سەرۆکی ئێران لە یەکەم سەردانی فەرمیدا دەگاتە عێراق

سەرۆکی نوێی ئێران، مەسعود پزیشکیان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە یەکەم گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای دەستبەکاربوونی، سەردانێکی بۆ عێراق دەستپێکرد بە ئامانجی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دراوسێیەدا.

ئەم گەشتە سێ ڕۆژییە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ناکۆکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی شەڕی غەززەوە، لە کاتێکدا گرووپەکانی سەربە ئێرانیش تێوەگلاون و پەیوەندییەکانی عێراقی لەگەڵ ئەمەریکا ئاڵۆز کردووە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شانبەشانی پێشێزکیان، ڕایگەیاند، هەردوو حکومەت دژی هەر جۆرە فراوانکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززەن.

سودانی گوتی " بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەرەسەندنەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕیوە، ئێمە زۆر قسەمان لەسەر گرنگی سەقامگیری کردووە " ئەو هەروەها ئیسرائیلی بە هۆکاری پەرەسەندنی شەڕەکە زانی.

پزیشکیان بەڵێنی دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئەولەویەتەکانی ئێران لەکاتێکدا هەوڵدەدات گۆشەگیریی نێودەوڵەتی ئێران کەمبکاتەوە و کاریگەرییەکانی سزا نێودەوڵەتیەکان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لەسەر ئابووری وڵاتەکەی کەمبکاتەوە.

پزیشکیان ڕۆژی چوارشەممە گوتیشی "دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ سەردانی عێراق وڵاتێی دۆست و برا، لە یەکەم سەردانی دەرەوەم وەک سەرۆک کۆماری ئێران."

ناوبراو گوتیشی "بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ تیرۆریستان و دوژمنان بکەین، پێویستە ڕێککەوتننامەکانی هاوکاری ئاسایشی نێوان هەردوو وڵات جێبەجێ بکەین".

سەردانەکەی پزیشکیان دوای ئەوە دێت کە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا ڕۆژی سێشەممە سزای نوێیان بەسەر ئێراندا ڕاگەیاند بەهۆی دابینکردنی مووشەکی کورت مەودا بۆ ڕووسیا بۆ بەکارهێنانی دژ بە ئۆکرانیا.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دایە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کە "ڕووبەڕووی کردەوەی گونجاو و هاوسەنگ دەبنەوە" بۆ ئەو هەنگاوە "دوژمنانە"یە.

چەند کاتژمێرێک پێش گەیشتنی پزیشکیان، تەقینەوەیەک بنکەیەکی لە فڕۆکەخانە هەژاند کە هاوپەیمانی دژە جیهادییەکان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەکاریان دەهێنا.

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق کە هەردوو وڵاتی زۆرینەی شیعەن، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، نزیکتر بووەتەوە.

پزیشکیان کە لە مانگی حەوت دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە پاش مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی پێش خۆی لە کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێکدا دەستبەکاربوو، پێشتر پشتڕاستکردنەوەی پەیوەندییەکانی بە فشاری سزاکانەوە بەستبووەوە.

مانگی ڕابردوو وتی "پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ... دەتوانێت ڕێژەیەکی بەرچاو لە فشارەکانی سزاکان دووربخاتەوە."

ئێران ساڵانێکە ڕووبەڕووی سزا ئابورییەکان بووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمەریکا، لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەوکاتەدا، لە ساڵی 2018دا ڕێککەوتنی ئەتۆمی گرینگی نێوان کۆماری ئیسلامی و زلهێزەکان بەشێوەیەکی تاکلایەنە هەڵوەشاندەوە.

سەرۆکی نوێی ئێران، محەممەد جەواد زەریف، دیپلۆماتکاری باڵای دانوستان لەسەر ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015ی وەک جێگری سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ کاروباری ستراتیژی بۆ "ئێرانێکی کراوەتر" دەستنیشان کرد.

ئێران بووەتە یەکێک لە هاوبەشە بازرگانییە پێشەنگەکانی عێراق، و کاریگەرییەکی سیاسی بەرچاوی لە بەغدا هەیە، کە هاوپەیمانە عێراقییەکانی زاڵن بەسەر پەرلەمان و حکومەتی ئێستادا.

ساڵانە ملیۆنان زیارەتکاری ئێرانی دەچنە شارە پیرۆزە شیعەکانی عێراق، نەجەف و کەربەلا و پزیشکیانیش لە سەردانەکەیدا سەردانی مەزارگەکانی ئەوێ دەکات.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی بێجگە لە نەوتی نێوان ئێران و عێراق لە ماوەی پێنج مانگدا لە مانگی 3ی 2024ەوە نزیکەی پێنج ملیار دۆلار بووە.

هەروەها ئێران ڕۆژانە بڕێکی زۆر لە گازی سروشتی هەناردەی عێراق دەکات بۆ سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا.

عێراقیش بە ملیاران دۆلار قازانج دەکات.

عەلی ئەلبەیدار، شارەزای زانستە سیاسییەکان ڕایگەیاندووە، فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان ئامانجێکی سەرەکی سەردانەکەی پزیشکیان بووە.

ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە دەڵێت " ئێران بۆ هەناردەکردنی پێویستی بە بازاڕی عێراق هەیە، هەروەک چۆن پێویستی بە هاوردەکردنی وزەی عێراق هەیە.

ئەم پەیوەندییەی ئێران و عێراق لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا تا ئێستاش نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سوریای دراوسێی هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گروپی جیهادی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

زستانی ڕابردوو هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا بە دەیان جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک کرانە ئامانج هاوکاتی توندوتیژییەکانی پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە کە گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێران لە سرانسەری ناوچەکەدا تێوەگلاون.

ئەو هێرشانە بووە هۆی هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوەی ئەمەریکا لە هەردوو وڵات.

ڕۆژی یەکشەممە، ثابت ئەلعەباسی، وەزیری بەرگری عێراق بە کەناڵی تەلەفزیۆنیی پان عەرەبی ئەلحەدەسی ڕاگەیاند، هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا تا مانگی ئەیلولی 2025 لە زۆربەی خاکی عێراق و تا مانگی ئەیلولی 2026لە هەرێمی کوردستانیش دەکشێنەوە.

سەرەڕای چەند مانگێک گفتوگۆ، بەڵام تا ئێستا لە نێوان بەغدا و واشنتن ڕێککەوتن لەسەر وادەی دیاری کراوە نەکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئیرنای فەڕمی ئێران، پپزیشکیان بەمەبەستی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسە کوردەکانیش سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش دەکات.

لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا تاران دوای دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەکانی گروپە یاخیبووە کوردەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنێکی ئاسایشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا واژۆکرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس