سوید کۆبوونەوەی ئاسایشی تورکیا دوادەخات

Turkey Sweden NATO

کاربەدەستانی سوید ڕایانگەیاند، فڕۆکەیەک کە وەزیری دەرەوە و وەزیری دادی سویدی تێدابوو، دوای ئەوەی لە کاتی ڕۆشتنی بۆ تورکیا تووشی کێشەیەکی تەکنیکی بوو، گەڕایەوە ستۆکهۆڵم و بەم هۆیەشەوە کۆبوونەوەیەکی سەرەکی ئاسایشی دواخرا.

وەزارەتی دەرەوەی سوید ڕایگەیاند، تیمی فڕۆکەوانی و سەرنشینەکان هیچ مەترسییەکی دەستبەجێیان لەسەر نەبووە و وادەی نوێ بۆ کۆبوونەوەکە دیاری دەکرێت.

بڕیاربوو ماریا ماڵمێر ستێنەرگارد، وەزیری دەرەوەی سوید و گەنەر سترۆمەر، وەزیری دادی سوید، یەکەمین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەنجام بدەن، لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاسایشی کە لەسەری ڕێککەوتبوون لەبەرامبەر ئەوەی ئانکەرە سوید وەک ئەندامی ناتۆ پەسەند بکات.

تورکیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا هەوڵی سویدی بۆ پەیوەست بوون بە هاوپەیمانی سەربازی پەسەند کرد، دوای دواکەوتنی زیاتر لە ساڵێک بەهۆی نیگەرانییەکانی ئانکەرە سەبارەت بە هەڵوێستی سوید بەرامبەر بەو گروپ و کەسانەی کە ئانکەرە بە تیرۆرستیان دەزانێت، هەروەها سەبارەت بە گەمارۆی چەک کە دواتر ستۆکهۆڵم هەڵیگرت.

یەکێک لە مەرجەکانی تورکیا بۆ پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا ئەوە بوو سوید یاساکانی دژە تیرۆری چاک بکات و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان سەرکوت بکات، هەروەها گروپێکی دیکەش کە تورکیا پێی وایە ئەندازیاری کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 بووبێتن.

ڕێککەوتنە ئاسایشییەکە لەلایەن سکرتێری گشتی ئەو کاتەی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و سەرکردەکانی تورکیا و سویدەوە پەسەند کرا لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا لە ساڵی 2023 دا. لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ستۆکهۆڵم " نەخشەڕێگایەک " بخاتەڕوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. سوید لە مانگی سێدا بوو بە ئەندام لە ناتۆدا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز