سەرچاوەیەک لە حزبی دیموکرات: ئەندامەکەمان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانیەوە ڕادەستی ئێران کراوەتەوە

بێهزاد خەسرەوەی

سەرچاوەیەکی باڵا لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕایدەگەیەنێت، ئەندامێکیان لەلایەن دەزگا ئاسایشیەکانی سلێمانیەوە ڕادەستی ئێران کراوەتەوە، وتیشی، ئەندامەکەمان کە ماوەی چەند ساڵێکە لە شاری سلێمانی دەژی باری دەروونی جێگیر نەبووە. دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت لەسەر داوای خۆی گەڕێندراوەتەوە بۆ ئێران.

سەرچاوە باڵاکەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەهزاد خوسرەوی تەمەنی 37 ساڵە و ئەندامی ئێمەیە، ماوەی نزیکەی حەوت ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکەکەی لە سلێمانی دەژی، بەڵام چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن ئاسایشی یەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانیەوە بانگهێشتکراوە و دەستگیرکراوە، دواتر رادەستی ئێران کراوەتەوە."

وتیشی،" وەک حزب لە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی دۆسیەکەداین لەگەڵ یووئێن و بە زوترین کات هەڵویستی فەرمی حزب لە بارەی ڕادەستکردنەوەی بەهزادەوە ڕادەگەیەنین."

بەهزاد خوسرەوی، خەڵکی شاری سەقزی ئێرانە و هەڵسوڕاوی سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستا نی ئێرانە، هاوکات مافی مانەوەی لەلایەن یوئێنەوە پێدراوە، بەڵام بە قسەی حزبەکەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە رادەستی ئێران کراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو حزبەی بەهزاد تێیدا ئەندامە لە ئێران قەدەغەکراوە و ئەندامەکانیشی ڕێگە پێدراو نین بگەڕینەوە بۆ ئێران.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکدا بڵاوی بێهزاد خەسرەوی بەهۆی "نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون" لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناو شاری سلێمانی دەستگیرکراوە.

ئاسایش لە بەیاننامەکەی ڕۆژی هەینیدا دەڵێت "دوای دەستگیرکردنی و لەسەر داوای خۆی ( بێهزاد خەسرەوی ) داوای گەڕانەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش ئاسایشی سلێمانی بەڵێن نامەیەکی یاسایی پێ واژۆ دەکات کە داواکار لەسەر خواستی خۆی دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، دواتر ڕێکارە یاساییەکانی گەڕانەوەی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ جێبەجێ کراوە."

ئەمش لە کاتێکدایە رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت کە بەهزاد خوسرەوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیەوە دەستگیرکراوە و ڕادەستی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێرانیان کردوەتەوە.

لە راپۆرتەکەی ڕێکخراوی هەنگاودا هاتووە،" هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، بێهزاد خوسرەوی، پەنابەری سیاسی تەمەن 35 ساڵ و خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانیان ڕادەستی ئێران کردوەتەوە کە ناوبراو خاوەن پێداویستیی تایبەتە."

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات،" هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی فشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی بێهزاد خوسرەوی زیاد کردووە و 10 رۆژ مۆڵەتیان بە دایک و خوشکەکەی داوە کە شاری سلێمانی بەجێبهێڵن."