خەنجەر، هاوپەیمانێتی حەلبوسی و بارزانی دەکاتە ڕکابەریی

لێدوانەکانی موحەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم لەسەر دابین کردنی چەکی قورس بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان مشتومڕیکی تری توندی سیاسی هێناوەتە ئاراوە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش.

موحەمەد وانی، نوسەر و توێژەری سیاسی، وەک ئاماژەی پێدەکات "پاشخانی لێدوانەکانی حەلبوسی، ئەو خواستەیەتی وەک خۆی دەڵێت نەوەکو هێزی پێشمەرگە ئەو چەکانە لە بەرامبەر عەرەبی سوننە بەکاربهێنێت لە ناوچەکانی موسڵ و کەرکوک، بەمەش دەیەوێت ڕای عەرەبە سوننەکانی موسڵ و کەرکوک بۆ خۆی ڕابکێشێت دژی خەمیس خەنجەر، سەرۆکی لایەنی عەزم کە لە ململانێدایە لەگەڵ حەلبوسیدا، لە هەمان کاتیشدا دەیەوێت دڵی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێرانیش بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، بەو ئامانجەی بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان."

عەلی ئەلصاحب، سەرۆکی نێوەندی هەرێمیی بۆ توێژینەوە، وەک دەڵێت "ململانێکانی نێوان خەمیس خەنجەر و موحەمەد حەلبوسی، بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی هەبووە لەسەر کەتواری هاوپەیمانێتییەکان لەگەڵ پێکهاتەکانی تردا جا ئایا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بێت یانیش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا وەک لایەنێکی کوردیی.
هەربۆیە هەڵوێستەکەی حەلبوسی دەچێتە خانەی ئەوەی وەک دەگوترێت دۆستی دوژمنەکەم، دوژمنمە."

موحەمەد حەلبوسی، کە پێشتر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووە و بە بڕیاری دادگای باڵای وڵاتەکە لە کارەکەی دورخرایەوە، لە لێدوانەکانیدا ئاگاهی دەدات لە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی ئەو چەکە قورسانە لە ئایندەدا و دەشڵێت "دەبێتە مایەی لێدان لە ئاسایشی نیشتمانی کۆمەڵایەتی بە گشتی و بەتایبەتیش لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکوک، ئەگەر ئەو جۆرە چەکە قورسانە لە ململانێ نەژادی و لایەنە سیاسییەکاندا بەکاربهێنرێت." و جەختیش دەکاتەوە لەوەی ئەو جۆرە تۆپانەی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعش داونی بە هێزی پێشمەرگە، دەبێت تەنها لای لەشکری عێراق بێت، نەک هێزە خۆجێیەکانی تر.

گەورە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئێستادا بە ئەلحەلبوسی دەڵێن "سۆزی بۆ دیکتاتۆریەت جوڵاوە."

پێشتر تەقەدوم و پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمان بوون لەگەڵ لایەنی سەدرییەکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق. ئەوکاتە هەندێک لە شیکەرەوە ئەو هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵییەیان بە "کورتبینی" سیاسی ناودێر دەکرد.

عەلی ئەلصاحب، لەسەر هاوپەیمانێتییەکان لە وڵاتەکەیدا دەڵێت " لە بواری سیاسی عێراقدا هەرگیز هاوپەیمانێتییەکی بەردەوام و دۆستێکی بەردەوامیش نییە، زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم هەڵوێستی هەندێک سیاسی و هەندێک لایەنیش، هەڵوێستێکی پراگماتیکانەن و دورن لە بەرژەوەندیە نیشتمانی و گشتییەکانیش."

خەمیس خەنجەر

موحەمەد وانی، نوسەر و توێژەری سیاسی دەڵێت "ئەوەی پارتی و تەقەدومی کردە هاوپەیمان، بەرژەوەندی سیاسی بوو و هەریەکەیشیان بە ناچاریی لە دژی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەو هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵییەیان پێکهێنا، دەشتوانین لە بری کورتبینیی سیاسی، دەستەواژەی ناچاریی سیاسی بەکاربهێنین بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە، لە کاتێکدا هیچ خاڵێکی هاوبەش، تەقەدوم و پارتی و سەدرییەکانی کۆنەکردبووەوە، تەنها ناچاریی نەبێت، بەڵگەش کشانەوەکەی سەدرە لە پرۆسەی سیاسی بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ تەقەدوم و پارتیدا."

بەڕێز وانی، لەوبڕوایەدایە سیاسەت بە گشتی و لە عێراقیش بەتایبەتی لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییەکان و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا دادەڕێژرێت، نەک لەسەر بنچینەی بیروباوەڕ و پرەنسیپ، و دەڵێت "حەلبوسی، لەو سۆنگەیەوە سەیری پەیوەندییەکانی خۆی دەکات لەگەڵ کورد و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا بەتایبەتی، هەربۆیە ئەگەر هەرچ شتێک لە بەرژەوەندی خۆی بێت، ئەوە دەکات و دژی لایەنەکانی بەرامبەری دەوەستێتەوە."

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، پێشتر هیچ باسێکی لەوە نەکردووە کە بۆچی چەکی قورسی جۆراوجۆر بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی دابین دەکرێت لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بە هەمان ئەندازەی هێزە ئاسایشییەکانی تری عێراق، بەشداریی هەبووە لە شەڕی دژی تێرۆریستانی داعشدا.

بەڕێز ئەلصاحب دەڵێت "حەلبوسی بە درێژایی ئەو ماوەیەی سەرۆکی پەرلەمان بووە، هەوڵێکی زۆری دەدا تا بەریەککەوتنی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبیدا نەبێت کە لەژێر فەرمانڕەوایەتی سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی عێراقدان، بەڵام ئەمە ڕێگر نابێت لەوەی قایل نەبێت لە هەندێک لەو هەنگاو و ئایدیۆلۆژیایانەی حەشدی شەعبی بەکاریدەهێنن بۆ سەروسەوداکردن لەگەڵ جومگەکانی دەوڵەتدا."

سەرۆکی نێوەندی هەرێمیی بۆ توێژینەوە، دەڵێت " بە هەموو دڵنیاییەکەوە، ئەم جۆرە لێدوانانە کاریگەری دەبێت بەسەر پەیوەندییەکان و هەروەهاش هاوپەیمانێتییەکەی تەقەدوم و پارتییەوە و لەوانەیشە پشێوییەکیش دروست بکات لە ژینگەکەی نێوانیشیاندا، بەتایبەتیش کە بابەتی پڕچەک کردنی هێزی پێشمەرگە بۆتە بابەتێکی گەرموگوڕی قسە لەسەرکردن لە زۆر ڕوانگەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەش بەشێکن لە وڵاتی عێراق و پارێزراویی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردیش لە ئەستۆی حکومەتی نێوەندییە بە هەمان ئەو ئەندازەیەی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە."

وەک موحەمەد وانی باسی دەکات، پێدانی ئەو چەکە قورسانە بە هێزی پێشمەرگە، بە ئاگاداری و بە ڕەزامەندی موحەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرەک وەزیری عێراق بووە، بەڵام دەشڵێت "سودانی هەمان شێوازی حەلبوسی بەکاردەهێنێت، سودانی، ململانێی هەیە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا و ململانێیەکی توند لە نێوانیاندایە و چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت سودانی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا نەکات و سودانییش دەیەوێت دڵی پارتی خۆشبکات کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی لەژێردەستدایە و هەروەها دەشیەوێت دڵی ئەمەریکا لە خۆی نزیک بکاتەوە."

هەرچۆنێک بێت، ڕەوشی سیاسی و ئاسایشی عێراق لێوانلێوە لە گرفت و قەیران و زۆرێکیش لە چاودێر لەوبڕوایەدان پێویستە ڕێبەرانی وڵاتەکەیان دەستبەرداری ئەو جۆرە شێوازەی چارەسەرکردنی کێشەکان بن لە ڕێی وەک دەڵێن "دروستکردنی قەیرانی نوێ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆن."

بەڕێز ئەلصاحب دەڵێت "کەتوارە سیاسییەکەی عێراق ئاڵۆزە، بێ متمانەیی نێوان پێکهاتەکان هەیە و زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکانیشدا نییە، هەربۆیە لە ئێستادا عێراق پێویستی بە هەنگاوی ئەرێنی و ڕاستەقینە هەیە لەپێناو یەک بڕیاریی نێوان هەموو لایەنەکان و ئاینەکان و پێکهاتەکانیش."