ئایا هاوتاکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی  ناوەند بەردەوام دەبێت؟

لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم کار بۆ یەکخستنی موچە لەنێوان موچەخۆرانی هەردوو حکومەت دەکرێت و ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت هاوتاکردنی موچەی خانەنەنشیانی هەرێم لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ "بانگەشەی هەڵبژاردن کراوە" و حکومەتی عێراق هێشتا ڕەزامەندی لەسەر دەرنەبڕیووە.

مانگی 7ی ساڵی 2024 موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بە پێی یاسای خانەنشینی یەگرتوو، ژمارە 9ی ساڵی 2014 لە هەرێمی کوردستان دابەشکرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێنماییەو، نەزانرا پێوەرەکانی زیادکردنی موچەی خانەنشینان لە پێش ساڵی 2014 و دوای ساڵی 2014 چۆنن و جیاوازی لەنێوان موچەی خانەنشیان دروستکرد.

بە گوێرەی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 250 هەزار خانەنشین هەن، کە 160 هەزار خانەنشینی مەدەنین و 90 هەزار خانەنشینی سەربازین.

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو گۆڕانکاریانەی لە موچەی خانەنشینی مەدەنی لەهەرێمی کوردستان کراوە، دەستپێشخەری حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە.

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تازە لیژنەیەک لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، دروست بووە بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی، ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی خۆی مەدەنیەکانی هاوتاکردووە کە زۆر وورد نیە و بۆ بانگەشەی هەڵبژادنە."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، " گرفتی هاوتاکردنەکە لە خانەنشینی سەربازیدایە، کە عێراق داویکردوە، یەکەم چۆنیەتی هاوتاکردن و دووەم، چونیەتی جێ بەجێ کردنی یاساکە ڕوون بکرێتەوە بەتایبەت ئەوانەی کە پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوون، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە دەستکاری موچەی خانەنشینی سەربازی بکات ، چونکە پێدەچێت بەشێکیان موچەکانیان کەم بکات و ترسی لەو ئاڵوگۆرە هەبووە."

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی 22ی یازدەی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد،بە گوێرەی یاساکە، ئەو موچە خۆرانەی کە پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوون، موچەکانیان لە 200 هەزارەوە تا 499 هەزار دینارە دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیان بۆ زیاد دەکرێت و کۆی گشتی موچەکەیان دەگاتە 600 هەزار دینار.

بۆ جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینی یەگرتوو و بڕگە و مادەکانی، ئەمڕۆ چوار شەمە 18-9-2024 هەریەک لە بەڕێوەبەرانى گشتى خانەنشینى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم لە بەغدا کۆبوونەوە .

ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی 9 کەسی لە یەکی مانگی 7ی 2024 داوە، کە 6 ئەندامیان لە حکومەتی ناوەندن و 3 ئەندامیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانن بەڵام هێشتا دیاری نەکراون، بۆ یەکلاکردنەوەی گرفتەکان بە تایبەت پرسی خانەنشینی سەربازیە بە پێی یاسای خانەنشینی سەربازی عێراق .

ڕۆژی 17ی مانگی 9 ی 2024، پەرلەمانی عێراق خوێنەوەی بۆ یاسای شەهیدانی دامەزراوەی عێراق کردوو و بڕیاری دار موچەی شەهیدانی دەستی داعش لە هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم هاوتابکرێت.

چرۆ حەمە شەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدولنێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " دوێنی خوێنەوەی کۆتایی بۆ یاسای شەهیدانی دامەزراوەی عێراق کراو لە یاساکەدا، هەموو ئەو کەسانەی لە هێزە ئەمنیەکان لە هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش شەهید بوون، موچەکانیان هاوتادەکرێت."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، موچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە هەمواری یاسای زیندانیانی سیاسی عێراق بەهاوتاکراوی جێگیردەکرێت و فراکسیۆنە کوردیەکان، بەهۆی تێبینیمان لە سەر پڕۆژە یاساکە ڕامانگرتووە و داوامان کردووە لیژنەیەک سەردانی هەرێمی کوردستان و مۆنۆمێنتەکانی گەرمیان و هەڵەبجە بکەن بۆ ئەو زوڵم و ستەمەی کە حیزبی بەعس لە زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستانی کردووە."

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم دروست بووە و کار لەسەر ڕێکخستنی یاساکان دەکەن لەنێوان هەردوو لادا .

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لیژنەی هاوبەشمان هەیە لە نێوان هەردوولادا، لیژنەی یەکخستنی ڕێکارەکانی پێ دەڵین. زۆر لە بابەتی خانەنشینەکان بە تایبەیت پێشمەرگە و لە ئاستی هەموو فەرمانبەران و گشتیش دەمانەوێت یەکیبخەین، چونکە یاساکان جیاوازن لە نیوان هەرێم و بەغدا. دەبێت هەمووی یەکبخرێت. لیژنەکە ئیشی یەکخستنە بە تایبەت لە بوارە سەربازیەکان هەتا بتوانن هەمووی یەکبخەن."

دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی کرد بە ووتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

بە گوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی کە لە هەرێمی کوردستان 63 ساڵە دەبێتە 60 ساڵ، لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا 12 مووچەی بەسەر یەکەوە پێدەدرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی