سەرۆک شارەوانییەکی موسوڵمانی دیموکرات پشتگیری بۆ ترامپ دەردەبڕێت

ئەمیر غالب، سەرۆکی شارەوانی هێمترامیک مشیگەن

ئەمیر غالب سەرۆکی شارەوانی هێمترامیکی زۆرینە موسوڵمان لە ویلایەتی مشیگەن پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕاگەیاند.

ئەو سەرۆک شارەوانییە موسوڵمانە لە ڕاگەیاندنێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەڵێت سەرباری ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی پێشوو ترامپ ڕوانینی جیاوازیان هەیە " بەڵام باوەڕم وایە کە ئەو بژاردە ڕاستەکەیە بۆ ئەم ساتە هەستیارە."

غالب کە خۆی کەسێکی دیموکراتە ڕایشیگەیاندووە " پەشیمان نابمەوە لە بڕیارەکەم ئیتر دەرەنجامەکەی هەرچییەک بێت. لەبەر ئەمە و چەندین هۆکاری دیکە، پشتگیری و پشتیوانی خۆم بۆ سەرۆکی پێشوو و سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕادەگەیەنم. ئێستا ڕێگە بدەن کاروانەکە گەشتەکەی دەستپێبکات. ئەمە تەنها خاڵی دەستپێکردنە."

ڕاگەیاندنەکەی غالب دوای کۆبونەوەکەیکی هەفتەی ڕابردووی بوو لەگەل دانۆڵد ترامپ و پاش کۆبونەوەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاند " کۆبونەوەیەکی بەبەرهەم بووە" هەروەها ڕایشیگەیاند ترامپ داوای لێکردووە پشتیوانی بکات.

سەرۆکی پێشوو ترامپیش هەر داوای پشتگیرییەکە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی.

ویلایەتی مشیگەن کە ڕێژەیەکی زۆری ئەمەریکاییە بە ڕەچەڵەک عەرەبەکانی لێیە، خاوەنی 15 دەنگی نوێنەرە و لە ساڵی 1992 بۆ شەش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەسەر یەک دەنگی بە دیموکرات دابوو، بەڵام لە ساڵی 2016 دەنگەکە گۆڕا بۆ کۆمارییەکان و ترامپی هەڵبژاراد.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 دا ویلایەتی مشیگەن دەنگی بە دیموکرات دایەوە و بایدنی لە دژی ترامپ هەڵبژارد. ئێستاش ئەم ویلایەتە بە یەکێک لە ویلایەتە گرنگەکان بۆ یەکلاکردنەوەی دەنگەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 لە نێوان کامڵا هێرسی دیموکرات و دانۆڵد ترامپی کۆماری دادەنرێت.

بە پێی دواینڕاوەرگرتنی گشتی لە ویلایەتەکەدا، کامڵا هێرس بە ئاستەم لە پێشە.

موسوڵمانە ئەمەریکاییەکان کە بە شێوەیەکی گشتی بە دەنگدەری دیموکراتەکان دادەنرێن، هەندێکیان بێهیواییان نیشان داوە لە بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتی بایدن بەهۆی پشتیوانی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، ئەمەش لە کاتێکدا نیگەرانیشیان هەیە لەمەڕ سیاسەتەکانی ڕابردووی ترامپ سەربارەت بە موسوڵمان لە ناویاندا قەدەغەکردنی ڤیزای گەشتیاری بە چەندین وڵاتی ئیسلامی.

ڕاپرسییەکی کۆتایی مانگی هەشت کە لەلایەن گروپی داکۆکیکاری ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسلامییەوە ئەنجامدرا، دەریخست کە لە ویلایەتی مشیگەن 40%ی دەنگدەرانی موسڵمان پشتگیریان لە جیل ستەینی پارتی سەوز کردووە. دانۆڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان 18%ی بەدەستهێناوە، کامڵا هێرسی دیموکراتیش کە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنە بە ڕێژەی 12% بەدەستهێناوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی ڕاپرسییەکە لە جۆرجیا و لە پێنسلڤانیا لە نێو دەنگدەرانی موسوڵماندا هێرس لە پێش بووە و لە نێڤاداش بە ئاستەم ترامپ لە پێش بووە.

لەم ڕاپرسییەدا نزیکەی 1155 دەنگدەری موسوڵمان بەشدارییان کردووە.

بە پێی سەرژمێری ساڵی 2020ی ئەمەریکا نزیکەی 3ملیۆن و نیو ئەمەریکایی بە ڕەچەڵک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمەریکا هەیە، هەرچەندە ڕێژەیان نزیکەی لەسەدا 1ی ئەمەریکا دەکات بەڵام لە هەندێک ناوچە گرنگەییەکی زۆریان هەیە بۆ دەنگدان.

ڕۆژی سێشەممە کامڵا هێرس خواستی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە و گەڕانەوەی بارمتەکان کە لە ژێر دەستی حەماسدان دەربڕی. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل نابێت ناوچەی فەلەستینیەکان داگیربکات و پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی کردووە.

لە دواین دبەیتی سەرۆکایەتیشدا لە 11ی مانگی 9 بەڕێوەچوو هێرس ڕایگەیاند ئەمەریکا بەرگری لە ئیسرائیل دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان دەکات. هێرس وتی، "شەڕەکە دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بێت و شێوازی کۆتایی هاتنی ئەوەیە کە پێویستمان بە ڕێککەوتنی ئاگربەست هەیە و پێویستمان بە ڕزگارکردنی بارمتەکان هەیە."

ترامپ بەبێ بەڵگە بانگەشەی ئەوەی کرد "ئیسرائیل نامێنێت" ئەگەر هێرس ببێت بە سەرۆک. هەروەها بانگەشەکەی خۆی دووپاتکردەوە کە ئەگەر سەرۆک بووایە ئەو کۆمەڵکوژییەکەی حەماس لە 7ی دەی ساڵی ڕابردوودا لە باشووری ئیسرائیل کردی هەرگیز ڕووی نەدەدا.

شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە پاش ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی مانگی 10 حەماس هێرشێکی بێپێشینەی کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 ئیسڕائیلیش بە بارمتە گیران.

بەهۆی جەنگەکەی ناو غەززەوە بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینی دەڵێن زیاتر لە 40,000 فەلەستینی کوژراون و سەدان هەزاران فەلەستینیش چەندین جار ئاوارەبوون.

هەندێک لە زانیارییەکان، لە ئاژانسی ڕؤیتەرز وەرگیراوە.