ماوەی پێنج ڕۆژە بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی عێراقەوە نزیكەی 2 هەزار و 500 عومرەكار لە عەرەبستانی سعودیە ماونەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و بەو هۆكارەش توشی زیانی دارایی بوونەتەوە .
هێڵی ئاسمانی عێراق بە هۆكاری ڕێكخستنەوە گەشتەكان و گۆڕانكاریەكان لە ئاستی خزمەتگوزاریەكان لە هێڵەكەیان، لە 14ی مانگی 9ی 2024، گەشتەكانی لە سعودیەوە بۆ هەرێم و عێراق ڕاگرتووە، ئەوەش كۆمپانیاكانی حەج و عومرە و عومرەكانی لە وڵاتی سعودیە هێشتووەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و دەبێت ڕۆژانە خۆیان پارەی خواردن و مانەوە بدەن.
105 كۆمپانیا لەهەرێمی كوردستان گەشتنی عومرە بۆ هاووڵاتیان ئەنجام دەدەن و لەگەڵ ئەنجامدانی گەشتەكان، پارەی چوون و هاتنەوە، پێشوەختە دەدەنە هێڵی ئاسمانی عێراق.
رێبوار ئازاد بەرێوبەری كارگێری كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " 2 هەزار و 500 عومرەكارمان بردووەتە وڵاتی سعودیە و گرێبەستمان لەگەڵ هێڵی ئاسمانی عێراقی هەیە، پارەی چوون و هاتنەوەشمان داوە، بەڵام ئێستا هێڵی ئاسمانی عێراق گەشتەكانی ڕاگرتووە، لەكاتێكدا ماوەی مانەوەی عومرەكارەكان تەواو بووە و تەواوی عومرەكاران و كۆمپانیاكان توشی زیانی دارایی بوون."
ڕێبوار ئازاد وتیشی، " ئاگادار كراوینەتەوە كە لە سبەینێوە گەشتەكانی عومرە ئاسایی دەبنەوە و هێڵی ئاسمانی عێراقی گەشتەكانی دەست پێدەكاتەوە".
هێڵی ئاسمانیی عێراق خاوەنی 39 فڕۆکەیە، لەو ڕێژەیە 27 فڕۆكەیان گەشتیان پێدەكرێت، جگە لە عومرەكارانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 5 هەزار عومەرەكاریش لە پارێزگاكانی عێراقەوە چوونەتە سعودیە و ناتوانن بە فڕۆكە بگەڕێنەوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان دەڵێن، بەشێك لە عومرەكارەكان كە ژمارەیان 300 كەسە بە پاس گەڕاونەتەوە و ئێستا سنورەكانی سعودیەیان جێ هێشتووە.
شێخ نیاز نەقشبەندی بەڕێوبەری گشتی حەج و عومەرەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " تا ئێستا گرفتی گەڕانەوەی عومرەكارەكان چارەسەر نەبووە،بەڵام دەبێت هێڵی ئاسمانی عێراقی بچێتە ژێرباری ئەو زیانانەی كە بەر عومرەكان كەوتوون."
بەڕێوبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان وتیشی،" پێویستە كۆمپانیا و عومرەكارەكان سكاڵاتۆمار بكەن، ئێمە سێ پێشنیارمان خستووەتە بەردەم عومرەكارەكان كە بە پاس بگەڕێنەوە یان بمێنەوە لەوێ تا كێشەكە چارەسەر دەبێت یان بە ترانزێت خۆیان بگەڕێنەوە، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی دابینكردنی 7 پاسەوە دەستمان بەگەڕانەوەیان كردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێكی هێلی ئاسمانی عێراقی كە 18-9-2024 بڵاوی كردوەتەوە، ماوەی سێ ڕۆژە وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی،سەرقاڵی كۆبوونەوەن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریەكانی هێڵی ئاسمانی عێراق و چارەسەر كردنی گرفتەكانی بەردەم كۆمپانیاكانی گواستنەوە.
Your browser doesn’t support HTML5