ئەرێنی و نەرێنی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە

ماوەی چەند مانگێکە موچەی بەشی زۆری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە دابین دەکرێت، ئەوەش لە پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ بە نیشتیمانیکردنی موچەی مووچەخۆرانی هەرێم. هەرچەندە کۆمەڵێک کێشە هاتوونەتە بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا، لەوانە کێشەی لیستی موچەخۆران و کێشەی ڕادەستکردنی داهاتەکانی هەرێم بە حکومەتی ناوەندی، بەڵام هەتا ڕادەیەک قەیرانی بێ موچەیی لە هەرێم چارەسەرکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک ڕەخنە و تێبینی لەلایەن حکومەتی ناوەندی و هەروەها حکومەتی هەرێمەوە هەن لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا.

دەپرسین:

ئێستا و لە پاش چەند مانگێک لە وەرگرتنی موچە، تێڕوانینی موچەخۆرانی هەرێم چییە لەسەر ئەم شێوازی نوێیەی دابینکردنی موچە بۆیان؟

ئەی حکومەتی هەرێم چۆن لێی دەڕوانێت؟

حکومەتی ناوەندی چیتر لە حکومەتی هەرێم داوا دەکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەیوەست بە موچەی موچەخۆران؟

تێبینییەکانی حکومەتی هەرێم چین لەسەر داواکارییەکانی حکومەتی ناوەندی؟

لە ئایندە بوجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چ داهاتێک دادەنرێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

دکتۆر ئەحمەد سەفار، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق.

مامۆستا سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەرێنی و نەرێنی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە

دکتۆر ئەحمەد سەفار:

لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان مرۆڤ کە خانەنشین دەبێت وەک ئەوەی تاوانی کردبێت و کاتی ئەوەی بێت سزای بدرێت، هەرفەرمانێک کە خانەنشین دەبێت پێویستە ئەو بڕەپارەییەی کە لێبڕاوە مانگانە چووە بۆ سندوقی خانەنشینی بۆی بگەڕێندرێتەوە بەڵام ئەو سندوقە نەما حکومەتی هەرێم هەمیشە هەوڵیداوە دەسەڵاتی دارایی خۆی بپارێزێت بەڵام کە نەیتوانی مووچەی مووچەخۆران بدرێت کە لە بەغداوە بێت ناچار بوو ڕازی بێت لەسەری، ئەوەی کە کێشەیە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد لیستێکی یەکگرتوو و دروستی پەسەندکراو لەسەر ژمارەی خانەنشینان نییە، بەڕای من لەساڵی 2025 دەبێت یاسای بودجە جێبەجێ بکرێت چونکە زوڵم لە خەڵکی هەرێم دەکرێت و پارە نانێردرێت بۆ بوجەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری، هەتا ئێستا کۆبوونەوەی یەکەم کراوە لە پلاندایە کۆبوونەوەیەکی تر بکرێت دەبێت ڕۆژی سێشەممە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ببەسترێت و ڕاگەیەنراوێک لەو وەفدە هاوبەشەوە دەربچێت من باوەڕ ناکەم و گەشتبین نیم ئەو کۆبوونەوانە هەموو کێشەکان چارەسەر بکات چونکە لە عێراق سیاسەت زاڵە بەسەر هەموو شتێک چونکە سیستەمی دابەشکردنی داهاتە لەسەر کوتلەی سیاسی و حزبی لەبەرئەوە من دەڵێم دەبێت ڕێککەوتنی سیاسی هەبێت دواتر ئەو ڕێککەوتنە وەربگێڕدرێت لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە.

لە عێراق 95% نەوت پارەی بودجە دابین دەکات ئەگەر نەوت دابەزێت بۆ خوار 70 دۆلار ئەوا لە عێراقیش کێشەی دارایی دەستپێدەکات و قەیرانی دارایی دروست دەبێت لەوانەیە نەتوانن مووچە بدەن مەگەر بچن قەرز وەربگرن و لە یەدەگی نەقدی دەربهێنن.

ئەگەر خانەنشینان بخرێنەسەر سندوقی خانەنشینانی بەغداد زۆر گونجاوە چونکە سندوقی خانەنشینانی بەغداد پارەی زۆر تێدایە، ئێمە کە لە 2019 و 2021 قەرزی ناوخۆییمان وەرگرت بۆ بودجە هەشت ترلیۆن دینارمان قەرز لە سندوقی خانەنشینانی عێراقمان وەرگرت بە سوودێکی کەم ئەگەر قەیرانێکی دارایی لە عێراق دروست ببێت عێراق دەوڵەتە و دەتوانێت قەرزی دەرکی بکات مووچەخۆران بەڵام بۆ خانەنشینان ئەو قەیرانە نابێت دروست ببێت چونکە پارە هەیە لەناو سندوق گرەنتی کراوە، لە هەرێمی کوردستان چەند کۆبوونەوەمان کرد لەسەر پاشەکەوتی مووچەخۆران کەس تەحەمولی بەرپرسیارێتی ئەوەیان نەدەکرد ئەم کابینەیە دەڵێت کابینەی من نەبووە و کابینەی پێشتر بووە، ئەو ڕێککەوتنەی کە هەیە حکومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆران بنێرێت ئەوە چارەسەرێکی کاتییە بەڵکو دەبێت لەسەر یاسای بودجە ڕێککەوتن بکرێت .

منیش لەگەڵ ئەوەم مووچەی بەشێک لە فەرمانبەران و خانەنشینان بچێتەسەر بەغداد ئاسانترە بۆ حکومەت لە ڕووی داراییەوە، بەڵام لە ڕووی کارگێڕییەوە هەر حکومەتی هەرێم بەرپرسیارە بۆ دامەزراندن و خانەنشین کردن و تەرفیع و عەلاوە.

ئەگەر لە دوای هەڵبژاردن حکومەتێک پێکهات دەتوانن لەگەڵ بەغداد ڕێککەوتن بکەن پابەند بن بە بودجەی 2025 و پشکی دروست بێت و ئەو کێشە داراییە نەمێنێت چونکە هەتا حکومەت پێک نەهێنرێت چۆن دەتوانن ڕێککەوتن بکەن لەگەڵ بەغداد لەسەر پشکی هەرێم و لەسەر بودجە بەڵام ئەگەر دۆخی سیاسی تەواو نەبێت لە عێراقدا ئەوا کەس ناتوانێت پێشبینی بکات چی ڕوودەدات.

ئەگەر مووچە لە بەغدادوە بێت بەڕای من چارەسەرێکی کاتییە، چارەسەری بنەڕەتی و ڕیشەیی ئەگەر نیەت پاکی هەبێت و حکومەت هەست بەوە بکەن کە خزمەتی خەڵک بکەن نەک خەڵک بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ڕێزی یاساکان بگرن و یاسا جێبەجێ بکرێت.

حکومەتی هەرێمی ناتوانێت بە فەرمی نەوت بفرۆشێت لە ڕێگەی بۆریەوە وەکو پێشتر هەروەها هەموو داهاتی ناوخۆ ناچێت بۆ حکومەتی هەرێم.

حزبی سیاسی هەندێک مەسەلە دەکەن بە بابەتی هەڵبژاردن و لە ڕاگەیاندنەکان وەکو دەستکەوت باسی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەڵام لەڕاستیدا خانەنشینان خۆیان ئەو بابەتەیان کردووە ئەگەر هەمووی بچێتە بەغداد و مەسەلەی تەوتینی مووچە بکرێت هەموو فەرمانبەرانی هەرێم هاوتا دەکرێن لەگەڵ بەغدا.

خانەنشینانی سەربازی کێشەیەکی گەورەیە ئەوان دەڵێن لەبەر مەسەلەی ئەمنی و قەومی ناتوانن بایۆمیتری بکەن هەروەها بەغداد داوای کردووە خانەنشین کردن لەسەر چ بنەمایەکە بۆنموونە زۆر کەس هەن خزمەتی زۆریان نەبووە خانەنشین کراون، زۆرکەس لە عێراق نەبوون و لە دەرەوەی وڵاتن بۆیە وردبینی لەوانەدا دەکرێت بۆئەوەی بزانرێت بە یاسایی خانەنشین کراون یاخود نا واتە تەنها بابەتی وربینی و زانیارییە .

ممۆستا سادق عوسمان:

ئێمە لە ساڵی 2022 لە دوای هەوڵدانێکی زۆر لەگەڵ حکومەتی هەرێم و وەڵام نەدانەوەمان ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیمان گرتەبەر چونکە کەیسەکەمان ڕەوا بوو مافی خۆمان بوو حکومەتی فیدڕاڵی بڕیاری بۆ داین، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕۆژی 3ی تەموزی 2024 یاسای ژمارە (9) لەوێش پەسەند کرا ئیتر دوای ئەوە قۆناغی کرداری دەستیپێکرد بڕیارەکە لەم مانگە چووە بواری جێبەجێکردنەوە بەگشتی خۆشی و شادیەکی زۆر کەوتە دڵی خانەنشیانەوە وەکو ڕۆژی جەژن وابوو بۆ خانەنشینان.

ئێمە هیوا خوازبووین هەموو شتێک لە ژێر سێبەری حکومەتی هەرێمدا بووایە بەڵام لەبەرئەوەی ئەزموونێکی تاڵمان هەیە بەداخەوە لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمدا نزیکەی بیست مووچەی تەواومان پێنەدراوە لەو داهێنانە خراپانەی کە لە حکومەتی هەرێمدا کراوە لە پاشەکەوت و لێبڕینی مووچەدا ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە خەڵک بێ متمانەیی زۆری بۆ دروست بوو لەبەرامبەر حکومەتی هەرێم و ئومێدمان بەوە نەما چونکە لەگەڵ ئێمە ئەو مامەڵەیەی کرد زۆر بەداخەوە.

خانەنشینان پێویست بوو لە سندوقی خانەنشینی مووچەی وەربگرتایە، بەڵام ئێمە سندوقەکەمان هیچ ئاسەوارێکی نەماوە لە هەرێمی کوردستان کە لە هیچ شوێنێکی سەر زەوی خانەنشینان نابێت مووچەیان ببڕدرێت چونکە هیچ دەرفەتێکی تریان نییە، وە پارەی سندوقی خانەنشینان ئەمانەتە و هیچ کەس بۆی نییە دەستکاری ئەو پارەیە بکات لەژێر هیچ پاساوێکدا، من وەکو خۆم 42 ساڵ خزمەتم کردووە هەموو مانگێک بڕێک لە مووچەکەم بڕدراوە بەناوی سندوقی خانەنشینی بەڵام دواجار نە سندوقەکە مایەوە و نە هاوکاری کراین سەرباری ئەوەش نزیکە بیست مووچەمان هەر وەرنەگرت.

ئێستا لەبەرئەوەی مووچەکەمان لە بەغدادەوە دێت گرەنتی زیاترە ئێمەش بەدەنگێکی دلێرتر داوای مافی خۆمان دەکەین تەنانەت ئێمە سەردانی بەغدادمان کردووە و زۆر بەئاسانی توانیومانە بەرپرسە باڵاکان ببینین بەڵام لە حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2014 هەتا 2022 هیچ بەرپرسێکی هەرێم دەرگای لێنەکردینەوە بمانبینن وەکو خانەنشینان تەنانەت یاداشتمان دەنارد وەڵامیان نەئەداینەوە، سیانزە هەزار واژومان کۆکردەوە هیچ ڕەچاویان نەکرد لەبەرئەوە ئێستا خانەنشینان زۆر ئاسودەن کە هەست دەکەن مافی خۆیان بۆ گەڕاوەتەوە بەتایبەتی کە مووچەکانمان هاوتا کراوە بە خانەنشینانی تری عێراقەوە و مافەکانمان بۆ گەڕاوەتەوە .

بەداخەوە عێراق لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و سیاسەت حوکم دەکات، ئێمە داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکەین ئیرادەیەکی بەهێزیان هەبێت و بەرژەوەندی میللەتەکەیان بپارێزن، هەتا ئێستا بەرپرسێکی هەرێمان نەبینیووە بچێت بۆ گەڕەکێکی هەژار و سەیری گوزەرانی خەڵکی بکات

خەڵک خانەنشین بووە لە 2023 و لە 2024 بەڵام لە ساڵی 2013 وە بەرزکردنەوەی مووچە (تەرفیع) ی بۆ نەبەستراوە هەر بە مووچەی 2013 خانەنشین دەکرێت.

من وەکو خۆم لە 2014 وە خانەنشین بووم لەو ساڵەوە (تەرفیع) وەستاوە ئەوانی لەوساڵەوە خانەنشین بوون سێ بۆ چوار (تەرفیع) یان لەکیس چووە و خانەنشین دەکرێن بە مووچە کۆنەکە پێویستە حکومەتی هەرێم ئەم هاوتاکردنی مووچەیەی زۆر پێخۆش بێت چونکە ئەو پارەیەی خەڵک وەریدەگرێت دەچێتەوە ناوبازاڕ خەرج دەکرێت هەموولایەک سوودمەند دەبن لێی، وە ئەگەر حکومەتی هەرێم دەیەوێت بەردەوامیان هەبێت دەبێت بەرگری لە مافی ئەو خەڵکە بکەن.

حکومەتەکانی جیهان سیاسەت دەکەن لەپێناو خزمەتی میللەت بەڵام بەداخەوە حکومەتی ئێمە سیاسەت لەگەڵ میللەتی خۆیان دەکەن.

ئەم هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان سەرەتایەکە هیوادارم هەنگاوی تری بەدوادا بێت و بیر لە حاڵی میللەتەکە بکەنەوە چونکە بارودۆخ و گوزەرانی خەڵک زۆر خراپە.

ئێستا کە وەفدێکی باڵا هاتووە لە عێراقەوە ئەمەش گرنگیدانە بە بابەتەکە خەڵک زۆری پێخۆشە هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت ئەم هاوتاکردنی مووچەیە بەپێی یاسایە پێشتر لە 2014 وە یاسایەک لە هەرێم جێبەجێ دەکرا کە لە هەموو عێراقدا ڕەتکراوەیە.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێت لە مانگی دوو مووچەکانمان بۆ هاوتا بکرێت بەڵام ئێمە لە مانگی حەوت مووچەکانمان هاوتا کراوە هەروەها لە مانگی 11ی 2022 بڕیاری دادگای فیدڕاڵیمان هەیە، پێویستە بچینەوە سەر سندوقی خانەنشینی عێراقی کە ئەوە گرەنتی کراوە یان ئەگەر بڕیار بوو لە هەرێم بێت ئەو سندوقە دروست بکرێتەوە قەرەبوو بکرێتەوە هەندێک پارەی تێدا بێت ئەوە دەبێت بە گرەنتیەک کە خانەنشینان جارێکی تر گرفتیان بۆ دروست نەبێتەوە .

ئێمە لە 2022 وە چوینە دادگای فیدڕاڵی و سکاڵامان تۆمار کردووە ئەوکات هیچ لایەنێک لەگەڵمان نەبووە تەنها بەڕێز دکتۆر یوسف محەمەد سادق وەکو سەرپەرشتیاری دۆسیەکەی ئێمە وابووە منیش وەکو خۆم (مدعی) بووم لە هەر سێ دانیشتنەکەی دادگادا بەڵام زۆرێک لە پەرلەمانە کوردەکانی بەغداد هاوکارمان بوون بەتایبەتی ئەوانەی لە لیژنەی دارایین، لەمانگی شوبات یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ گروپی ستاندەر سکاڵایەکیان کرد لەسەر مووچەی گشتی فەرمانبەران، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی خۆی پێداگری کرد کە دەبێت مووچەی خانەنشینان هاوتا بکرێت نەک دەسکەوت و هەوڵی هیچ لایەنێکی سیاسی بێت، جگە لە هەوڵی کاک دکتۆر یوسف و پارێزەرانی خۆبەخش هیچ لایەنێکی سیاسی لەگەڵ ئێمە دانەنیشتووە بەڵام لەناو لایەنە سیاسیەکاندا خەڵکی هاوسۆز هەبووە.