هێشتا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاری نەکردووە، بەڵام کاندید و لایەنە سیاسییەکان "بانگەشەی پێشوەخت"یان دەستپێکردووە.
کاندیدو لایەنە سیاسییەکان لە ڕێگەی سۆشیال میدیاو کۆڕو کۆبوونەوەو گەڕانەوە بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنیان دەست پێکردووە، لەکاتێکدا بەپێی یاساو ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن پێشێلکارییەو سزای بۆ دانراوە.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لیژنەیەکی بۆ تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان دروستکردووە، کاندیدو لایەنی پێشێلکار بە پێی قەبارەی پێشێلکارییەکەی سزا دەدرێت."
هەروەها وتیشی،"هەر کاندیدێک ژمارەی خۆی یان لیستەکەی بڵاو بکاتەوەو بدرێتە کۆمیسیۆن سزا دەدرێت."
بڕیارە ڕۆژی 20 ی مانگی دەی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا کۆمیسیۆن وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی دیاری نەکردووە، لەکاتێکدا لە ئێستاوە کێشمەکێش لە نێوان کاندیدو لایەنەکان دەستیپێکردووە.
سەرۆکی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕێگەی میدیاو کۆڕو کۆبوونەوەوە بانگەشەی پێشوەخت و ناڕاستەوخۆی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە، بەرپرسانی لایەنە دەسەڵاتدارەکانیش لە ڕێگەی خستنەڕووی خزمەتگوزاری و بەکارهێنانی "فەرمانگە حکومییەکان"ەوە بانگەشە دەکەن.
سامان تاهیر، کاندیدی بەرەی گەل، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەمەی ئێستا کاندیدەکان ئەنجامی دەدەن بانگەشەی نافەرمییە، بە تایبەت کاندیدەکان لە ڕێگەی دۆست و کەس و کارەوەو بە ڕەچاوکردنی یاساکانی کۆمیسیۆن خۆیان دەناسێنن، بەڵام کاندیدی لایەنە دەسەڵاتدارەکان تەنانەت لە ناو فەرمانگە حکومییەکانیش ئیش دەکەن."
دەشڵێت،"سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە، زۆربەی کاندیدەکانی دەسەڵات و لایەنەکانی تریش لە ڕێگەی کەسە نزیکەکانیانەوە بانگەشەیان دەستپێکردووە."
بڕیاربوو ڕۆژی 16 ی مانگی نۆی 2024، لایەنەکان بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ بکەن، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی بۆ دوای بیستی ئەم مانگە دواخست.
نێچیر شێخ عەزیز، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەستپێکردنی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن نایاساییە، بەڵام کاندیدەکانی پارتی کەمترین بانگەشەی پێشوەختیان ئەنجامداوە."
سەرجەم لایەن و کاندیدەکان جوڵەی چڕوپڕیان دەستپێکردوەو بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، تەنها هەڵواسینی فلێکس و پۆستەریان بۆ کاتی دەستپێکردنی بانگەشەی فەرمی هێشتووەتەوە.
ئارام محەمەد کەلاری، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەوەی ئێستا لایەن و کاندیدەکان ئەنجامی دەدەن بانگەشەی ساردە، ئامادەکاری دەکەن تا لەکاتی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دا لایەنی مرۆیی و لۆجستیان لەبەردەستدا بێت."
هەرچەندە لایەن و کاندیدەکان لە ئێستاوە بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەکاتی دەستپێکردنی بانگەشەی فەرمیدا ململانێکان توندتر ببنەوە، بەو پێیەی سەرجەم هێزو کاندیدەکان دەیانەوێت لەو وادەیەدا بوون و بەهێزی خۆیان بسەلمێنن.
Your browser doesn’t support HTML5