بڕیارە لە مانگی یانزەی ئەمساڵ دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانی گەرمیان لە بیابانی " تەلشێخی سەماوە" بکرێت و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەڕێگای میدیاکانەوە پرۆسەکە بگوازرێتەوە ئەمەش لە کاتێکدایە بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەڵێن، ناڕازین بەم پرۆسەیە.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵێ پەیوەندی و بەدواداچوونمان لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندارەکان ئەنجامدا، لەوانە بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق و نوێنەرایەتی ڕێکخراوی ICMP نێودەوڵەتی و پزیشکی داد و بەپێی کۆنوسێکی هاوبەشی نێوانیان لە یەکێک لە گۆڕەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە پەیوەندارەکان و بەشێوەی پەخشی ڕاستەوخۆ هەڵبدرێتەوە و ڕێکخراوی ICMP چاودێری پرۆسەکە دەکات."
وتیشی،" وەک هەنگاوی یەکەم لە کۆی دوو گۆڕی ئامادەبوو تەنها گۆڕێک هەڵدەدرێتەوە کە بەپێی خەمڵاندنی تیمەکان نزیکەی 200 ڕوفاتی تێدایە و شەهیدانی ئەنفالکراوی گەرمیانن و لە ڕووی ڕەگەز و تەمەنەوە تێکەڵن و منداڵی ساوا و گەنج و بەتەمەنیشی تێدایە."
لەگەڵ ڕاگەیاندنی وادەی هەڵدانەوەی ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە کە دەوترێت" ئەنفالکروانی گەرمیانن" نیگەرانی بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی لێکەوتەوە و لەسنوری کۆیە و تەق تەق و گەرمیان هەڵمەتی واژوو کۆکردنەوە دژی هەڵدانەوەکە دەستی پێکرد و وەک خۆیان دەڵێن،" گۆڕە بەکۆمەڵەکان شوێندراون و بە قەپی شۆفل زەوی چاڵکراوە و لە هەندێک شوێن کەلە سەر هاتووەتە دەرەوە و مەترسی شێواندنی تەواو هەیە لەگەڵ ئەوەشدا، بێ پشکنینی DNA بۆ ڕوفاتەکان و کەسوکاری ئەنفالکراوان هەڵدانەوەی گۆڕەکانمان پێ قبوڵ نیە."
تەیمور عەبدوڵا ناسراو بە تەیموری ئەنفال، یەکێکە لە ڕزگاربووانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکانی بیابانی سەماوەی پارێزگای موسەنا، هاوکات کە ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " من وەکو تاکە ڕزگاربووی ناو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی کە بڕیارە هەڵبدرێتەوە لەهەمانکاتدا وەکو کەسوکاری ئەنفالکراوان ناڕازین لە هەڵدانەوەی گۆڕەکان، کە ڕووفاتی 115 کەس لە خانەوادەکەمی تێدایە، بەهۆی تێکدان و شێواندنیانەوە کە جاران شوێنەکەیانم دەزانی، بەڵام ئێستا نازانم لە کوێن و بە قەپی شۆفڵ هەمووی تێکدراوە."
بەگوتەی چاودێرانی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال، هۆکاری سەرەکی دواخستنی کاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ مانگی یانزە بەهۆی گەرمای بە تینی ئەو ناوچانەیە و تیمەکان ناتوانن بە ئاسانی کار لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە بکەن.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بە عس لە ساڵی 2003، تا ئێستا چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و بە گوێرەی ئەو ئامارەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە تا ئێستا 1870 ڕووفاتی ناو ئەو گۆڕانە هێنراونەتەوە بۆ ناوچەکانی کەلار، بارزان و چەمچەماڵ و دواتر بەخاک سپێردراون.
بەپێی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2015ی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کراوە، ئەرکی ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ڕووفاتی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کەسوکارەکانیان سپێردراوە بە پزیشکی دادی بەغدا.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" سەبارەت بە پاراستنی گۆڕەکان تا تەواوبوونی پرۆسەی هەڵدانەوەیان، جەختمان کردووەتەوە کە هەر کردەوەیەکی شێواندنی گۆڕەکان قبوڵ ناکەین و بە پێی یاسایی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ڕووبەروی یاساییان دەکەینەوە وەک چۆن پێشتر بە تۆمەتی کەمتەرخەمی لەئەنجامنەدانی پشکنینی DNA سکاڵامان لەدژی پزیشکی داد لەلای داواکاری گشتی عێراق تۆمارکرد."
بەڵام تەیموری ئەنفال پێی وایە ئەو 171 ڕوفاتەی بە بەبێ پشکنینی DNA ئەمساڵ برانەوە بۆ چەمچەماڵ، "پێشێلی هەموو یاساکانی عێراق و یاسا نێودەوڵەتیەکانی تیدا کرا، لەکاتێکدا بڕیار وابوو لە ماوەی 21 ڕۆژدا دەرئەنجامی پشکنینەکانمان پێبدەن، بەڵام بە داخەوە ئەوە ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی بەسەر چووە و هێشتا دەرئەنجامەکان دیار نیە، کە تەلەفون دەکەم بۆ پزیشکی داد وەڵامم نادەنەوە، بۆیە نامانەوێت هەڵدانەوەی ئەم گۆڕانەش بە دەردی ئەوانی پێشووتر بچێت و ئێمە ناڕازین بەو شێوازە هەڵدانەوەیە کە بە حەفارە بچنە سەر گۆڕەکان و پشکنینی دی ئێن ئەی نەکرێت و نەناسرێنەوە گۆڕەکان بۆ هەڵبدرێنەوە."
تەیمور ، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە هەر کەس بچێتە ئەو سەحرایە ئەوکات دیمەنەکان بە چاوی خۆیی دەبینێت کە چۆن بە" قەپی شۆفڵ" مەتر و نیو بۆ دوو مەتر زەویەکە چاڵکراوە و گۆڕەکان تێکدراوە و دەشڵێت،" هەڵمەتێکی چڕی واژوو کۆکردنەوە و گردبوونەوە و مانگرتن دەست پێدەکەین بۆ هەڵنەدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان."
لە مانگی 7ی ساڵی 2019، ڕووفاتی 171 ئەنفالکراو لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی بیابانی سەماوەی پارێزگای موسەنا دەرهێنران، بەڵام بەهۆی ئەنجام نەدانی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆیان، ماوەی چوار ساڵ لە پزیشکی دادی بەغدا هێڵرانەوە هەتا لە مانگی دووی ئەمساڵ گەڕێنرانەوە بۆ چەمچەماڵ و بەخاک سپێردران.
دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هێنانەوەیان بۆ کوردستان، پەیوەندی بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
دوو گۆڕی تری بەکۆمەڵ لە تەنیشت ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا دۆزراونەتەوە کە171 ئەنفالکراوی تێدابوو، بڕیارە لە مانگی یانزە کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕێکیان بکرێت.
لە ساڵی 2005 و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، یەکەم قۆناغی گێڕانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کە لە قۆناغی یەکەمدا ڕووفاتی 503 ئەنفالکراوی بارزان گەڕێنرانەوە بۆ ناوچەکانیان.
Your browser doesn’t support HTML5