گرنگترین ئەو پرسانەی لە دیبەیتی نێوان هێرس و ترامپ باسکران

شەوی سێشەممە لە شاری فیلادلفیای ئەمەریکا، کامڵا هێرس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە دیبەیتێکدا کە کەمتر لە دوو مانگ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

کێبڕکێی نێوان هەردوو کاندیدەکە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا توندە. لەنێو دەنگدەرانی تۆمارکراودا، هێرس بە یەک خاڵ پێش ترامپ کەوتووە. بەپێی دوایین ڕاپرسی دەزگاکانی ئێن پی ئاڕ/پی بی ئێس/ماریست ئەنجامی ڕاپرسییەکە بەم شێوەیەیە: 49% بۆ هێرس بەرامبەر 48% بۆ ترامپ، بە لەبەرچاوگرتنی پەراوێزی هەڵە لە ئامارەکەدا.

دیبەیتەکە نێوان هەردوو کاندید لە لایەن کەناڵی ABC سازکرا و یەکەم کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی نێوان هێرسی تەمەن 59 ساڵ و ترامپی تەمەن 78 ساڵ بوو.

کامڵا هێرس پێشتر داواکاری گشتی بووە و یەکەم ژن و ئەمەریکی ڕەشپێست و هاوڵاتی بەڕەگەز باشوری ئاسیایە کە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکای وەرگرتووە.

ترامپ بازرگانێکە کە بەهۆی لێدوانەکانی بەرامبەر بە ژنان و هەڵوێستە ڕەگەزپەرستەکانییەوە ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت. ئەو یەکەم تاوانباری سزادراوە کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید بکات و ئەگەر هەڵبژێردرێت ئەوا هەتا کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ.

لە میانی دیبەیتەکەدا، هێرس و ترامپ لەسەر پرسەکانی ئابووری و کۆچبەران هەتا پرسی دیموکراسی و لەباربردنی منداڵ و شەڕی ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆیەکی توندیان کرد.

لێرەدا چەند خاڵێکی سەرەکی دەخەینەڕوو کە لە دیبەیتەکەدا باسکران.

پرسی ئابووری

بارودۆخی ئابووری ئەمەریکا یەکەم بابەتی دیبەیتەکە بوو. هێرس وتی دەیەوێت "ئابووری بەدیهێنانی دەرفەت" دروست بکات. ئاماژەی دا بە پلانەکەی بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی باجدا بۆ دەستەبەرکردنی بڕی 5 هەزار دۆلار هەتا 50 هەزار دۆلار وەک یارمەتی بۆ بونیادنانی بزنسی بچووک.

‌هێرس ڕایگەیاند، "لەڕاستیدا من تاکە کەسم لەسەر ئەم سەکۆیە کە پلانی هەبێت بۆ بەرزکردنەوەی چینی ناوەڕاست." هەروەها وتی ترامپ لە بەرامەبردا دەیەوێت یارمەتی دەوڵەمەندەکان بدات بە کەمکردنەوەی باج.

ترامپ وتویەتی ڕێژەی باجی کۆمپانیاکان زیاتر کەمدەکاتەوە بە شێوەیەک لە 21%ی ئێستاوە کەمیدەکاتەوە بۆ 15%. ئەمە لە کاتێکدایە هێرس دەیەوێت ڕێژەکە بۆ 28% بەرزبکاتەوە. ڕێژەی ئەم باجە لەسەر کۆمپانیاکان پێش پڕۆژە یاسای باجی ساڵی 2017ی سەردەمی ترامپ بریتی بوو لە 35%.

ترامپ بەشێکی زۆری وەڵامەکەی لە بواری ئابووریدا بە قسەکردن لەسەر پرسی کۆچبەری بەڕێکرد. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە باشترین ئابوورییەکانی لە ئەمریکا دروستکردووە، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر بدات و باسی ئەوە بکات چۆن ئەو کارە دووبارە ئەنجام دەداتەوە.

ترامپ وتی، "سەیرکە، ئێمە ئابوورییەکی زۆر خراپمان هەبووە بەهۆی هەڵاوسان کە بە تێکدەری وڵات ناسراوە."

پرسی کۆچبەران

پرسی کۆچبەری یەکێکە لە کێشە گەورەکان لەم هەڵمەتەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا. بە درێژایی دیبەیتەکە، ترامپ ڕەخنەی توندی لە مامەڵەی ئیدارەی بایدن گرت لەگەڵ پرسی کۆچبەریدا. ڕخنەکانی زۆر جار ئەو کاتانە دووبارە دەکردەوە کە بەڕێوەبەرانی دیبەیتەکە پرسیاریان لەسەر هەندێک بابەت دەکرد پەیوەندییان بە کۆچبەرییەوە نەبوو.

ترامپ بانگەشە هەڵەکانی دووبارە کردەوە کە دەڵێت کۆچبەران "دەست بەسەر شارۆچکەکاندا دەگرن، دەست بەسەر بیناکاندا دەگرن و بە توندوتیژی دێنە ناو ئەمەریکاوە." هەروەها تیۆری پیلانگێڕی بێ بنەمای هێنایەوە سەبارەت بە کۆچبەرانی هایتی لە ئۆهایۆ، گوایە سەگ و پشیلەی ماڵی دەخۆن.

لە بەرامبەردا هێرس ڕەخنەی لە ترامپ گرت کە سەرەتای ئەمساڵ پڕۆژە یاسایەکی هاوبەشی نێوان کۆماری و دیموکراتەکانی شکست پێهێناوە کە دەبووە هۆی جێگیرکردنی هەزار و 500 هێزی پاسەوان بۆ سەر سنووری باشووری ئەمەریکا. هێرس ڕایگەیاندووە کە پشتگیری لە پڕۆژە یاساکە دەکات.

لە کاتی دەستپێکی دیبەیتەکەی نێوانیان، کامڵا هێرس بەرەو ڕووی دانۆڵد ترامپ دەچێت و تەوقە لەگەڵ یەکتر دەکەن.

پرسی لەباربردنی منداڵ

ترامپ و هێرس لە کاتی دیبەیتی نێوانیاندا لەسەر پرسی لەباربردنی منداڵ مشتومڕی نێوانیان توندتر بوو.

ترامپ کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە ساڵی 2022، سێ دادوەری بۆ دادگای باڵای ئەمەریکا دەستنیشانکرد کە بووە هۆی پێکهێنانی زۆرینەیەک لە دادگاکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی مافی دەستووری تایبەت بە لەباربردنی منداڵ. ئەو بڕیارە بوو بە بنەما بۆ ویلایەتەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ سەپاندنی یاسای سنووردارکەر دژی لەباربردنی منداڵ.

ترامپ لە میانی دیبەیتەکەدا وتی، "دادگای باڵا ئازایەتییەکی زۆری هەبوو لە ئەنجامدانی ئەو کارە."

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا پشتگیری لە قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ دەکات لە سەرانسەری وڵاتدا، ترامپ وتی، "نەخێر، من لەگەڵ قەدەغەکردنی لەباربردن نیم. بەڵام گرنگ نییە چونکە ئێستا ئەم بابەتە چووەتە ژێر دەستەڵاتی ویلایەتەکان."

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دژی لەباربردن نییە لە حاڵەتەکان بەهۆی دەستدرێژی سێکسی و پەیوەندی نێوان ئەندامانی خێزان، وە یان کاتێک ژیانی دایکەکە بکەوێتە مەترسییەوە. هەروەها بە ناڕاست بانگەشەی ئەوەی کرد دیموکراتەکان پشتگیری لە لەباربردنی منداڵ دەکەن "دوای لەدایکبوون".

لە وەڵامدا هێرس جەختی لە سەر گرنگی مافەکانی ژنان بۆ بڕیاردان لەسەر پرسی ئەندامەکانی زاوزێ کردەوە.

هێرس ئاماژەی بەوەکرد، "پێویست ناکات مرۆڤێک واز لە باوەڕەکەی یان بیروباوەڕی قووڵی خۆی بهێنێت بۆ ئەوەی هاوڕابێت لەوەی نابێت حکومەت و دانۆڵد ترامپ بە ژنێک بڵێن چی لە جەستەی خۆی بکات". ئاماژەی بەوەشکرد، پشتگیری لە کۆنگرێس دەکات بۆ دەرکردنی پڕۆژە یاسایەک بە مەبەستی پاراستنی مافی لەباربردن لە سەر ئاستی فیدراڵی و وەک سەرۆک واژۆی یاساکە دەکات.

پرسی سەروەری یاسا و مەترسییەکانی سەر دیموکراسی

هێرس بۆ ماوەی 12 ساڵ داواکاری گشتی بووە، سەرەتا وەک داواکاری گشتی ناوچەی سانفرانسیسکۆ و دواتر وەک داواکاری گشتی کالیفۆرنیا. یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هێرس بریتی بووە لە وێناکردنی ترامپ وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دیموکراسی ئەمەریکا.

لە میانی دیبەیتەکەدا، هێرس تیشکی خستە سەر پێگەی ترامپ وەک تاوانبارێکی سزادراو. لە وەڵامدا ترامپ بەبێ بەڵگە ئیدارەی هێرس و بایدنی بەوە تۆمەتبار کرد حکومەت وەک "چەک" بەکاردەهێنن بۆ دادگایی کردنی.

کاتێک لەلایەن بەڕێوەبەری دیبەیتەکە پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا ترامپ دان بەوەدا دەنێت کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020دا دۆڕا، ترامپ لە وەڵامدا ئەو بانگەشە ناڕاستەی کرد کە دەڵێت بەڕاستی لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەبارەی یاخیبوونەکەی 6ی مانگی یەکی 2021، ترامپ وتی، "هیچ پەیوەندییەکم بەوە نەبوو، جگە لەوەی داوایان لێکردم وتارێک پێشکەش بکەم."

لە بەرامبەردا هێرس وتی، "کاتی ئەوە هاتووە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە."

کۆمەڵێکی زۆری ڕۆژنامەنوسان و کارمەندانی ڕاگەیاندن لە فیلادلفیا کۆبوونەتەوە بۆ سەیرکردنی دیبەیتەکەی نێوان هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

هێرس ڕووی لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "لە بانگەشەکەماندا شوێنێک هەیە بۆ ئەوەی ئێوە لە پێناو وڵاتەکەماندا بوەستنە سەر پێ، لە پێناو دیموکراسی بوەستن، لە پێناو سەروەری یاسا بوەستن و کۆتایی بە ئاژاوە بهێنن و کۆتایی بەو ڕێبازە بهێنن کە پەیوەندی بە هێرشکردنە سەر بنمەماکانی دیموکراسیمانەوە هەیە."

شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و شەڕی ئیسرائیل و حەماس

جگە لە سیاسەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرانی دیبەیتەکە فشاریان خستە سەر هێرس و ترامپ لەسەر پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە، لەوانە شەڕە بەردەوامەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە لایەک و ئیسرائیل و حەماس لە لایەکی تر.

سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هێرس ڕایگەیاند ئەمەریکا بەرگری لە ئیسرائیل دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان دەکات. هاریس وتی، "شەڕەکە دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بێت و شێوازی کۆتایی هاتنی ئەوەیە کە پێویستمان بە ڕێککەوتنی ئاگربەست هەیە و پێویستمان بە ڕزگارکردنی بارمتەکان هەیە."

ترامپ بەبێ بەڵگە بانگەشەی ئەوەی کرد "ئیسرائیل نامێنێت" ئەگەر هێرس ببێت بە سەرۆک. هەروەها بانگەشەکەی خۆی دووپاتکردەوە کە ئەگەر سەرۆک بووایە ئەو کۆمەڵکوژییەکەی حەماس لە 7ی دەی ساڵی ڕابردوودا لە باشووری ئیسرائیل کردی هەرگیز ڕووی نەدەدا.

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو سەرۆککۆمار بووایە، شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا ڕووی نەدەدا. کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا دەیەوێت ئۆکرانیا لە شەڕی ڕووسیادا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ترامپ تەنها وتی "دەمەوێت شەڕەکە بوەستێت."

هاریس لە وەڵامدا وتی، "ئەگەر دانۆڵد ترامپ سەرۆک بوایە، پوتین ئێستا لە کیێڤ دانیشتبوو."