ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینی تێپەڕدەبێت، ئەو ڕووداوەی تەواوی ئێرانی هەژاند و کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا. بەپێی ڕاپۆرتەکانی لە ئێرانەوە بە جیهان گەیشتن، سەدان کەس لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەست دا و هەزارانیش برینداربوون و دەستگیرکران. شارەزایانی سەربەخۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن دەسەڵاتدارانی ئێران ئێستا زیاتر لە جاران توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان بەکاردەهێنن و بە لێدان ڕووبەڕووی ئەو کچ و ژنانە دەبنەوە کە پابەندی یاساکانیان نابن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کچان و ژنانی ئێرانی بوێرانە ڕووبەڕووی ئەو سەرکوتکردنانە دەبنەوە.
دەپرسین:
دۆخی کچان و ژنان لە ئێران لە ئەمڕۆدا چۆنە؟
بۆچی مەرگی ژینا تەواوی ئێرانی یەکدەنگ کرد لە بەرامبەر ڕژێمی وڵاتەکەیان؟
کاریگەری شۆڕشی ژینا ئەمینی لەسەر ئێران چییە؟
لەگەڵ هاتنی پزیشکیان بۆ سەر دەسەڵات لە ئێران، هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا هاتووە لە بەرامبەر ژنان و مافەکانی مرۆڤ بە گشتی؟
1ئاویەر شێخی، ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو.
2- شاناز ئیلیاسی، بەرپرسی ڕێکخراوی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) لە ئەوروپا.
3- کیژان شوکری، ئەندامی یەکەی راگەیاندنی پارتی ئازادیی کوردستان PAK.
4- کەوسەر فەتاحی، چالاکوانی بواری ژنان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە.
Your browser doesn’t support HTML5
ئاویەر شێخی
هیچ گۆڕانکارییەک لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە دۆخی ژنان نەهاتووەتە ئاراوە، تەنها شتێک کە گۆڕانکاری جیاوازییە کە لە پێش مەرگی ژینا ئەمینییە، بریتییە لەوەی ژنان زیاتر لە ژێر چاودێری دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندان و زیاتر دەستبەسەر دەکرێن و زیاتر لە جاران لە ژێر گوشاردان، بەڵام کاریگەری ئەرێنی شۆڕشی ژینا ئەمینی ئەوەیە کەئێستا ژنانی ئێران چاوکراوەتر و هۆشیارترن سەبارەت بە مافەکانی خۆیان و بوێرانەتر ڕووبەڕووی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆمەڵگای پیاوسالاری بونەوە، لە دوای ئەو شۆڕشەوە لە نێوان خەڵک و ڕژێمی کۆمەڵگای ئێرانی پردێک دروستبوو، هەروەها ژنانیش تێگەیشتن کە هیچ خاڵێکی گەڕانەوە نیە، پێویستە ڕووبەڕووی ئەو دەسەڵاتە ببنەوە، لەبەرامبەریشدا دەوڵەتی ئێران هەرچی لەدەست بێت بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و ژنان ئەنجامی دەدات.
نوێترین کەیسی حیجابی زۆرە ملێ ئارەزوو بەدرییە کە ژنێکی نزیکەی ٣٠ ساڵە، تەنها لەبەرئەوەی بەپێی قسەکانی بەرپرسانی ئێرانی ئۆتۆمبێلەکەی ڕاگیراوە تەنها لەبەرئەوەی بەوشێوازەی دەوڵەت داوای کردووە حیجابی نەکردووە تەقەیان لێکردووە بۆ هەمیشەیی توانای ڕۆیشتنی لەدەستداوە، کەواتە ئەو پردە لەنێوان خەڵک و دەوڵەت دروستبووە خەڵک بە هەموو جۆرێک ڕوبەڕووی ئەو یاسا زۆرە ملێیانە بونەوە، دەوڵەتیش بە هەموو جۆرێک دەیەوێ پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی خۆی بکات.
کەوسەر فەتاحی
وەک دەزانرێت کە ژنانی ئێران یەکەم چین بوون کەوتنە بەردەم یاسا توندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر لەسەرەتای هاتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ژنان بەردەوام ڕوبەڕووی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەلماندنی خۆیان داوە، لە دوای شۆڕشی ژینا ئەمینی گوشارەکان بۆ سەر ژنان زیاتر بووە، چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران بەباشی دەزانێت کە ژنان مەترسی سەرەکیین بۆ مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو هەموو بەرخۆدان و چالاکیانەی کە ژنان خەریکە پێی هەڵدەستن بۆیە، هەتا حیجابی زۆرە ملێ بۆ منداڵانی کەم تەمەن زیاتر توندبووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو منداڵە کچە کەم تەمەنانە کاتێک لە مەکتەب دەگەڕانەوە مەقناعەکانیان دادەنا و هەڵیان دەسوڕاند،
لە دوای هاتنی پزیشکییانیش بۆ سەر دەسەڵات گوشارەکان بۆ سەر ژنانی ئێران بەپێی ئامارەکان زیادی کردووە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی لەکاتی هەڵبژاردن دەکرا کە لەسەرو پێشبینییەکان چاوەڕێ دەکرا بۆ ماوەیەک گوشارەکان و گرتنی ژنان بەلانی کەم کەم ببێتەوە کەچی دەقات زیادی کردووە، بەناوی حیجابی زۆرە ملێ و گەشتی ئیرشاد زۆر زیاتری کردووە لەشوێنەکان و ناو میترۆکان، ئێران مانەوە و شوناسی خۆی لە کۆنترۆڵکردنی ژنان و جەستەی ژنان لە شێوازی جل و بەرگییان دەبینێ بۆیە گۆڕانکاری ناکات و ناتوانێت گوشارەکان کەمبکاتەوە لەسەر ژنان، لەلایەکی ترەوە ئێران باش دەزانێت ئەگەر دەستشلییەک بکات لە کەمکردنەوەی گوشئرەکان بۆ سەر ژنان، ئەوا ژنان لە کەمترین فرسەت باشترین سود وەردەگرن بەرەنگاری دەبنەوە و دەبنە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و ئەو ڕووداوانەی لە دوای ئەو شۆڕشانەوە ڕوویانداوە، پێگەی ژنان لە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەناو کۆمەڵگای ئێران بەجۆرێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە کە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)
کیژان شوکری
دۆخی کچان و ژنان لەمڕۆدا لە ئێران، لە ٤٥ساڵی ڕابردوودا هەرگیز کۆماری ئیسلامی ئێران نەیتوانی کلتوری سیستمی خۆی بسەپێنێ بەسەر ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوشێوەی بەشەکانی تری ئێران، کە ژنانی ڕۆژهەڵات بەردەوام ڕوبەڕووبونەوە، هەروەک لە دووساڵی ڕابردوو بینیمان کە ژنان بونە هێزی ڕووبەڕووبونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دوای شۆڕشی ژینا ئەمینی هیچ گۆڕانکارییەک لە باشتربوونی دۆخی ژنان لە ئێران بەدی ناکرێت، هەموو هەوڵێکی ئێران بۆ ئەوەیە کە سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بەدۆخی ژنان بەلاڕێدا ببرێت، ڕاستە هیچ گۆڕانکارییەک لە یاسا و سیاستی ئێران بەرامبەر ژنان ڕوینەداوە، بەڵام ڕۆڵی ژنان لە دوای شۆڕشی ژینا وایکردووە کە سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆخۆی ڕابکێشێت، ئەم شۆڕشە وەک پۆلۆیەکی(پشکۆیەکی) ژێر خۆڵەمێشە بە بچوکترین ڕووداوی سیاسی کلتوری و کۆمەڵایەتی دەگەشێتەوە، ئێرانیش بەرنامەی بۆ داڕشتتووە کە تەواوی ئێرانی بەسەربازگە کردووە بچوکترین جوڵانەوە ڕوبدات بە زووی سەرکوتی دەکات.
شاناز ئیلیاسی
شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) مێژوویەکی زۆر لەپێشتر لەخۆی هەیە، واتە ئەمڕۆ کتوپڕ نەهاتۆتە ئارا، ڕاستە ژینا ئەمینی هاتە تاران بە مەرگ میواندارییان لێکرد، ئێمە دەڵێیین، شۆڕشی(ژن،ژیان،ئازادی) دەتوانێت وەڵامدەر بێت بۆ هەموو گەلان بەتایبەت گەلانی ناو ئێران، کە گەلانێکمان هەیە سڕاونەتەوە، وەکو کورد و بەلوج و عەرەب، تەنانەت فارسیش، لەمنی ژنێکی کورد کۆیلەترن لەکاتێکدا کە ئەوان خۆیان بە ئازاد دەزانن، بەڵام کۆیلەی دەستی پیاو و ئەوەن کە ناتوانن بڕیار بدەن، بەڵام ژنی کورد هەمیشە لە خەباتدا بوون، فکری تایبەت بەخۆیان هەبووە و هەمیشە لە ڕاپەڕینەکاندا شوێن دەستیان دیاربووە و هەیە، بەڵام دروشمی (ژن،ژیان،ئازادی) بە جیهانی کراوە، کە هەزاران ژنان هەن پەتی سێدارە لە مل دەکەن لەپێناو ئازادییان، ئێستا شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی لە هیندستانیش هەیە کە ژن بە کۆمەڵ هاتونەتە دەرەوە، ئێستاش کە ئێمە لە ئەوروپا دەژین ژن لەئەوروپاش دەچەوسێنرێتەوە و لە ماڵ دەچەوسێنرێتەوە و توند و تیژی بەرامبەر دەکرێت، دنیای سەرمایەداری ژن دەچەوسێنێتەوە و نایەوێ ژن ئازاد بێت.
پزیشکییان هیچ جیاوازی نیە لەبارەی خۆی، کە هاتووە بە زمانی کوردی قسە دەکات مانای نیە کەسێکی جیاوازە ئێمە لە ئێران لە زیندان بوین بەرپرسانی زیندان دوانزە زمانیان دەزانی بۆ ئەوەی زیاتر قسەت لێدەربهێنن و بمانچەوسێننەوە، خۆ کورد لە باشوری کوردستان بەدەستی کورد دەچەوسێتەوە هەرئێستا کوردی ڕۆژهەڵات لە باشور بەدەستی کورد دەچەوسێنێترێتەوە. بۆیە پزیشکییان بە کوردی قسە دەکات مانای ئەوە نیە جیاوازترە لەوانەی پێش خۆی، خۆ ئێستا کوردی ڕۆژهەڵات و تەنانەت باشوریش لەناو لەباشوری کوردستان بەدەستی فەرمانڕەوایانی کورد دەچەوسێنرێنەوە،مەسعود بارزانیش کوردە.