زیاتر لە 50 ساڵ بەر لە دۆزینەوەی تیۆری گێژاوی هەوایی لە لایەن زانایەکی بیرکارییەوە، شێوەکاری هۆڵەندی ڤینسێنت ڤان گۆخ توانیویەتی زۆر بەوردی و زانستی وێنەی ئەم گێژاوە هەواییە بکێشێت لە تابلۆی بەناوبانگی "شەوە ئەستێرەییەکە،" ئەمە بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانایان لە وڵاتی فەڕەنسا و چین.
"شەوە ئەستێرەییەکە" یەکێکە لە بەناوبانگترین تابلۆ زەیتییەکانی شێوەکار ڤینسێنت ڤان گۆخ کە دیمەنی ئاسمان و ئەستێرەکان بەر لە خۆرهەڵاتن پیشاندەدات. ڤان گۆخ تابلۆکەی لە ساڵی 1889 لە ژوری یەکێک لە نەخۆشخانە دەروونییەکانی فەرەنسا کێشاوە، دوای ئەوەی بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی دەروونییەوە بەشێکی لە گوێچکەی چەپی خۆی بڕی بوو و هانای بردبوو بۆ نەخۆشخانەکە.
نیگاری شەوە ئەستێرەییەکە دیمەنی شەپۆل و تەوژمەکانی هەوا لە ئاسماندا پیشاندەدات، بەشێوەیەک کە زانایان دەڵێن زۆر بە وردی هاوتەریبە لەگەڵ تیۆری تەوژمی هەوایی.
بیردۆزی تەوژمە هەواییەکان لە ساڵانی 1940 لەلایەن ئاندرێ کۆلمۆگۆرۆڤ کە بیرکارێکی یەکێتی سۆڤیەت بوو دۆزرایەوە. بیردۆزەکە باس لە چۆنیەتی جوڵانی وزە دەکات لە نێوان ئاو و هەوادا، وە ئەو یاسا بیرکارییانەی پەیوەستن بە تەوژمی ناڕێک و گێژاوە گەورە و بچوکەکان لە ئاو و هەوا و هەورەکان و تەنانەت سوڕی خوێنیشدا.
کۆمەڵێک زانایانی فیزیایی چین و فەڕەنسا هەستاون بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو 14 تەوژم و سوڕانەی هەوا کە لە تابلۆکەی ڤان گۆخ دەردەکەون بۆ ئەوەی بزانن ئایا لەگەڵ یاسا بیرکارییەکاندا هاوتەریبن. دەڵێن لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو نیگارکێشە تێگەیشتنێکی "قوڵی" بۆ پێکهاتەی بیرکاری ئەو تەوژمانە هەبووە.
یۆنگژیانگ هوانگ، بەڕێوبەری لێکۆڵینەوەکە بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، "بیهێنە بەرچاوت کە تۆ لەسەر پردێک وەستاویت و سەیری لێشاوی بە خوڕی ڕووبارێک دەکەیت. لەسەر ڕووی ئاوەکە کۆمەڵێک سووڕانەوە و تەوژم دەبینیت، کە ئەمانە هەڕەمەکی نین بەڵکو بە شێوەی تایبەت خۆیان ڕێکخستووە کە دەتوانرێت بە یاسا فیزیاییەکان پێشبینی بکرێن."
یۆنگژیانگ هوانگ دەڵێت تەوژمە گەورەکان لە تابلۆی شەوە ئەستێرەییەکە بە شێوەیەکی بیرکاریانە کێشراون و ڤان گۆخ توانیویەتی تەنانەت وێنای چونیەتی تێکەڵاوبوونی ئەو تەوژمانە و جۆڵانی تەوژمە بچوکەکانیش بکات. پێیوایە ئەمە بەو مانایە نایەت ڤان گۆخ ئاگاداری هاوکێشە بیرکارییەکان بووە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێکی زۆری تەرخانکردووە بۆ تێڕامان لەو جوڵانە لە سروشتدا.
دەشڵێت، "پێموایە ئەو پەیوەندییە فیزیاییە لە مێشکی ڤان گۆخ چەسپابوو بە ڕادەیەک کە لەو کاتەی نیگاری بەناوبانگی شەوە ئەستێرەییەکەی کیشا، توانی شەپۆلەکان بە وردی وێنا بکاتەوە."
تابلۆی شەوە ئەستێرەییەکە ئێستا لە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن لە شاری نیویۆرک نمایشدەکرێت و پێشبینی دەکرێت بەهاکەی بەلایەنی کەمەوە بگات بە 100 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.
فیزیاناسانی چین و فەڕەنسا سەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان سێشەممەی ڕابردوو بڵاوکردەوە.