لایەنە شیعەکانی عێراق بە چەند دۆسییەکی گرێدراو بە گەندەڵی و چاوپۆشیکردن لە گەندەڵی و دروستکردنی تۆڕی سیخوری حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی تۆمەتبار دەکەن، بەم دۆسیانە تەنگیان بە سودانی هەڵچنیووە تا بیر لە دروستکردنی لیست بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەکاتەوە.
سەرباری ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکان و محەمەد شیاع سودانی و دروستکردنی فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتەکەی، بەڵام لەکارخستنی حکومەتی عێراق لەمکاتەدا بە ئەگەرێکی دوور دەزانرێت، بەو پێیەی دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت و قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە.
لایەنە شیعەکانی عێراق، حکومەتەکەی سودانی تۆمەتبار دەکەن بە دروستکردنی "تۆڕێکی سیخوری"و گوێگرتن لە پەیوەندی تەلەفۆنی سەرکردە شیعەکان و پیاوانی ئاینی، گوایە ئەندامانی تۆڕەکە سەر بە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقن و تۆڕەکە لەلایەن محەمەد جوحی، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانەوە سەرپەرشتی کراوە.
مستەفا سنێد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد جوحی بە "دەستە ڕاست"ی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناودەبات، لە کاتێکدا محەمەد شیاع سودانی و دەزگای هەواڵگیری عێراق تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر دروستکردنی تۆڕە سیخورییەکە لەلایەن ستافی نوسینگەی سودانییەوە ڕاست بێت و پلان نەبێت بۆ کۆت و بەندکردنی، ئەوا دۆخەکە بۆ سودانی قورس دەبێت."
سەرچاوەکە دەڵێت، "سودانی پلانی بەدەستهێنانەوەی پۆستەکەی و دروستکردنی لیستی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق هەبوو، ئەم دۆسیانە خەونەکانی ناوبراویان کوشت و لەبار برد."
نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەز عەلی سەرۆکی عەسایبی ئەهلی حەق ناکۆکییەکانیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق تەواو قوڵبووەتەوە و پێیانوایە سیخورییان بەسەرەوە کراوە. هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدریش "نیگەرانە" لەو ڕێککەوتنانەی نێوان حکومەتەکەی سودانی و تورکیا کە لە مانگی چواری ئەمساڵ لە بەغدا واژۆ کران.
بەڕای چاودێران، لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی هەرچەندە لە نێو خۆیاندا ڕکابەری یەکتری دەکەن، بەڵام بەهەمووشیانەوە ڕکابەری هەر کەس و لایەنێک دەکەن کە مەترسی لەسەر پێگەیان دروست بکات.
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارو ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێزە شیعەکان لە نێو خۆیاندا ناکۆکن و بۆ دژایەتی سودانی دابەشبوون بەسەر دوو بەرە، ئەمەش حکومەتی عێراق دووچاری گرفت دەکات."
دەشڵێت،"سەرۆک وەزیرانی عێراق نیازی دروستکردنی لیستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، گەر ئەو نیازەی نەبایە لەلایەن هێزە شیعەکانەوە دژایەتی نەدەکرا."
دژایەتیکردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن هێزە شیعەکانەوە لەکاتێکدایە، ناوبراو لە سەرووبەندی کشانەوەی ڕەوتی سەدر لەپەرلەمانی عێراق ئەو هێزانە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕایانسپارد.
فشاری هێزە شیعەکان لەسەر محەمەد شیاع سودانی کە هۆکارەکەی بۆ ئەگەری دروستکردنی لیست دەگێڕدرێتەوە، بە دووبارە بوونەوەی سیناریۆی سەردەمی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دادەنرێت، بەو پێیەی خەونی کازمیش بۆ دروستکردنی لیست لەگۆڕ نرا.
سەرچاوە سیاسییەکە دەڵێت،"دۆخی سودانی خراپەو پێناچێت تەحەدای لایەنە شیعەکان بکات، چونکە پشتگیری بە هێزی لەناو ئەولایەنانەدا نەماوە."
دەشڵێت،"لایەنە شیعەکان ناهێڵن هیچ سەرۆکوەزیرانێک پێگەکەی بۆ بەهێزکردنی خۆی و دروستکردنی لیست بەکاربهێنێت، بۆیە لە داهاتووشدا هەر سەرۆکوەزیرانێکی تریش بێت چارەنوسی وەکو سودانی و کازمی دەبێت."
لەپاڵ تۆمەتی دروستکردنی تۆڕی سیخوری، تۆمەتی پێدانی پرۆژەی نوێ و چاوپۆشیکردن لە نور زوهێر کە تۆمەتباری سەرەکی "دزی سەدە"یە دەدرێتە پاڵ حکومەتەکەی سودانی، گوایە دادگای عێراقی ڕێوشوێنی پێویستی بەرامبەر زوهێر نەگرتووەتە بەرو پرۆژەی دروستکردنی سکەی شەمەندەفەریشی لەگەڵ دوو کۆمپانیای تردا پێداوە.
نور زوهێر تۆمەتباری سەرەکی "دزی سەدە" کە تۆمەتبارە بە دزینی (7.3) تریلیۆن دیناری عێراقی، لە عێراق هەڵاتووەو دەوترێت لە وڵاتی قوبرسە، بەشێک لە بەرپرسانی عێراق پێیانوایە ناوبراو کارەکتەرێکەو تەنها کارەکەی پێ ئەنجامدراوە، ئەگینا گروپ و میلیشیای بەهێز لە پشت دزییەکەوەن.
سەباری کۆکردنەوەی چەندین دۆسیە لەسەر سودانی، بەڵام بەدوور دەزانرێت هەرەس بە حکومەتەکەی بهێنرێت، بەو پێیەی چاوەڕوانی دروستبوونی قەیرانی نوێ بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە عێراق دەکرێت و هێزە شیعەکان خواستی ئاڵۆزکردنی دۆخەکەیان نییە.
بەڕای چاودێران، هێزە شیعەکان دەیانەوێت سودانی کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگەی دروستکردنی لیستی پێ نەدەن، تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ئەنجام دەدرێت و لەسەر جێگرەوەی ڕێکدەکەون.
دکتۆر مەحمود عوسمان وتی،"ئێران حکومەتەکەی سودانی بەدڵ نییە، چونکە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و سعودیە باشە، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە هێزە شیعەکان دژی ڕێککەوتنی سودانین لەگەڵ تورکیا."