دوو لە تۆمەتبارانی دۆسیەی کوشتنی ئەندامێکی کەنەکە سزای زیندانی هەتا هەتایی دەدرێن

دوای چەندین دانیشن ڕۆژی سێشەممە 10ی مانگی نۆی 2024، لە دادگای تاوانەکانی 2ی هەولێر سزای زیندانی "هەتا هەتای" بۆ دوو لە تاوانبارانی کوشتنی ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان کەنەکە دەرچوو، بەڵام کەسوکاری ئەندامە کوژراوەکە و ئەندامانی کەنەکە لە بڕیارەکە ناڕازین و داوای" سزای لە سێدارەدان" بۆ تاوانباران دەکەن، پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت،" بکوژ و هەشت ئەفسەر و پلە باڵای میتی تورکیا کە لە ڕۆژی کوشتنی ئەندامەکەی کەنەکە لە هەولێربوونە تا ئێستا دەستگیرنەکراون و فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکراوە."

هەژار کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی کوشتنی دەنیزجەودەت ناسراو بە دەنیز هیڤی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە "کۆتا دانیشتن بوو لەسەر دۆسیەی کوشتنی دەنیز، دادگا بە مادەی 2 لە یاسای بە رەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، بڕیاری زیندانی هەتا هەتایی بۆ هەردوو تاوانباری دەستگیرکراو کە دەستیان لە تاوانی کوشتنەکەدا بووە و دانیان بە تاوانەکانیاندا نابوو دەرچوو، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی کەسوکاری کوژراو، بەڵام ئێمە لە بڕیارەکەی دادگا ناڕازین و تانەی لێدەدەین و داوای سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەکەین."

وتیشی،" لەسەر هەمان کەیس دادوەر سزای 7 ساڵ زیندانی دیکەی بەسەر هەردوو تۆمەتبار سەپاند و دۆسیەکانیش بریتیبوون لە دۆسیەی سیخوڕیکردن، هەروەها ئەم دوو کەسە بکوژ نەبوونە وهاوکاربوونە و بکوژی سەرەکی هەڵهاتوو و لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دانیان ناوە بەوەی کاریان بۆ میتی تورکیا کردووە و چەندین باندی سیخوڕی تریان دروستکردووە، جگە لەم دوو تاوانبارە فەرمانی گرتن بۆ نۆ کەسی دیکە دەرچووە کە ئەفسەر و پلە باڵای میتی تورکیان و لە ڕۆژی کوشتنی دەنیز جەودەت لە هەولێر بوونە و سەرپەرشتیاری دۆسیەکەیان کردووە."

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی 18ی مانگی نۆی 2023، ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، بە ناوی (دەنیز جەودەت) ناسراو بە (دەنیز هێڤی) بەرپرسی ئیداریی کەنەکە کاتێک خۆی بە تەنها دەبێت لە نێو بارەگاکەیان کە دەکەوێتە بەرامبەر بینای فاملی مۆڵی هەولێر، لەلایەن کەسێکەوە لە دەرگا دەدرێت و بە کردنەوەی دەرگاکە بە چەکی دەمانچە دەکوژرێت.

دوای ڕووداوەکەش کەنەکە لە بەیاننامەیەکدا داوای کرد بکوژانی ئەو ئەندامەیان دەستیگربکرێت و بە سزا بگەیەنرێت و سەرچاوە ئەمنیەکانی هەولێریش ئەوەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە لە ماوەیەکی کەمدا دوو کەس لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیرکران و ڕاگەیەندرا کە دەستیان لە کوشتنی ئەو ئەندامەی کەنەکەدا هەبووە.

دەنیز هێڤی بەڕەچەڵەک کورد بووە و خەڵکی باکوری کوردستانە و بە هەڵبژاردنی وەکو ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان لە هەولێر نیشتەجێبووە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، تاوانبارانی سزادراو ناویان( ع.س.ع) و (ج.ئ) بە ڕەچەڵەک کوردن وخەڵکی نێوان تورکیا و عێراقن و ناسنامەی هەردوو وڵاتیان هەیە و لەپێش لێکۆڵەر دانیان بە تاوانەکەیان ناوە کە هاوکاری بکوژبوونە و کاری سیخوڕیانکردووە بۆ تورکیا، بەڵام ئەمرۆ سێشەممە لە پێش دادوەر وتەکانی پێشوویان ڕەتکردەوە."

هیوا سەید سەلیم، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان کەنەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دادگا لە کەیسی شەهید دەنیزلەسەر سکاڵای کەسوکارەکەی بڕیاریدا، ئێمە چاوەڕوانی زیاتر بوون کە سزاکەی لە سێدارەدان بێت، چونکە ئەو کەسانە کاریان بۆ وڵاتێکی ئیقلیمی وەکو تورکیا کردووە و دەستیان لە تاوانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی تیرۆرکردنی کەسیکی سڤیلدا هەبووە."

وتیشی،" لە ڕێگای تیمی پارێزەرانمانەوە بڕیارەکە تانەی لێدەدەین، هەروەها داوامان وایە بکوژی سەرەکی و ئەوانەی دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە دەستیگربکرێن و سزا بدرێن."

لەسەر تیوەگلانی تورکیا لە کوشتنی "دەنیز هێڤی" تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە تورکیا لەم بارەیەوە هیچی ڕانەگەیاندووە وەک پارێزەرەکە دەڵێت،" سزادراوان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، کە سیخوڕییانکردووە بۆ تورکیا."

Your browser doesn’t support HTML5

دیار جەمال