وتەبێژی دەزگای ئاسایش: لە ماوەی 8 مانگدا 816 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی و دەوروبەری دەستگیرکراون

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا نزیکەی 816 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لەناوچەکانی سلێمانی و دەوروبەری دەستگیرکراون، بەشێک لە دەستگیرکراوەکان بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوون.

عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەو 816 تۆمەتبارەی ماددەی هۆشبەر کە دەستگیرکراون، 435 کەسیان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بوون و ئەوانیتر بازرگان بوون."

ئەو جۆرانەی ماددەی هۆشبەر کە لە هەرێم بڵاوبوونەتەوەو بازرگانییان پێوە دەکرێت، زیاتر ماددەکانی تلیاک، حەشیش، هیرۆیین، کریستاڵ و دەرمانی بێهۆشکەرن، سەرچاوەی هاوردەکردنیشیان وڵاتی ئێرانە.

عەقید سەلام عەبدولخالق دەڵێت، "لە ماوەی مانگەکانی شەش و حەوتی ئەمساڵ، دەستگیرکراوە بەسەر 514 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا و ئەمە دەرخەری چڕ کردنەوەی هەوڵەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر. بەردەوام هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر."

دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر بازرگانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، هەرێم وەکو ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ ناوچەکانی عێراق و تەنانەت ئەوروپاش بەکاردەهێنرێت.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ماددەکان لە دەرەوەی هەرێمەوە دەهێنرێن و بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەبرێن، بەڵام بەهۆی بوونی زانیاری هەواڵگیری پێشوەخت بەشێکی زۆر لە بازرگانەکان دەستگیرکراون."

بە ڕای پسپۆڕانی بواری ماددەی هۆشبەر، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە شاراوەیی و نهێنی ئەنجام دەدرێت، بۆیە سەرباری دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر بازرگان و بەکارهێنەر، ناتوانرێت داتای ورد لە بارەی ژمارەی بازرگانەکان دەست بخرێت.

ڕۆژی 10 ی مانگی نۆی 2024، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرا بەسەر بڕی 78 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا لەجۆری کریستاڵ.بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی هەولێر، دوو بازرگان هەوڵیانداوە ئەو ماددانە لە سنوری سلێمانییەوە بەرەو هەولێر بگوێزنەوە.

موقەدەم ئەردەڵان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ماددەی هۆشبەر لە دەرەوەی هەرێمەوە هاوردە دەکرێت و بە سنوری سلێمانیدا بۆ خوارووی عێراق دەبرێت."

هەروەها وتیشی،"ژمارەیەکی زۆر بازرگانی ماددەی هۆشبەرمان لە ماوەی ئەمساڵدا دەستگیرکردووەو تا ڕادەیەکی باش دۆخەکەمان کۆنترۆڵ کردووە."

Your browser doesn’t support HTML5

Drugs (1).mp3