ئێف بی ئای: پێدەچێت هەوڵ درابێت بۆ کوشتنی ترامپ لە ستانی فلۆریدا

کابرایەک ڕووی چەکەکەی کردووەتە شوێنی گۆڵفەکەی دانۆڵد ترامپ لە وێست پاڵم بیچ لە ستانی فلۆریدا و لەو کاتەشدا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا خەریکی یاری گۆڵف بووە.
ئەم ڕووداوە وەهای کردووە پاسەوانە تایبەتەکان دەست بە تەقەکردن بکەن، بەپێی لێدوانی 3 کاربەدەستی جێبەجێکردنی یاسا.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پارێزراوە و دەزگای لێکۆڵینەوەی فێدراڵیی ئەمەریکاش دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە و دەشڵێت سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئاماج بووە و "پێدەچێت هەوڵێک بووبێت بۆ کوشتنی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا."

کابراکە، چەکەکەی فڕێداوە و بە ماشێنێکی بەرز ڕایکردووە و دواتر لە ناوچەیەکی تەنیشت پاڵم بیچەوە دەستگیرکراوە، وەک کاربەدەستەکانی جێبەجێکردنی یاسا ڕایانگەیاند.

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ باسێک لە زیانی گیانیی نەکراوە.

ئەم ڕووداوەی ڕۆژی یەکشەممە، نوێترینیانە لەم ساڵی هەڵبژاردنەدا کە پشێوی و ئاڵۆزییەکی بێپێشینەی تیادایە؛ هەروەهاش دوو مانگ پاش ئەو هەوڵە سەرنەگرتووە دێت بۆ کوشتنی دانۆڵد ترامپ هاوکاتی گردبوونەوەیەکی جەماوەریی لە ستانی پێنسلڤانیا.

دوای ئەو ڕوداوە بە یەک هەفتە سەرۆک جۆو بایدن، کاندیدکردنی خۆی کشاندەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی.

ئەو مەیدانی گۆڵفەی ترامپ یاری لێدەکرد، تا ئەندازەیەک تەرخان بوو بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و پاسەوانەکان بڕێک لێوەی دور بوون کاتێک کابرایەکیان بینیوە بە چەکەوە. لە دەرەوەی مەیدانەکەوە دەتوانرێت ئەوانە ببینرێن کە یاری گۆڵف دەکەن.

وەک بارێکی باو، پاسەوانە تایبەتەکان، ماشێنی زرێپۆش لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ یاریگاکانی گۆڵف تا بتوانن بە زوویی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە بێوەیی و بە خێرایی دەرباز بکەن.

دانۆڵد ترامپ بۆ پشووی ئەم هەفتەیە گەڕایەوە بۆ ستانی فلۆریدا و لە لاس ڤێگەس و لە یوتا بوو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن.

کاربەدەستانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ، هیچ ڕێنوماییەکیان نەبووە بۆ بەرنامەی ڕۆژی یەکشەممەی ترامپ.
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، زۆر جار سەرلە بەیانییەکانی ڕۆژی یەکشەممە بە یاری گۆڵف بەسەر دەبات بەرلەوەی نانی نێوەڕۆی بخوات لە یەکێک لەو 3 شوێنی گۆڵفەی هی خۆین لە ستانی فلۆریدا.