سەرچاوەیەک: جوڵەی داعش لە کەرکوک پەیامە

دوای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک و دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی پارێزگاکە کە کوردە، جوڵەی چەکدارەکانی داعش لە ناوچەکانی کەرکوک ڕووی لە زیادبوون کردووە.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، نۆ چەکداری داعش لە ناو شاری کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری ئەو پارێزگایە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کوژراون و چەکدارێکی تریش بە برینداری دەستگیرکراوە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەڕانەوەی کورد بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی و ئیدارەو بەڕێوەبردنی کەرکوک، هەندێک کەس و لایەنی توندڕەوی نیگەران کردووە، بۆیە جوڵەکانی داعش پەیامن بەوەی دەتوانن سەقامگیری تێکبدەن."

هەروەها وتیشی، "دوای دەست بەکاربوونی پارێزگاری نوێی کەرکوک، بە ئاشکرا هەست بە نیگەرانی هەندێک لایەن دەکەین، بۆیە جوڵەکانی داعش بێ هۆ نین."

دوێنێ پێنجشەممە، 19 ی مانگی نۆی 2024، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق کوژرانی شەش چەکداری داعشی لە سنوری کەرکوک ڕاگەیاند، یەکێک لەو چەکدارانە سەرکردەی ڕێکخراوەکە بووەو لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی عێراقەوە کرابوونە ئامانج.

هەروەها شەوی 16 ی مانگی نۆی 2024، لە بۆسەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەقامی بازنەیی کەرکوک دوو چەکداری تری داعش کوژران، کە ماتۆڕسکیلیان پێبووەو ڕووبەڕووی هێزە عێراقییەکان بوونەتەوە.

لە ڕۆژی 11 ی مانگی نۆی 2024، لەناو گوندی سێکانیانی دەوروبەری شاری کەرکوک ڕووبەڕوو بوونەوە لە نێوان دوو چەکدارو هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕوویدا، یەکێک لە چەکدارەکان کوژراو ئەویتریان بە بریندارکراوی دەستگیرکرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی نێوان چەند لایەنێکی سونی کەرکوک و هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر کە کۆبوونەوەکە لە بەغدا بەڕێوەچووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەندێک بەرپرسی سونە هۆکاری جوڵەی داعشیان بۆ کۆنترۆڵ نەکردنی دۆخەکە لەلایەن کوردەوە گێڕاوەتەوە، بەڵام عامری وەڵامی داونەتەوە."

سەرچاوە ئاگادارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت وتی،"هادی عامری وتوویەتی جوڵەی داعش حاڵەتێکی ئاساییەو لەهەموو کات و سەردەمێکدا هەر هەبووە."

شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی، بە ئامادەبوونی نۆ ئەندامی ئەنجومەن لە کۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنەکە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.

ڕۆژی 14 ی هەشتی 2024، ڕێبوار تەها کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو پارێزگاری نوێی کەرکوک دەست بەکاربوو، دواتریش جێگری پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا لە پێکهاتەی عەرەبی سونە بەفەرمی پۆستەکانیان وەرگرت.

هەریەک لە کوتلەی پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی کە خاوەنی حەوت کورسی ئەنجومەنی پارێزگان لە کۆی 16 کورسی، بەشداری پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان نەکردووەو دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاشیان بایکۆت کردووە.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"داعش جوڵەی دەستپێکردووەو شانە نوستووەکانی جوڵاندووە، بەڵام مەسەلەکە پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەکانی ناو کەرکوکەوە نییەو دوو بابەتی جیاوازن."

ئەو وتیشی،"داعش لەلایەن حکومەتی عێراق و دەزگای هەواڵگیرییەوە زیاتر لە جاران چاودێری دەکرێت، بۆیە بە ئامانج کردنی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لە دەوروبەری کەرکوک زیاترە لە جاران."

بەڕای چاودێرانی سیاسی، داعش هەمیشە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان دەقۆزێتەوەو وەکو دەرفەت بۆ ئەنجامدانی هێرش و نانەوەی پشێوی بەکاری دەهێنێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر-2