە ڕاگەیەندراوی توند نابینین لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا، پەیوەندی هەیە بە بوونی بەرژەوەندی تایبەتەوە و سیاسەتمەدارانی کورد وەهای دەبینن کە پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە لە ڕاگەیاندراوەکان لە پێشترن."

بەپێی ڕێککەوتن و تێگەیشتنەکانی نێوان بەغدا و ئانکەرە تورکیا دەتوانێت لە ڕووبەرێکی دیاریکراودا کردە ئاسایشییەکانی خۆی بکات، بەڵام وەک چاودێر دەڵێن هێزەکانی تورکیا زۆر لەوە زیاتر هاتوونەتە پێش لەو سنورەی بۆیان دیاریکرابوو، ئەمە بێ لەوەی بۆردومان و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا زۆربەری هەرە زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، لە زاخۆوە تا پێنجوین.